تەرانە محەمەد شاعیرە کوردە ڕفێندراوەکە

تەرانە محەمەدی شاعیر لە دوای ڕفاندنی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی بانە فڕیدەدرێت و لە لایەن ئیتلاعاتیشەوە چەندین جار بانگکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تەرانە محەمەدی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناسناوی تەنیا، یەکێک لە شاعیرە گەنجەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری بانە لەدایک بووە، تەرانە خوێندکاری بەشی مەدەدکاری کۆمەڵایەتییە لە زانکۆی مهاباد و شارەزایی تەواوی لەسەر زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی هەیە، لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە دەستی بە شیعر نوسین کردووە و لە ناو گەنجاندا پێگە و ناوبانگی هەیە.

ناوەڕۆکی شعرەکانی تەرانە لەسەر مافەکانی کورد و ژن و منداڵانە و لە شیعرەکانیشیدا باس لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و لە لایڤی سۆشیال میدیایی ئینستاگرام لەگەڵ هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی بە شیعرەکانی بەشدار بووە، زۆر جاران لەسەر نوسینی شیعر هەڵوێستەکانی بە ژمارەی نەناسراو هەڕەشەی لێکراوە و لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی بانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێکراوە.

 

تەرانە محەمەدی لە لایڤێکی ئینستاگرام لەگەڵ شاعیری فارس، هیلا سدیقی دەڵێت: "شیعرێک بە زمانی هاوبەش دەخوێنم" بەو واتایەی بە زمانی فارسی هاوبەشی نێوان نەتەوەکانی ئێران شیعرێک دەڵێت، هیلا پێی دەڵیت "مەبەستتان لە زمانی هاوبەش چییە؟ ئەو قسەیە بەو مانایەیە کە ئێوە خۆتان بە ئێرانی نازانن بەڵکوو خۆتان بە خەڵکی کوردستانێکی سەربەخۆ دەزانن"

تەرانە لە قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات "بەڵێ ئێوە ڕاست دەکەن من خۆم بە خەڵکی کوردستان دەزانم"

 

دوا بە دوای ئەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردەوە لە ١١ی کانوونی دووەمدا تەرانە ڕفێندراوە، بە پێی زانیارییەکانیش کە لە بناماڵەی تەرانەوە وەرگیراوە و تەرانە بۆی باسکردوون ( ئەو هێزەی کە فڕاندویەتی لە چوار کەس پێکهاتوون و ئۆتۆمبێلێکی جۆری MVM بە ڕەنگی سپی و جام ڕەشیان پێ بووە، لەبەردەم ماڵی تەرانە تەلیسێک دەدەن بە سەریدا و دەیفڕێن پاش ماوەیەک لە ناو شار دوور دەکەونەوە، بێڕێزی و سووکایەتی پێدەکەن و هەڕەشەی وازهێنانی لێدەکەن، دواتر تەلیسەکەیان بەسەردا کێشاوەتەوە و هێناویانەتەوە لە گەڕەکێکی نزیک گەڕەکەکەی خۆیان دایانبەزاندووە).

 

ت.پ