تاژێ بەشداری لە هاوپەیمانی ١٨٨دا دەکات

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە نامەیەکدا پشتیوانی و بەشداریی خۆی لە هاوپەیمانی ١٨٨ دەربڕی و ڕایگەیاند، هەرچی پێویست بێت بۆ بەدیهێنانی ئەم هاوپەیمانییە ئەنجامی دەدەن.

شەنگال

 

پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئابی ٢٠٢٤ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی خستە بەرنامەی کار و لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ پەسەندکرا. دوای ئەوەی ئەم یاسایە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکرا، هاوپەیمانی ١٨٨ ڕایگەیاند کە تانە لە دادگای فیدراڵی عێراق دەدەن، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" لە نامەیەکدا بەشداریی خۆی لە هاوپەیمانییەکە ڕاگەیاندو ئاماژەی بەوەکرد، پشتگیری خۆیان بۆ ئەم کەیسە دەردەبڕن کە کاری لەسەر دەکەن، ئامادەن هەرچییەک پێویست بێت بیکەن بۆ بردنەوەی ئەم دۆسیەیە و گەیشتن بە ئەنجام.

 

ناوەڕۆکی نامەکە بەم شێوەیەیە؛

سەرەتا ئێمە تەڤهەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" لە شەنگال سڵاوتان لێدەکەین، ئێمە ئەو خەباتەی ئێوە بۆ ژنان و منداڵان و کۆمەڵگەی عێراقی ئەنجامی دەدەن زۆر بە گرنگ و واتادار دەزانین.

 

پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئابی ٢٠٢٤دا هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە، گۆڕانکاری لە یاساکەدا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە بە گشتی بەتایبەتی مافی ژنان و منداڵان، ئەم گۆڕانکارییە لە عێراقدا ڕوودەدات، هاوسەرگیری منداڵێکی کچی ٩ ساڵان و کوڕێکی ١٥ ساڵان کوشتنی منداڵ و پێشێلکردنی مافی ژیانە، هاوسەرگیری بە منداڵێکی ٩ ساڵان هاوسەرگیری نییە، ئەوە دەستدرێژییە، ئەو عەقڵیەتەی کە ئەم گۆڕانکارییە بەسەر کۆمەڵگاکانی عێراقدا ناچار دەکات، هەمان عەقڵیەتی چەتەکانی داعشە، ئێمەی ژنانی ئێزدی ئەم ڕاستییە بە باشترین شێوە دەزانین، چونکە هەزاران کچ و منداڵمان دەستدرێژییان کراوەتە سەر.

 

ئەمە یاسا نییە، گۆڕانکارییەکی نایاساییە

ناڕازیبوونێکی زۆر لە دژی گۆڕانکاری لە یاسای باری کەسیدا هەیە، زۆر کەس لە هەموو کۆمەڵگەو بەتایبەت ژنان ناڕەزایی خۆیان دەربڕی. هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکی لە مافی ژنان و منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە. بۆ ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە ڕوونەدات، لە زۆر بواردا کارکردن ئەنجامدرا، ئێمەش وەک ژنانی ئێزدی ناڕەزایی خۆمان لەگەڵ ژنانی هەموو پارێزگاکانی عێراق دەربڕی، سەرەڕای ئەو هەڵوێست و ناڕەزایەتییە بەهێزە، پەرلەمانی عێراق بە دەنگێکی نایاسایی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسایەتی پەسەند کرد، گۆڕینی یاسا پێچەوانەی یاسایە، دوورە لە یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ. بۆیە ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (TAJÊ)، بە توندی ئەم یاسایە ڕەتدەکەینەوە و قبوڵی ناکەین.

 

"تاژێ مافی ژنان و کۆمەڵگە دەپارێزێت"

دوای ئەوەی ئەم یاسایە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندکرا، هاوپەیمانی ١٨٨ ڕایگەیاند کە تانە لە دادگای فیدراڵی عێراق دەدات، ئێمە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (TAJÊ) بەشداری خۆمان لە هاوپەیمانی  ١٨٨ ڕادەگەیەنین. ئێمە پشتگیری خۆمان بۆ ئەم دۆسیەیە دەردەبڕین کە ئێوە کاری لەسەر دەکەن، بۆ بردنەوەی ئەم دۆسیەیە و گەیشتن بە ئەنجام، تەڤگەری تاژێ ئامادەیە هەرچییەک داوای لێبکرێت بیکات.