تەنها بەیاننامەی بەرپرسان کوشتنی ژنان کەم ناکاتەوە!

باشوری کوردستان لەدوای سوتاندنی سێوان قادر لە ساڵی ٢٠١٨دا، شایەدی سوتاندنی شنیار هونەریش بوو، بەڵام نە دەسەڵات و نە کۆمەڵگە پێی نەهەژا و تەنها بەیاننامەی سەرۆکایەتی و بەرپرسانی حکومەتیش، ئاستی توندوتیژی و کوشتنی ژنان کەم ناکات.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- سێوان قادر کە لەگەڵ سێ منداڵی پەپولە ئاسایدا لە ئێوارەی ١٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ لە گەڕەکی ئاسودەی شارۆچکەی چەمچەماڵ لە ماڵەکەی خۆیاندا سووتان، یەکەم ژن نین کە بسوتێنرێن و بکوژرێن، شنیار هونەریش کە شەوی ١٨ لەسەر ١٩ی شوباتی ٢٠٢٢ لە درەنگانێکی شەو و لە بێدەنگیدا سووتێنرا، دوا ژن نابێت، کە ڕووبەڕووی توندوتیژی، لێدان، سوتاندن و کوشتن دەبێتەوە.

 

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١١دا یاسای ژمارە ٨ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی دەرچوو، لە ١٠ ماددە پێکهاتووە، ئەم یاسایە لەپێناو پاراستنی خێزان لە هەڵوەشاندنەوە و پاراستنی تاکەکانی خێزان و ڕێگرییە لە توندوتیژییەکانی بەرامبەر ژنان دەکرێت، بەڵام پارێزەران باس لەوە دەکەن یاساکە کەموکورتی و لاستیکییە و هەندێک لە ماددەکان ناتوانێت لە دادگاکاندا مافی ژنان بەتەواوی بپارێزێت، بۆ ئەوەش چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنان داوادەکەن یاساکە دووبارە هەمواربکرێتەوە و زیاتر ژیانی ژنان پارێزراو بێت لە سایەی یاساوە.

 

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شنیار هونەر، هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، جێگری سەرۆکی حکومەت بەیاننامەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی ٢٣ی شوبات بڵاوکردەوە، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شنیار، ئاماژەی بەوەدا "وه‌ك هه‌ميشه‌ و تا كۆتايى به‌ره‌نگارى ديارده‌ى قێزه‌وه‌نى توندوتيژيى خێزانى ده‌بينه‌وه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك سه‌ركۆنه‌ى ژنكوژى و سه‌ركوتكردن و ئازاردانى ئافره‌تان ده‌كه‌ين به‌ هه‌ر به‌هانه‌يه‌ك بێت"، هەروەها دەشڵێت: به‌داخه‌وه‌ ئاماره‌كانى ژنكوژى و توندوتيژى به‌رامبه‌ر ئافره‌تان به‌ هه‌موو جۆره‌كانييه‌وه‌، هێشتا مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى گه‌وره‌ن و ناو و ناوبانگى هه‌رێمى كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ له‌كه‌دار ده‌كه‌ن، بۆيه‌ به‌رپرساريه‌تى ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆى هه‌موومان.

 

 

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لە بەیاننامەیەکیدا ئاماژە بەوەدەکات تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا ٩ ژن کوژراون، دەشڵێت: "من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه‌ له‌ مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداریی هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان ، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە"

 

 

جێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانی، لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکردووە هەموو تاوانی شنیار ئەوەبوو ژن بوو، "شنیار هونەر تەنیا تاوانی ئەوە بووە كە ژن بووە، نیگەرانین كە هێشتا لە كۆمەڵگەیەكدا دەژین پیاوانێك هەن وابیردەكەنەوە كە هەڕەشە، ئازاردان و كوشتنی ژنان ئاساییە، ئەركی ئێمە تەنها گرتن و سزادانی ژنكوژان نییە، بەڵكو وەك كۆمەڵگا پێكەوە بە پیر و گەنج، حكومەت و كۆمەڵگای مەدەنی، دادگا و مزگەوتەكان، بە یەك دەنگ بڵێین بەسە، چی دی جێی قبوڵ نییە و كاتی كۆتاییهێنانە بە كلتوری ژن كوشتن".

 

 

خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان کە دەستەیەکی سەر بە حکومەتە، دەڵێت: "كوژرانی ٩ ژن لە دوو مانگدا ئاماژەیەكی ترسناكە و دەبێت پێداچوونەوە بكرێت و كەموكورتیەكان دیاری بكرێت، داكوكی لەسەر سزای توند بۆ بكوژانی ژنان دەكەین، مەسەلەی شنیار كە دوای چەند ڕۆژێك لە نەخۆشخانە گیانی سپارد، دەبێت هەنگاوی كردەوەییمان هەبێت".

 

ئاماری نوژنها: ٨٤ ژن کوژراون یان خۆیان کوشتووە

لە هەر حاڵەتێکی کوشتندا کە دەنگدانەوەی گەورەی لێدەکەوێتەوە، بەرپرسانی پۆستە باڵاکانی حکومەت و سەرۆکایەتییەکان بەیاننامەیەک بڵاودەکەنەوە، بەڵام ئەم بەیاننامەیە تا ئێستا نەیتوانیوە ڕێژەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان کەمبکاتەوە، بەڵکو ساڵ بە ساڵ ڕێژەکەی لە بەرزبوونەوەدایە، کە ئەگەر تەنها ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ بەراورد بکەین، جیاوازییەکە دەبینین.

 

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٥ حاڵەتی کوشتن، ٣٨ خۆکوشتن، ٦٧ خۆسوتان، ١٢٥ دەستدرێژی سێکسی، ١٠ هەزار و ٣٧٠ سکاڵا هەبوون.

 

هەر بەپێی هەمان ئامار لە ساڵی ٢٠٢١یشدا ٢٤ حاڵەتی کوشتن، ٦٢ خۆکوشتن، ٨٦ خۆسوتان، ١٥٣ دەستدرێژی سێکسی،  ١٣ هەزار و ٢٥٩ سکاڵا تۆمارکراوە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی نوژنها کۆیکردووەتەوە، تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا ٨٤ ژن کوژراون یاخود بە خۆکوشتنی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

 

"تاوانبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە"

شنیار هونەر، کە لە شەوی ١٩ی شوبات لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێنرا و پاش پێنج ڕۆژ مانەوەی بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا، تاوانبار لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکرا.

 

بەپێی دواین زانیارییەکانی ئاژانسی نوژنها لەسەر کەیسی شنیار هونەر، کە لە زاری ئاودێر عەلی، پارێزەری شنیار، وەرگیراوە ئاماژەی بەوەدا لە کاتی لێکۆڵینەوەدا تاوانبار "هونەر ڕەشید" دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دوای ڕێکارەکان تاوانبار دەگوازرێتەوە بۆ دادگای تاوانەکان.

 

ئاودێر عەلی ئاماژەی بەوەشدا کە لە کاتی دەستگیرکردنی تاوانبار "هونەر ڕەشید" بە ماددەی ٤٠٦ لەسەر ٣١ دەستگیرکراوە، چونکە لەوکاتەدا شنیار هونەری تاوانلێکراو لە ژیاندا بوو، بەڵام دوای گیان لەدەستدانی شنیار هونەر ماددەی تاوانبار گۆڕدرا بۆ ماددەی ٤٠٦ و سزاکەی گۆڕانی بەسەردا دێت.

 

ت.پ