لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکوانان دەڕفێندرێن و دەستگیردەکرێن
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرەڕای دەستگیرکردنی چالاکوانان و ڕۆشنبیران، ڕاپەڕین بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوامی هەیە.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەو ڕاپەڕینەی لە ١٦ی ئەیلولەوە پاش کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکردووە، سەرەڕای دەستگیرکردنی چالاکوانان و ڕۆشنبیران بەردەوامە و زۆرێک لە چالاکوانان دەستگیرکراون و نازانرێت بۆ کوێ براون.
چالاکوان فەریدە مورادخانی سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەرداسەپێنراوە و ڕەوانەی زیندانی ئەوین کراوە، هەروەها ڕاگەیەندراوە، کە چالاکوانان سارینا قەرابەت، فایزە جەوادی، شیڤا کیانفەر، پارسا دەستماڵچی و سۆنیا ستوودە، لەلایەن بەشی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە سزای ٢١ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.
مامۆستایەک لە زانکۆی کوردستان دەستگیرکرا
جەمیل بەهرامی، مامۆستای بەشی ئەندازیاریی بیناسازی لە زانکۆی کوردستان دەستگیرکرا، پاش ئەوەی لە زانکۆ قسەی دەکرد، جەمیل بەهرامی لەلایەن پۆلیسی رژێمی ئێرانەوە ڕفێندراوە و نازانرێت لە کوێ دەستگیرکراوە و هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسییەوە بەدەست نەگەیشتووە.
هەروەها هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی کارین فەیری دوای ئەوەی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیرکراوە بەهەمان شێوە نازاندرێت بۆ کوێ براوە.