مەلالە یوسفزای هۆشداری دەداتە ئەوروپا لە شەرعیەتدان بە تاڵیبان سەرەڕای ئەو دەستدرێژییە بەردەوامانەی لە دژی ژنان ئەنجام دەدەن
چالاکوان مەلالە یوسفزای ڕەخنەی لە بانگهێشتکردنی یەکێتی ئەوروپا بۆ بەرپرسانی تاڵیبان، بۆ برۆکسل گرت و وتی: یەکێتی ئەوروپا شەرعیەت بە بزووتنەوەکە دەبەخشێت سەرەڕای بەردەوامی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵانی کچان لە ئەفغانستان.
ناوەندی هەواڵ
بانگهێشتکردنی یەکێتی ئەوروپا بۆ بەرپرسانی تاڵیبان، بۆ برۆکسل کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ڕەخنەگران بە بەخشینی شەرعیەتی سیاسی بزووتنەوەکە دەزانن سەرەڕای پێشینەی مافی مرۆڤ، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە وەک بەشێک لە دانوستانەکانی کۆچ و بەشداری دیپلۆماسی پێویست سەیری دەکەن.
لە بەرامبەر بانگهێشتنامەکەدا، مەلالە یوسفزای، خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ڕەخنەی لە یەکێتی ئەوروپا گرت و وتی: نابێت هەر شەرعیەتێک بەو بزووتنەوەیە بدرێت، ئەو لە ماڵپەری تایبەتی خۆیدا نووسیویەتی، بانگهێشتی بەرپرسانی تاڵیبان بۆ برۆکسل، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنی کۆچ، پەیامێکی مەترسیدار دەنێرێت کە ئەویش ئەوەیە ڕژێم دەتوانێت بە شێوەیەکی سیستماتیکی ستەم بەرامبەر ژنان و منداڵانی کچانی ئەفغانستان بکات و وەک هاوبەشێکی دیپلۆماسی پێشوازی لێبکرێت.
بە ئاماژەدان بە سەرکوتکردنی ژنانی ئەفغانستان لە هەفتەی ڕابردوودا، وتی: ئەمە هەمان ئەو ڕژێمەیە کە هەفتەی ڕابردوو لانیکەم ٣٠ ژن و منداڵانی کچ لە هەرات بەهۆی شێوازی جل و بەرگیانەوە دەستگیرکرد، تەقەی لە کەسانێک کرد کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو دەستگیرکردنانە کۆبوونەتەوە، منداڵێکیان کوشت و کەسانی دیکەش برینداربوون.
مەلالە یوسفزای لە کۆتاییدا، جەختی لەوە کردەوە، کە "سیستەمی جیاکاریی ڕەگەزی تاڵیبان ژنان و منداڵانی کچ لە ژیانی گشتی دوورخستووەتەوە، خوێندن و دامەزراندنیان بەدوور گرتووە، ئازادی هاتوچۆیان بە توندی بەرتەسک کردووەتەوە و ناچاریان کردوون هاوسەرگیری ئەنجامبدەن، تەنانەت نابێت ئەوروپا بیر لەوە بکاتەوە کە مامەڵە لەگەڵ ڕژێمێک بکات کە بەرپرسیار بێت لە یەکێک لە خراپترین قەیرانەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا.