تولای حاتمئۆغولاری پەرەسەندنەکانی پرۆسەکەی خستەڕوو: پێویستە هەموو ئۆپۆزسیۆن بەشداربن

تولای حاتمئۆغولاری،هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند کە پرۆسەی پەیوەندیدار بە پرسی کورد لە هەڵبژاردن گەورەترەو ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی ئاشتی و چارەسەرکردنە لەگەڵ دەوڵەتدا.

ناوەندی هەواڵ

 

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی"، پارتی "SYKP"، پارتی ڕەنج "EMEP" و پلاتفۆرمی دیموکراسی سۆسیالیست "SODAP"، لە ناوچەی دەفنەی هاتای، پانێڵی "دیموکراسی، ئاشتی و ئایندەی هەرێمەکەمان"یان ڕێکخست.

 

'بە گرنگی دەزانین کە هەموو ئۆپۆزسیۆن لەسەر مێزی دانووستان بن لە سەرووی هەموویانەوە جەهەپە'

لە دانیشتنی یەکەمدا تولای حاتمئۆغولاری، ، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی سەرنجی خستە سەر بڕیاری کۆمیسیۆنی پەرلەمان سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ. هەروەها ڕەخنەی لە بڕیاری جەهەپە و گرووپی یەنی یۆڵ گرت و وتی: ئێمە دەمانویست کۆمیسیۆنەکە بە زۆرینەی دەنگ بڕیار بدات. ئێمە نەچوونی جەهەپە بە کەموکوڕی دەبینین. هیوادارین ئەم بیروباوەڕە بگۆڕێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی:  بە گرنگی دەزانین کە هەموو ئۆپۆزسیۆن لەسەر مێزی دانووستان بن لە سەرووی هەموویانەوە جەهەپە، پێویستە پرۆسەکە وەک ئامرازێکی هەڵبژاردن بەکار نەهێنرێت. ئەم پرۆسەیە کێشەی هاوپەیمانییەکی سیاسی نییە، پرۆسەیەکی ئاشتی و چارەسەرکردنە لەگەڵ دەوڵەتدا. لایەنی قسەکەر دەوڵەتە بەڵام جێبەجێکار حکومەتە.

 

تولای حاتمئۆغولاری ئاماژەی بە نیگەرانییەکانی گەل کرد و وتی، پێویستە ئەم نیگەرانییانە نەگۆڕدرێن بۆ هەڵوێستێکی دژبەر. وتی کە ئەم پرۆسەیە لە هەڵبژاردن گەورەترە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، ڕێگا بۆ خەباتی سەندیکایی، کرێکاری و بەکارهێنانی مافە بنەڕەتیەکان دەکاتەوە. ئەمڕۆ کاتێک مامۆستایەکیش داوای مافی خۆی دەکات، بە 'تیرۆریست' ناوی دەبەن. وەک بەڕێز ئۆجالان وتویەتی، پێویستە ئەم ئامرازی تیرۆرە لە دەستی دەوڵەت دەربهێنرێت. ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی مێژووییە و پێویستە هەموو پارتەکان لەسەر مێز بن.

 

'پێویستە هەموو کەسێک لەگەڵ ئاشتیدا بێت'

لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئەوان لە دژایەتی ئاشتی و دەستێوەردانە دەرەکییەکان تێدەگەن و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "دەوڵەت، ڕێکخراو و ئەکتەرە سیاسییەکان هەن کە نایانەوێت ئەم پرۆسەیە هەبێت. پێویستە هەموو کەسێک لەگەڵ ئاشتیدا بێت.

 

هەر لە درێژەدا، هێرشەکانی سەر عەلەوییەکانی لە سووریا شەرمەزار کرد. وتی کە سووریا لە نوێوە بنیات دەنرێتەوە و بەم شێوەیە قسەی کرد: بە تایبەت کۆبوونەوەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و حکومەتی کاتی، بۆ ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک گرنگن.