کەنەدا گەشتی ئیرشاد و دەیان دامەزراوەی ئەمنی خستە لیستی سزاکانەوە

کەنەدا بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران، چەندین کەسایەتی و دامەزراوەی ئەمنیی ئێرانی لە لیستی سزاکانیدا جێگیر کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ناڕه‌زایه‌تی به‌ربڵاو له‌ ئێران و کوردستان، سه‌رۆک وه‌زیرانی که‌نه‌دا بۆ پشتیوانی له‌و خۆپیشاندانانه‌ چه‌ند دامه‌زراوه‌ و ڕێکخراوی ئه‌منی ڕژێمی ئێرانی وەک، گەشتی ئیرشاد-پۆلیسی ڕەوشتی خسته‌ لیستی سزاکانییەوە و پشتیوانی خۆی بۆ ژنانی ئێران ڕاگه‌یاند.

 

سه‌رۆک وه‌زیرانی که‌نه‌دا ئاماژهی‌ به‌ پێشێلکاریی به‌ربڵاوی مافی مرۆڤ له‌ ئێران و کوژرانی ژینا ئه‌مینی لەلایه‌ن پۆلیسی ڕەوشت و سه‌رکوتکردنی توندوتیژانه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌ ئێران دا و ڕایگه‌یاند: که‌نه‌دییه‌کان له‌ هیچ کارێک بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ کۆماری ئیسلامی خۆیان به‌دوور ناگرن و پشتگیری لە خێزانی کوژراوان و دەستگیرکراوەکان دەکەن.

 

 هەروەها داوای لە حکومەتی ئێران کرد کۆتایی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بهێنێت و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هاوڵاتییان و ژنانی ئێران بگێڕێتەوە، هاوکات له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی زۆرێك له‌ وڵاتان پشتیوانیان له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێران كردووه‌.

 

هەر لەم پێوەندییەدا حکومەتی ئەڵمانیا باڵیۆزی ئێرانی لە بەرلین بانگهێشت کرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە توندوتیژی دژ بە ژنان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، داواشی لە حکومەتی ئێران کرد رێگە بە خۆپیشاندەران بدات خۆپیشاندانی ئاشتیانە ئەنجام بدەن.

 

دوای تەشەنە سەندنی ناڕەزایەتییەکانی سەقز، سنە، دیواندرە و بڵاوبوونەوەی بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران، ڕژێمی ئیسلامی پەنای بردە بەر توندوتیژی، کوشتن و دەستبەسەرکردن، سنووردارکردنی ئینتەرنێت و تێکدانی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی وەک واتسئاپ، ئینستاگرام و سکایپ وەک یەکێک لە هەوڵەکان بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان.