سیستەمی تەندروستی سودان لە لێواری داڕماندایە
بەهۆی نەبوونی پارە و شەڕی ناوخۆ لە سودان، کەرتی تەندروستی چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات کە زۆرێک لە کلینیکەکان دادەخرێن و ملیۆنان کەس ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بوونەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
کەرتی تەندروستی لە سودان بەهۆی کەمی بودجەوە بەرەو خراپی دەڕوات. کەلێنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان فراوانتر بووە و نەخۆشخانەکان ناتوانن خزمەتگوزارییە پێویستەکان پێشکەش بکەن، بەمەش ملیۆنان کەس ڕووبەڕووی دۆخێکی تەندروستی ناخۆش بوونەتەوە.
داڕمانی ژێرخانی تەندروستی
داڕمانی سیستەمی تەندروستی بووەتە کێشەیەکی گەورە لە قەیرانە ناوخۆییەکانی سودان. کەمیی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، خراپی ژێرخانی نەخۆشخانەکان و نەبوونی کارمەندی تەندروستی لێهاتوو، پێداویستییەکان زیاتر دەکات.
هۆشداری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پشتڕاستی کردەوە کە سیستەمی تەندروستی لە لێواری داڕماندایە. کلینیک و سەنتەرە دەرەکییەکان بە هۆی کەمبوونەوەی بودجەوە ناچارن دابخرێن.
ڕێکخەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سودان ڕایگەیاند کە ململانێی بەردەوام پێویستییە مرۆییەکان لە وڵاتەکەدا زیاد دەکات و کەمبوونەوەی بودجە بڕی هاوکارییەکان سنووردار دەکات. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دا کە داخستنی کلینیکەکان دەبێتە هۆی بێبەشکردنی نەخۆشەکان لە چاودێری تەندروستی و زیادبوونی فشار لەسەر مانەوەی دامەزراوە تەندروستییەکان.
شەڕی ناوخۆ و کاریگەرییە مرۆییەکانی
لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ەوە ململانێیەکی توند لە سودان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی فریاگوزاریدا بەردەوامە. بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ململانێیە بووەتە هۆی دروستبوونی گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا، زیاتر لە ١١ ملیۆن کەس لە ناوخۆدا ئاوارەبوون یان ناچاربوون بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵبێن.