٦هەزار کەس کە ٨٥%یان ژن و منداڵانی کچن لە سوودانەوە بۆ کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست ڕۆیشتوون

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات، نزیکەی ٦هەزار کەس کە زۆربەیان ژنن، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەرەو کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست ئاوارەبوون، هەروەها بەپێی وەزارەتی تەندروستی سودان، ٥٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٥ی نیسانەوە شەڕو پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەستیپێکردووە، هەرچەندە چەند جارێک ئاگربەست ڕاگەیێندراوە، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوامن

 

وەزارەتی تەندروستیی سوودان لە دوایین ئاماردا، ڕایگەیاند لە دەستپێکی شەڕەکەوە، ٥٢٨ کەس کوژراون و چوار هەزار و ٥٩٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

هەروەها ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، نزیکەی ٦ هەزار کەس کە زۆربەیان ژنن، لە دوو هەفتەی رابردوودا بەرەو کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست ئاوارەبوون، بەجۆرێک 70٪ یان ژنانن، 15٪ یان منداڵانی کچن و 10٪ شیان پیاون.

ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا ٧٥ هەزار کەس بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سوودانەوە لە خەرتووم، نیلی شین، کوردۆڤان و دارفوور ئاوارەبوون و  ٢٠ هەزار کەسیش پەنایان بردووەتە بەر چادی دراوسێی سوودان و چوار هەزار کەسی دیکەش چوونەتە سوودانی باشوور و سێ هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەش ڕوویان لە ئەسیوپیا کردووە.