تاژێ بۆ ١٩ ژنی ئێزدی نامەیەکی ئاڕاستەی دامودەزگا عێراقی و نێودەوڵەتییەکان کرد

کۆمیتەی دیپلۆماسی تاژێ نامەیەکی ئاراستەی سەرۆک کۆماری عێراق و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ ڕوونکردنەوەی ناسنامەی ئەو ١٩ ژنە ئێزدییەی کە لە ساڵی ٢٠١٦ لە موسڵ سوتێندران و ڕووداوەکە وەک جینۆسایدی ژنان بناسرێت.

شەنگال 

 

کۆمیتەی دیپلۆماسی تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنانی ئێزدی "TAJÊ" نامەیەکی ئاراستەی سیما باهۆس، ئەندامی جێبەجێکاری ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)، نوسینگەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دکتۆر حەمید نەعیم ئەلغازی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، زیا کەریم تەعمە، بەڕێوەبەری گشتی بەشی گۆڕی بەکۆمەڵ و کەسانی ونبوو و پاراستنیان، بۆ ئەو ١٩ ژنە ئێزدییەی کە لە ساڵی ٢٠١٦ لە موسڵ سوتێندران.

 

هێشتا چارەنووسی ژنان ڕوون نییە

تاژێ لە نامەکەیدا سەرنج بۆ سووتاندنی ١٩ ژنی ئێزدی ڕاکێشاو وتی: فەرمانی ٧٤ی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال جێبەجێکرا، هەزاران ئێزدی لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەبوون، کوژران و بە دیل گیران، قوربانیانی ئەم فەرمانە گەورە و توندە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، داعش چەتەکان هەزاران منداڵی کچ و ژنی ئێزدییان ڕفاند و لە بازاڕەکانی موسڵ و ڕەقەدا فرۆشتیان و دەستدرێژییان کردە سەریان و کوشتیانن، ئەو ئێزدیانەی کە بە دیل گیرابوون بە زۆر لە باوەڕی ئێزیدی خۆیان دوور خرانەوە و بە زۆر ئایینی ئیسلامیان بەسەردا سەپێندرا، چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدی لە دەستی چەتەکانی داعش تا ئێستا نادیارە.

 

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦ و لە مانگی ڕەمەزاندا چەتەکانی داعش ١٩ ژنی ئێزدییان بە شێوەیەکی دڕندانە کوشت، بەهۆی ئەوەی ڕەتیانکردەوە دەستبەرداری باوەڕی ئێزدی بن و ڕەتیانکردەوە بە کۆیلە بکرێن وەک خزمەتکار و ڕەتیانکردەوە بەڕۆژوو بن. چەتەکانی داعش سەرەتا بە شەقامەکانی موسڵدا گیڕایانن، دواتر  لەناو قەفەزی ئاسنیدا بە زیندووی سووتاندیانن. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦دا ئەم کۆمەڵکوژییە لە لایەن زیاتر لە ١٠ دەزگای ڕاگەیاندنی عەرەبی و جیهانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتڕاستکرایەوە، شایەتحاڵی ئەم کۆمەڵکوژییەش هەن.

 

بێدەنگی جیهان لەسەر ڕووداوەکە

لە نامەکەدا هاتووە کە حکومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو دڕندەییەدا بێدەنگ بوون، ئەم کۆمەڵکوژییە دڕندانەیە کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا نەبینرا، وای بە جیهان گەیاند کە داعش دڕندەترین و بەربەریترین ڕێکخراوی ئەم سەدەیە، ئەم کارانەی داعش تەواو بێ ڕەوشتی و بێ ویژدانن، لە دەرەوەی یاسان. تا ئێستا ناسنامەی ئەو ١٩ ژنە ئێزدییە ئاشکرا نەکراوە و هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان بۆ نەکراوە. تا ئێستا حکومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بوون و هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە.

 

داواکاری تاژێ

لە کۆتایی نامەکەدا، تاژێ ئەم داواکارییەی ئاراستەی دامەزراوە و ڕێکخراوە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان کردووە: بۆ ئەوەی ئەم کۆمەڵکوژییە سەختەی سووتاندنی ١٩ ژنی ئێزدی لە موسڵ بێ حساب و شاراوە نەمێنێتەوە، دەبێت خەبات بۆ دادپەروەری و دیموکراسی بەرزتر بکرێتەوە.

 

ئێمەی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی ئەم داوایەتان ئاراستە دەکەین:

*پێویستە لێکۆڵینەوە بۆ ڕوونکردنەوە و ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو ١٩ ژنە ئێزدییە بکرێت.

*ئەم کۆمەڵکوژییە دەبێت وەک ژنکوژی بناسرێت.