ئەڤین پاشۆ: هەڵوێستی قبوڵنەکردن و دانپێدانان بە فرەچەشنی سووریای خستۆتە ناو قەیرانەوە

ئەڤین پاشۆ، بەڕێوەبەری کۆلێژی چاندو هونەری ژنان، ڕایگەیاند، کە بوونی ژنان لە بواری پەروەردەدا مەترسییە، نیشانەی ئەو هەڵوێستە ڕۆڵی ژنان کەم دەکاتەوە، هەروەها هەڵوێستی قبوڵنەکردن، سووریای خستۆتە ناو قەیرانەوە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە – کۆبوونەوەی پەرلەمانی کاتی سووریا، ١٥ی ئەیلوول بارودۆخی بواری پەروەردە و کێشەکانی لەگەڵ محەمەد ڕەحمان تورکو، وەزیری پەروەردە، گفتوگۆ کرد، لەم دیدارەدا، محەمەد ئیبراهیم عز زەعبی، پەرلەمانتاری سووریا سەرنجی بۆ ڕێژەی مامۆستایانی ژن و پیاو ڕاکێشا و ڕەخنەی لە زیادبوونی ژمارەی مامۆستایانی ژن لە قوتابخانەکاندا گرت، هەروەه بوونی ژمارەیەکی زۆری ژنان لە بواری پەروەردەدا کاریگەری لەسەر کەسایەتی خوێندکاران دەبێت و هێزی قوتابخانەکە کەمدەکاتەوە.

 

ئەم بۆچوونە کە بوونی ژنان لە بواری پەروەردەدا وەک کێشەیەک نیشان دەدات، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، بێگومان ئەم تێڕوانینە لەسەر بنەمای دژایەتی ژنانە نەک تەنها لە بواری پەروەردەدا، ڕوونە کە ئەم بیرکردنەوەیەی حکومەتی کاتی هەوڵ دەدات سووریا بەرەو ئەفغانستان ببات، هەر هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە بواری پەروەردە یان لە سیاسەت، بەڕێوبردن، ژیانی کۆمەڵایەتی وەک "پاشکەوتن" و "دزینی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان" سەیر دەکرێت، جگەلەوەش کاردانەوە توندەکانی ئەم بۆچوونە ئەوە دەردەخەن کە کۆمەڵگە و هێزە دیموکراتیەکان نایانەوێت سیستەمێکی لەو شێوەیە بەسەریاندا بسەپێندرێت.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ئەڤین پاشۆ، بەڕێوەبەری کۆلێژی چاندو هونەری ژنان، کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر بە هەڵسەنگاندنی زیادبوونی مەترسیداری ژنان لە بواری پەروەردەدا و قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان، بەتایبەت ڕۆڵی دایکان، لە پەروەردەکردنی منداڵان و پێکهێنانی کەسایەتییەکانیان.

 

”زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە وەربگیرێت”

ئەڤین پاشۆ ڕایگەیاند، کە گەلی سووریا سەرەڕای جیاوازییە نەتەوەیی و کولتووری و ئایینییەکانیان، لە سەرەتای شۆڕشدا ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ئازادییان کرد و وتی: دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و کۆمەڵکوژی و بۆردومانکردن و ئاوارەیی، ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن گەلی سووریاوە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێکرا.

 

ئەڤین پاشۆ سەرنجی بۆ ئەزموونی خوێندن بە زمانی کوردی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا و وتی: خوێندن لە قوتابخانەکانەوە دەستی پێکرد و ساڵ بە ساڵ دەگاتە ئاستی زانکۆکان، نزیکەی ١٤ ساڵ خوێندن بە زمانی کوردی دابین دەکرا و بە ماندووبوون و هەوڵی کارمەندانی شارەزا کەرەستەی پەروەردەیی ئامادەکرابوو.

 

ئەڤین پاشۆ دژایەتی بڕیاری دانپێدانانی زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردەی کرد و وتی: پێویستە زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە وەربگیرێت، خوێندن بە زمانی دایک مافێکی ڕەوایە، ئەم مافە لە چوارچێوەی مافی مرۆڤیشدا دانپێدانراوە، منداڵان بە زمانی دایکی پەروەردە بکرێن بۆ ئەوەی خۆیان بە دابڕان لە نیشتمانەکەیان نەبینن و وەک هاوڵاتی ئەم وڵاتە بژین، پەروەردەی فرە زمانی دەتوانێت ئەنجامێکی دەوڵەمەند دروست بکات، هەروەها زمانی دایک وەک بنەمایەک لە پەروەردەدا وەربگیرێت.

 

”کەسێک خۆی بە بەهێز دەزانێت لەبیری دەکات کە لەلایەن دایکیەوە پەروەردە کراوە”

ئەڤین پاشۆ سەرنجی بۆ گفتوگۆکانی پەرلەمانی کاتی ڕاکێشا و ڕایگەیاند، کە لە هەندێک ڕوانگەدا زیادبوونی کادری ژن لە بواری پەروەردەدا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاستی پەروەردە سەیر کراوە، ئەم تێڕوانینە لە تێڕوانینێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە ژن وەک مرۆڤێکی لاواز دەبینێت و وتی: ئەو کەسەی خۆی بە بەهێز دەبینێت و ژن بە لاواز دەبینێت، لە ڕاستیدا خۆیان مرۆڤێکی زۆر لاوازن، چونکە لە ڕووی هۆشیاری و بیرکردنەوە و زانست و زانیارییەوە لاواز و نابینان،

یەکەم قوتابخانە لە خێزانەوە دەست پێدەکات و ئەوەی ئەو قوتابخانەیە بەڕێوە دەبات و یەکەم کادری پەروەردەییە دایکە، ئەوانەی خۆیان بە بەهێز دەبینن و ژن بە لاواز دەبینن، پێویستە ڕۆڵی دایک لە بونیادنانی کەسایەتی و پەروەردەی منداڵدا ببینن، بە بڕوای ئەو، ئەم بۆچوونە کە ژنان لە بواری پەروەردە دوور دەخاتەوە، ڕوانگەیەکی دواکەوتووە و دژی بوونی ژنە.

 

”هێزی ژنان هاوسەنگی لە نێوان کەسایەتی منداڵاندا دروست دەکات”

ئەڤین پاشۆ بوونی ژنانی لە بواری پەروەردەدا بە هێزێکی ئەرێنی زانی و وتی: منداڵان دەتوانن سوود لە ئەزموونی ژنان وەربگرن، هێزی سۆزداری و هێزی شیکاری ژنان پێکەوە دەتوانن هاوسەنگی لە کەسایەتی منداڵدا دروست بکەن.

 

ئەڤین پاشۆ لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لە گرنگی قبوڵکردنی ژنان و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە کردەوە و وتی: ئەقڵیەتی قبوڵنەکردن بووە هۆی ئەوەی سووریا بگاتە قەیران، ئەوەی سووریای کردە قەیران، ئەقڵیەتی قبوڵنەکردن و دانپێدانان بە فرەچەشنی بوو، ئەقڵیەتێک کە ژن قبوڵ ناکات، ناتوانێت وڵاتێکی ئارام و سەرکەوتوو بونیاد بنێت، پێویستە سووریای نوێ وەک دایکێک بونیاد بنرێت کە هەموو منداڵەکانی لە باوەش بگرێت.