سەمیرە ساڵح: نەبوونی هۆشیاری هۆکاری سەرەکی ون بوونی ناوی ژنانە

سەمیرە ساڵح، نووسەر و ڕۆمانووس دەڵێت: ژنان بۆ دەرکەوتنی تواناکانیان هەیکەلێکی سنوورداربوون، ژنانی گوند لە کۆندا توانای دەربڕین و نووسینی پێ نەدەدرا، بەڵام لە ئێستادا ژنانێک کە لەژێر ئازادی ڕەهادا فکرێکی ئازادی هەیە لەو دابوونەریتە یاخی بووە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ لە چەند دەیەی ڕابردوودا، باسکردن لە مێژووی ژنی کورد بووەتە بەشێکی گرنگ لە گوتاری ڕۆشنبیری و ئەکادیمیی کوردی، ژنان کە ساڵانێکی زۆر لە ناو تۆمار و بەڵگە مێژووییەکاندا ون بوون، یاخود تەنها وەک لاپەڕەیەکی لاوەکی باسکراون، ئێستا هەوڵ هەیە دەنگ و شوێنەواریان بگەڕێندرێتەوە بۆ ناو مێژوو، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا ئێمە بەڕاستی مێژووی ژنان تۆمار دەکەین، یان تەنها گێڕانەوەیەکی نوێ دروست دەکەین؟

 

کێشەی سەرەکی لە مێژووی ژنی کورد تەنها “نەنووسران” نەبووە، بەڵکو نەبوونی ئەرشیف بووە، زۆربەی ژیانی ژنان لە بیرەوەری زارەکی، گۆرانی، چیرۆک، و وێنەی ناوخێزانیدا ماوەتەوە، نەک لە بەڵگەنامەی فەرمی و ئەرشیفی دەوڵەتیدا، ئەمەش وای کردووە کە ژنان لە مێژووی فەرمیی کوردیدا کەمتر ببینرێن، چونکە مێژوو زۆرجار تەنها ئەو شتانە دەناسێت کە تۆمار کراون، بەهۆی ئەم بۆشاییەوە، لە ئێستادا هەوڵێکی بەرچاو هەیە بۆ کۆکردنەوەی چاوپێکەوتن، نامە، وێنە، دەنک‌تۆمار، و بیرەوەریی ژنان؛ بە تایبەت ژنانی شۆڕشگێڕ، پێشمەرگە، ئاوارە، و قوربانییەکانی شەڕ و ڕاپەڕینەکان، ئەم هەوڵانە گرنگن، چونکە بۆ یەکەم جار ژن خۆی دەبێتە سەرچاوەی مێژوو، نەک تەنها بابەتی مێژوو، زۆرێک لە ئەرشیفکردنەکان تەنها جۆرێکی دیاریکراوی ژنان دەخەنە ناو مێژووەوە، واتە ژنی قارەمان، ژنی قوربانی، یان ژنی شۆڕشگێڕ،  بەڵام ژنی ئاسایی ئەو ژنەی کە لە گوندێک ژیاوە، منداڵی پەروەردە کردووە، کرێکاری کردووە، یان لە ژیانی ڕۆژانەدا بەرگریی لە بوون و ناسنامەی خۆی کردووە، هێشتا لە دەرەوەی ئەرشیفەکان ماوەتەوە، هەروەها، هەندێک جار ئەرشیفکردنی مێژووی ژنانیش دەکەوێتە ژێر کاریگەری گوتاری سیاسی و نەتەوەیی، واتە، تەنها ئەو دەنگانە پارێزراون کە لەگەڵ گێڕانەوەی باوی دەسەڵات و حیزبەکان یەکدەگرنەوە، ئەو ژنانەی قسەی جیاواز دەکەن، ڕەخنە لە کۆمەڵگەی خۆیان دەگرن، یان ئەزموونیان لەگەڵ توندوتیژی ناوخێزانی و کۆمەڵایەتی هەبووە، زۆرجار شوێنیان لە ئەرشیفە فەرمییەکاندا نابێتەوە، ئەرشیف، تەنها شوێنی هەڵگرتنی بەڵگە نییە، ئەرشیف شوێنی دەسەڵاتیشە، ئەوەی تۆمار دەکرێت دەمێنێتەوە، و ئەوەی تۆمار ناکرێت بە هێواشی لە بیر دەچێتەوە، بۆیە پرسیاری گرنگ ئەوە نییە کە چ مێژووێک دەنووسرێت”بەڵکو “کێ بڕیار دەدات چی تۆمار بکرێت،ئەگەر مەبەست بەڕاستی پاراستنی مێژووی ژنی کورد بێت، پێویستە ئەرشیفکردن فرەدەنگ و ئازاد بێت، دەنگی ژنی شار و گوند، خوێندەوار و نەخوێندەوار، شۆڕشگێڕ و ئاسایی، هەمووی تێدا ببیسترێت، چونکە مێژووی ژنان تەنها مێژووی قارەمانەکان نییە، مێژووی ئەو ژیانانەشە کە بێ دەنگی و بێ ناو ژیاون و بەشێکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەیان پێکهێناوە.

 

ئەقڵیەتی پیاوسالاری هۆکارێکە بۆ ونکردنی ناو ناسنامە ژنانی گوند

سەمیرە ساڵح، نووسەر و ڕۆمانووس ئاماژەی بەوەکرد، چەندین سەدە بەر لە ئێستە ژنان ڕۆڵی سەرەکیان لە پشتیوانییەکان و سەرکەوتنەکانی گەلی کوردا هەبووە، بەڵام نەبوونی تەکنەلۆژیاو ڕێگریەکان بۆ دەرکەوتنی توانای ژنان ڕێگریی کردووە لە تۆمارکردنی ئەو دەستکەوتنانەی ژنان، وتی: ژن لە سەدەکانی ١٩،٢٠ و ٢١ دا ڕێکخەر و کارەکتەری گرنگی وڵاتبوون، بەڵام بەهۆکاری سیاسیی و نەبوونی تەکنەلۆژیا ناوەکانیان وندەکران، ناو ناسنامەی ژنان ونکراوە، ژنانی تێکۆشەرمان لە گوندەکاندا هەبووە، بەڵام نەبوونی خوێندەواری و وشیاری تاکەکان بۆتە هۆکاری لە ناوچوونی ناویان، یان نەبوونی هۆشیاری و ئەقڵیەتی پیاوسالاری هۆکارێکی دیکە بووە بۆ ونکردنی ناو ناسنامە ژنانی گوندەکان، هەروەها کەمی نوسەری ژن و شاردنەوەی ناوەکانیان کێشەیەکی دیکەی نەبوونینوسین و هەڵبەستەکانی ژنان بۆ نوسینەوە و ئەرشیفکردنهی مێژووی ژن کێشەی دروستکردووە، بەڵام خۆشبەختانە بەشێک لە شاعێرەکانی کورد لە هەڵبەستەکانیاندا باس لە ژن و توانای ژن دەکات، هەروەها زۆرێک لە ژنان گرنگیان بە پەندی پێشینانەکان داوە، یان بڵەین بۆ وەرگرتنی زانیار و بەرەوپێشکەوتنی تواناکان بووە، زۆرێک لە ژنان بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانیان پەندیپێشینانیان بونیاد ناوە.

 

پیاوان لە ڕابردوودا لە نەبوونی ژنانی شانۆکاردا جلی ژنانیان دەپۆشی و نواندیان دەکرد

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی لە کۆندا ژنانی نوسەر و شانۆکار بە هۆکاری چەندین تەقالیدەوە نەیانتونیوە دەرکەوتنیان هەبێت، بەڵام لە سەدەی ٢ و ٢١ دا ژنانێکمان لە چیرۆکنوس و ڕۆمان نووس هەیە، وتیشی: لە کۆندا ژنان کاری شانۆی و نوسینی ڕۆمان و شعر و هەڵبەستەکانی نەدەکرد، بەڵام لە ئێستادا ژنان شانازی بە ناوی خۆیان و پاشناوەکەشیان دەکەن، کاتێک ڕۆمانێک یان تێکستێک دەنوسرێت، هەروەها زۆرێک لە شانۆکارەکۆنەکان پیاوبوون و پۆشاکی ژنانەیان بەکارهێناوە، مێژووەکان دەگۆڕدرێت، ژنان لە کۆنەوە تا ئێستە زۆرێک لە گۆڕانکارییەکانیان بینیوە بەڵآم تا ئێستەش گۆڕانکارییەکان بۆ نوسینەوەی مێژووی ژن جێگەی دڵخۆشی نەبووە، لە سەدەکانی دیکەدا ئەگەر ژنێک کارێک یان دەستکەوتێکی مێژووی هەبوایە ئەوا توانا و کارەکەی دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا دەهێنا، بەڵام لە ئێستادا پەرە بە تواناکانی ژنان لەو ناوچانەدا ناکەن، بەڵام لە ئێستدا چەندین هۆکار بۆ لەبیرچونەوەی تواناکانی ژنان هەیە، بەنمونە هەبوونی سۆشیاڵ میدیا هۆکارێکە بۆ لەبیرچوونەوەی توانا و مێژوو دەستکەوتەکانی ژنان، هەروەها ژنان هیکەلێکی سنورداربوون بۆ ناوزڕاندن، سنوورداربوون بۆ ئەوەی کاری ماڵەوە وەک ئەرکێکی ژنان ببیندرێرێت، بەڵام ژنانێک کە لەژێر ئازادی ڕەهادا فکرێکی ئازادی هەیە لەو دابوونەریتە یاخی بووە، ئەو یاخیبوونە بۆ تۆمارکردنی دەستکەوتەکانی ژن کارێکی گرنگە.

 

سەمیرە ساڵح لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بۆ کۆکردنەوەی مێژوو دەستکەوتەکانی ژنان و تۆمارکردنی دەستکەوت و تواناکانیان پێویستی بە کارو تێکۆشانی لایەن و حکومەت و کەسانی ڕۆشنبیر هەیە، چەنکە پەڕاوەکانی ناو پەڕتوکخانەکان کۆنبوون، پاشان زۆرێک لە شایەتحاڵەکان لە ژیاندا نەماوون، بۆ کارکردن لەسەری و نووسینەوەی مێژوو دەستکەوتەکانی ژن پێویستمان بە هەبوونی بنکۆڵکاری لە ناو گوندەکان و ژنانی بەتەمەندا هەیە، پێویستە بنکۆڵکارییەکان پەرەپێبدرێت، چاوپێکەوتنەکان لەناو کەسانی سیاسیی و شاعیر و هەڵبەستنووسەکان توند بکرێتەوە تا ئەرشیفی ژنان بۆ نەوەی داهاتوو ئاشناکردنیان بە تواناکانی ژنان بمێنێتەوە، پێویست دەکات نووسینەوەی بابەتەکان بۆ داهاتوو بێت نەک ئێستای.