ئامەد، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان

لە چوارچێوەی پاکتاوی سیاسی لە ئامەدی باکووری کوردستان پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان.

ناوەندی هەواڵ

 

پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسی بەڕێوەدەبات و بۆ ئەوەش لە باکووری کوردستان هەڵدەکوتێتە سەر چالاکوانانی ژن، ئەندامانی هەدەپە و ڕۆژنامەنووسان، دەستگیریان دەکات و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیشیاندا دەگرێت.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی تورکیا هێرشی کردەسەر ماڵی چەند ڕۆژنامەنووسێک لەوانە، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات، سەردار ئاڵتان، بەڕێوەبەری ژن نیوز، سەفیە ئەلەگاش، سەرنوسەری ژن نیوز، گوڵشەن کۆچۆک، سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا عەزیز ئۆروچ و ڕۆژنامەنووس عومەر چەلیک، سوعات دۆگوهان، ڕەمەزان گەجیکەن، بێریڤان کاراتۆراک، ئەسمەر تونچ، نەشە تۆپراک و زەینەل ئەبیدین بولوت و دەستگیرکران.

 

هاوکات کاتژمێر ٣:٠٠ی بەرەبەیان پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ئۆفیسی ئاژانسی ژن نیوز و کەلوپەلەکانیان تێکداوە و کۆمپیوتەرێک و چەند ئامێرێکی دیکەیان دەستبەسەردا گرتووە، هەروەها ڕۆژنامەی یەنی یەشام و گۆڤارەکانی ژنۆلۆژی و چەندین پەرتوکی دیکەیان بردووە.

 

باس دەکرێت کە پێدەچێت ژمارەی دەستگیرکراوان زیاتر ببێت.