"هوى بغداد يجمعنا" فێستیڤاڵێکی هونەری کە ژنانی داهێنەری عێراق لە بەغداد کۆدەکاتەوە.

بەغداد شاهیدی دەستپێکردنی فێستیڤاڵی "هوى بغداد يجمعنا""خۆشەویستی بەغداد کۆمان دەکاتەوە" بوو کە لەلایەن کۆمەڵەی كاهراماناوە ڕێکخرابوو. لەم چالاکییەدا چل ژنە هونەرمەندی شێوەکار بەشدار بوون، بە ئامانجی پشتگیریکردنی داهێنانی ژنان و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان.

رەجا حەمید ڕەشید

عێراق-بەشداربووانی فێستیڤاڵی "هوى بغداد يجمعنا" داوای زیادکردنی پشتیوانی بۆ داهێنەری ژنان و دەرفەتی فراوانتر بۆ نمایشکردن و بەبازاڕکردنی کارە هونەریەکان و کەمکردنەوەی تێچووی بەشداریکردن لە پێشانگاکان و گرنگیدانی زیاتر بە کاری دەستی و بەهێزکردنی هونەرمەندانی ژن لەڕێگەی دەستپێشخەرییە بەردەوامەکانەوە.

 

کۆمەڵەی هونەری كاهرامانا ١٥ی حوزەیران لە یانەی عەلاویە لە بەغدا، بە بەشداری چل ژنە هونەرمەندی بینراو لە بەغدا و شارەکانی دیکە، فێستیڤاڵی "هوى بغداد يجمعنا"ی دەستپێکرد.

 

 

لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا، هونەرمەند مەلەک جەمیل، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی كاهرامانا ڕایگەیاند، فێستیڤاڵەکە بۆ پاڵپشتیکردنی ژنانی داهێنەری عێراقی لە بوارە جیاوازەکانی هونەرە بینراوەکان و بۆ ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ نمایشکردن و بەبازاڕکردنی کارە هونەرییەکانیان، بەمەش بەشدارییان لە بەهێزکردنی ئابوورییان لەڕێگەی ئەو پێشانگایانەی کە کۆمەڵەکە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق سازدەکرێت، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداری پێنج دیزاینەری جلوبەرگیشی تێدابوو کە لە چوارچێوەی چالاکییەکانیدا چەندین بابەتی دەستکردی جیاوازیان پێشکەشکرد.

 

ڕوونیشی کردەوە، کە چالاکییەکانی کۆمەڵەکە تەنها لە ئاستی ناوخۆییدا سنووردار نەبووە بەڵکو بۆ کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان درێژکرایەوە، هەروەها ڕێککەوتنێک لەگەڵ دامەزراوەی پیکاسۆ لە ئیسپانیا کراوە کە لەلایەن کەسوکاری نیگارکێشی بەناوبانگی جیهانی پابلۆ پیکاسۆ بەڕێوەدەبرێت، بۆ ئەوەی ژنە هونەرمەندە عێراقییەکان لە بۆنەکانی داهاتوودا بەشداربن.

 

باسی لە پڕۆژەیەک کرد بۆ ئەنجامدانی شەوێکی عێراقی لە تونس کە تیایدا شیعر و مۆسیقا و هونەری بینراو لەخۆدەگرێت، هەروەها بەشداریکردنی خواردنی عێراقی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نمایشکردنی خواردنە نەریتییە عێراقییەکان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە کۆمەڵەکە کاردەکات بۆ هاندانی ژنانی هونەرمەند لەڕێگەی ڕێکخستنی بازاڕ و نمایشی جلوبەرگ و پێدانی خەڵاتی ساڵانە بە بەشداربووان، بە ئامانجی پەروەردەکردنی ڕۆحی کێبڕکێ لە نێوان هونەرمەندانی گەنج و دامەزراو، جگە لەوەش کۆمەڵەکە وۆرکشۆپی هونەری ڕێکدەخات و هاوکاری بەشداربووان دەکات بۆ بەشداریکردن لە پێشانگاکان، هەروەها دابینکردنی شوێنی بێبەرامبەر بۆ نمایشکردن و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان، بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی زۆری بەکرێدانی شوێنەکان.

 

پەیامی ڕەنگەکان

 

 

لە شاری سلێمانییەوە هونەرمەندی کورد بوشرا ئیسماعیل بە تابلۆیەکی پڕ لە تەوەری مرۆڤدۆستانە و نیشتمانپەروەرانە بەشداری کرد، وتی: ڕەنگی سەوزی باڵادەست لە تابلۆکەدا ئاماژەی خۆشی و ژیانە، هاوکات ڕەنگی شین نوێنەرایەتی ئاسایش و ئارامی دەکات، ڕەنگدانەوەی ئەو شەڕ و قەیرانانەیە کە عێراق بەرگەی گرتووە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە دواجار ژیان و شادی سەردەکەوێت.

 

 

خولیایەک بۆ نیگارکێشان

 

 

هونەرمەند نەغم ساڵحی کە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کارگێڕی بازرگانی و ئابووری، ڕوومیکردەوە، کە لە منداڵییەوە حەزی لە هونەر بووە و پسپۆڕە لە نیگارکێشان لەسەر شووشە و پلاستیک و دار بەتایبەتی شووشە و ئاوێنە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەشتەکەی وەک خولیایەک دەستیپێکردووە پێش ئەوەی پەیوەندی بە "گروپی هونەری سوڵتانا"ەوە بکات، خولیاکەی گۆڕیوە بۆ پیشە و دواتر بۆ خولیای تەواوی ژیانی، ڕەنگەکانی بەو دەریایە چواند کە مرۆڤ بەردەوام خۆی تێدا نوقم دەکات.

 

سەبارەت بەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەدا، کە دیارترینیان کەمی هەندێک بۆیاخە لە بازاڕە ناوخۆییەکانە، بەتایبەتی فیروزە کە خواستێکی زۆری لەسەرە لەنێو هونەرمەندان، هەروەها باسی لەو کاتە سنووردارە کرد کە لەبەردەستیدایە بەهۆی ئەرکەکانی خێزان و بەرپرسیارێتی ڕۆژانە، هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ هاوسەنگکردنی هونەر و ژیانی خێزانیی.

 

 

دەستێکی هیندی

 

 

دیزاینەری جلوبەرگ هەدیل سەعدون سەعیدی خاوەنی پرۆژەی "لمسة هندية" ڕوونیکردەوە، کە بەرهەمەکانی لە جلوبەرگ و ئیکسسواراتەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کەتان و ئابایا و بیشت و ساری منداڵان و بووک کە هەموویان بە دەستی لە هیندستانەوە دروستکراون، داواکاری بە تاک و کۆ بەردەستە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، خاوەنی دوکانێکە لە ناوچەی جادریەی بەغدا، سەرەڕای پێشینەی لە بواری کیمیا و ئەزموونی پێشووی لە بەڕێوەبردنی تاقیگەیەکی شیکاری پزیشکیدا، بەڵام خولیای بۆ مۆدە وای لێکرد ئەو بوارە بەجێبهێڵێت و بەدوای جلوبەرگی هیندیدا بگەڕێت و بوتیکێکی تایبەتی خۆی بکاتەوە، ئەم بڕیارە بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئەم جۆرە مۆدەیە بوو، هەروەها دیزاین دروست دەکات کە ئیلهامی لە براندە نێودەوڵەتییەکان وەرگیرتووە بە بەکارهێنانی قوماشی هیندی.

 

 

بەرهەمی سروشتی

 

 

زەینەب تائیر بەرهەمە خۆراکییە سروشتییەکانی خۆی لە ژێر ناوی مارکەی "ميمون كيتشن" نمایش کرد، کە ئیلهامەکەی لە ناوی کوڕەکەی وەرگرتووە، لەکاتێکدا خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە پەروەردەدا، بەڵام خولیای بۆ دروستکردنی بەرهەمی خۆراکی سروشتی گۆڕاوە بۆ پیشەیەک کە بە وردبینی و خۆشەویستییەوە بەدوایدا دەگەڕێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرهەمەکانی بریتین لە زەیتی زەیتونی پاکیزە و کونجی و وەرگیراوەکانی تەندروست و بەهاراتی جیاواز، ئەمە جگە لە زەیتی زەیتون کە لە سووریاوە هاوردە دەکرێت، ئەم زەیتە لە وەرشەی خۆیدا دەخرێتە قوتووەوە بە بەکارهێنانی ئەو ڕێگایانەی کە کوالێتیەکەی دەپارێزن و ڕێگری لە ئۆکساندن دەکەن، هەروەها پڕۆژەکەی شەش ساڵە بەردەوامە، هەردوو بەرهەمی جوملە و تاکەی پێشکەش دەکات بە ئامانجی دابینکردنی ماددە خۆراکییە سروشتییەکان کە دوورە لە زیادکردنی نەخوازراو.

 

 

میراس و داهێنان

 

 

سەبارەت بە سەنا عەبید داود عامری، مامۆستای خانەنشین و خاوەنی پرۆژەی "جوت شناشيل"، ئاماژەی بەوەدا، کە بە پاڵپشتی هاوڕێیەکی بەهرەکەی پەرەی پێداوە، کە تایبەتە بە کاری دەستی بە بەکارهێنانی چەرم و ”جوت”، پەیکەری نەریتی بەغدادی و تابلۆی چەرمیی سروشتی بەرهەم دەهێنێت کە سیمبولەکانی عێراقی نیشان دەدەن، دیارترینیان دارخورمایە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترین ئاڵەنگاری ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لاوازی بازاڕکردن و قەدرزانییەکی تەواو بۆ کاری دەستی و ئەو هەوڵانەی کە پێویستیانە، ئەمە جگە لە پارەی زۆر بۆ بەشداریکردن لە زۆرێک لە پێشانگە و بازاڕەکاندا، هیوای خۆی دەربڕی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرفەت بۆ کەسانی بەتوانا بکەنەوە بۆ پشتگیریکردن و پەرەپێدانی پڕۆژەکانیان.

 

 

داهێنەری ژنان شایەنی پاڵپشتی زیاترە

 

 

ە میانەی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکەدا، هونەرمەندی بەناوبانگ فاتمە رەبیعی دووپاتی کردەوە، کە ژنانی عێراق لە بەشداریکردن و هێز و داهێنانیان لە بوارە جیاوازەکاندا ناوازەن، مێژووەکەیان پڕە لە دەستکەوت و کاری پێشەنگایەتی لە بوارە جیاوازەکاندا.

 

فاتمە رەبیعی جەختی لەوە کردەوە، کە ژنانی عێراق ئەو بایەخ و دانپێدانانەیان پێنەگەیشتووە کە شایەنیەتی لەسەر شانۆی جیهانی، هەروەها عێراق خاوەنی توانایەکی بەرچاوی داهێنەرانەیە لە نێو گەنجان و کەسایەتییە دامەزراوەکاندا، بەڵام کولتووری بەبازاڕکردنی دەستکەوتەکانی عێراق هێشتا پێویستی بە پشتیوانی زیاتر هەیە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هونەر و ڕۆشنبیری پایەی بنەڕەتین بۆ بەردەوامی و گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان، ژنانی عێراق هەمیشە وەک سیمبولی داهێنان و نایابی و بەخشندەیی دەمێننەوە.