تەڤگەری ئازادی و ژنۆلۆژی لە خولێکدا جەختیان لە خودناسی، هۆشیارکردنەوەی ژن کردەوە

بە دروشمی "ژن، ژیان. ئازادی" تەڤگەری ئازادی و ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، یەکەم خولی پەروەردەییان بۆ ژنانی باشووری کوردستان ئەنجامداو ١٥ ژنی وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا بەشدارییان کرد.

ئۆسلۆ

 

لە ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ڕێکخستنەکانی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە وڵاتی نەرویج بە دروشمی "ژن، ژیان،ئازادی" و "بە هیواوە بەرەو ڕێکخستن بۆ بەشداری لە شۆڕشی ژن " بە هاوکاری ئاکادیمیای ژنۆلۆژی یەکەم خولی پەروەردەی بۆ ژنانی باشووری کوردستان ئەنجامدا، لە خولەکەدا ١٥ ژنی وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا بەشدارییان کرد.

 

لە خولە سێ ڕۆژییەکەدا بابەتەکانی وەک هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشووری کوردستان و عێراق، مێژووی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان و ژنۆلۆلۆژی پێشکەش کرا، جەخت لە سەر خودناسی، هۆشیارکردنەوەی ژن لە مێژووی خۆی و پێویستی خۆڕێکخستنکردنی ژنان خرایە ڕوو.

 

"لە چارەسەریدا جەخت لەسەر فەلسەفە و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کرایەوە"

هەروەها گفتوگۆیەکی چڕ لە سەر کێشەکانی کۆمەڵگەی کورد و ژنی کورد لە وڵاتانی ئەوروپا، پرسەکانی کوردستان و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە لە دەرەوەی وڵات کرا و ئاماژە بە پێویستی بەشداری ژن لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا کرا و گرنگی پێشەنگی ژنان لە ڕێکخستنکردنی ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی خرایەڕوو لە بەشداری ڕاستەوخۆی تاکەکان لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا، لە چارەسەریدا جەخت لەسەر فەلسەفە و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کرایەوە کە لە پایەکانی دیموکراسی ڕاستەوخۆ، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن پێکدێت، ژنان لە گفتوگۆکاندا ئاماژەیان بە گرنگی ڕێبازەکانی زانستی ژن- ژنۆلۆژی کرد لە گۆڕینی زهنیەت و بونیادنانی سیستمێکی جێگرەوە کە وەڵامدەرەوەی پرسەکانی ڕۆژ و پرسە کەڵکەبووەکانە.

 

لە ئێوارانی خولەکەدا ژنان بەرنامەی هونەری و کولتوورییان ڕێکخست و یەک لەوانە نیشاندانی بەڵگەفیلمی هێزا شەنگالی بوو باس لە فەرمانداری یەکینەکانی ژنانی شەنگال دەکات کە لە هێرشەکانی ٢٠١٤دا لە لایەن داعشەوە ڕفێندراو کڕین و فرۆشتنی پێوە کراو پاش ئازادکردنی بەشداری لە یەکینەکانی ژنانی شەنگال کردو دواتر وەک فەرماندارێک بەشداری لە ڕزگارکردنی ڕەقە کرد، لەو شارەی کە کڕین و فرۆشتنی پێوەکرا لە لایەن داعشەوە.

 

ژنانی باشووری کوردستان کە بەشێکیان ئەندامانی ڕێکخستنەکانی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بوون و بەشێکیان لە چالاکوانانی مەدەنی پێکهاتبوون پلانسازییەکیان بۆ قۆناغی ئایندە داڕشت و دواتر بەشداری خۆیان لە هەڵمەتی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان  ئەنجامدا.