تا دەچێت ژینگەی کوردستان وێرانتر دەکرێت

ڕۆژی جیهانی ژینگەیە و تا دەچێت ژینگەی کوردستان وێرانتر دەکرێت بە هەزاران دار دەبڕدرێنەوە و دارستانەکان دەسوتێنرێت، جگە لە گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن ڕژێمی ئێران و ئاوی فورات لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە.

 

تەوار پێنجوێنی

ناوەندی هەواڵ - ڕۆژی ٥ی حوزەیران بە ڕۆژی جیهانی ژینگە دادەنرێت، ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٧٢دا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی ڕاگەیەندرا و لەو ڕۆژەوە چالاکی و هۆشیاری بۆ پاراستنی ژینگە بڵاودەکرێتەوە.

 

ژینگە ناوەندێکە زیندەوەری تێدا بە هاوسەنگی ژیان دەکەن، لە کۆمەڵێک هۆکار و گۆڕانکاری کیمیایی، فیزیایی و بایۆلۆجی پێکدێت کە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئەو زیندەوەرانەی تێیدان، چەندە ژینگەیەکی تەندروست و سروشتی هەبێت ئەوەندە زیندەوەران تەندروست دەبن، بەڵام ئایا ژینگەی کوردستان ئێستا لە چ دۆخێکدایە؟.

 

بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و گۆڕان لە کەشوهەوادا، سەرتاسەری جیهان گۆڕانی کەشوهەوای بەسەردا هاتووە، لە بەستەڵەکەکاندا شاخە سەهۆڵییەکان بەرەو توانەوە دەچن و هەوا بەرەو گەرمبوون دەچێت، کە ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر تەندروستی تاک و ژینگە.

 

کوردستان بە هۆکاری داگیرکاری ژینگەکەی تێکدەدرێت

کوردستان ئەگەرچی بەشێکە لەو جیهانەی کە ڕووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە و کەمی بارانبارین لەمساڵدا وای کردووە کە مەترسی وشکەساڵی توند لەسەری هەبێت، لەگەڵیدا دەوڵەتانی داگیرکار بەچەندین ڕێگەی دیکە هەوڵی تێکدانی سروشتەکەی و بڕینەوەی دارستانەکانی و سوتاندنی ڕەز و باخەکانی دەدەن، لە ڕووی ئاودێریشەوە وەک چەکێک گرتنەوەی ئاوی ڕوبارەکان بە ڕووی کوردستاندا هەڵدەگرن.

 

کوردستانی گەورە لە هەر چوار لاوە ڕووبەڕووی داگیرکاری سەربازی و فکری بووەتەوە، ژینگەکەشی ناوەندێکە بۆ بەردەوامیدان بەو شەڕە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕژێمی ئێران ماوەی چوار ساڵە لە وەرزی هاویندا ئاوی هەردوو زێی بچوک لە هەرێمی ڕاپەڕین و ڕووباری سیروان لە هەرێمی گەرمیان دەگرێتەوە و بەنداو لەسەر هەردوو ئاوەکە لە وڵاتەکەیدا دروستدەکات، دروستکردنی بەنداو و گرتنەوەی ئاوەکان زیانی گەورەی بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری ئەو ناوچانە گەیاندووە کە هەردوو ئاوەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت، هەروەها بووەتەوە هۆی مردنی هەزاران ماسی، لە ئێستاشدا ئاوی سیروان و زێی بچوک بەرەو وشکبوون دەچێت، ئەوەش بە ڕوونی بەدی دەکرێت.

لە ڕۆژئاوای کوردستان

لە ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە دەوڵەتی تورکیا جگە لە هێرشە سەربازییەکانی،  لە ساڵی ٢٠١٧ەوە گرتنەوەی ئاوی فورات وەک چەكێک بە ڕووی ڕۆژئاوادا بەکاردەهێنێت و تا ئێستا بە ڕێژەی ٪٦٠-٧٠ زیانی بە ژینگەی ڕۆژئاوای کوردستان لەڕووی ئاوییەوە گەیاندووە، جگە لەو زیانەی بەهۆی بۆردومانەکانەوە بە دارستان و سروشتەکەی کەوتووە.

بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٨٧ لەنێوان تورکیا، سوریا و عێراقدا پێویستە ئەو ئاوەی لە خاکی تورکیاوە دێتە سوریا لە چرکەیەکدا ٥٠٠ مەترسێجا ئاو بچێتە بەنداوەکانییەوە و عێراقیش ٪٦٠ی ئەو بڕە وەربگرێت، بەڵام تورکیا بە گرتنەوەی ئاوی فورات ئەو ڕێککەوتنە پێشێلدەکات.

درێژی ئاوی فورات کە لە باکوری کوردستانەوە هەڵدەقوڵێت تا کەنداوی عەرەبی ٢٨٠٠ کیلۆمەترە و زۆرینەی بە خاکی کوردستاندا تێپەڕدەبێت، لەو ژمارەیەش ٦١٠ کیلۆمەتری بە خاکی سوریادا تێپەڕدەبێت و زۆرێک شار و شارۆچکەی لەسەرە.

 

لە باکوری کوردستان

لە باکوری کوردستان هێرش و ئۆپەراسیۆنە یەک لەدوا یەکەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناوچە سنورییەکانی و بۆردومانکردنی گوند و سوتاندنی دارستانەکان بووەتە هۆی شێواندنی سروشتی باکوری کوردستان، هەروەها جێبەجێکردنی پرۆژەی گاپ-پرۆژەی ئەنادۆڵی مەزن لە خاکی باکوری کوردستاندا کە بە هەرێمی گاپ ناسراوە، زۆرترین زیان بە گوندەکانی باکور دەگەیەنێت بەوەی بەشێک لەو گوندانە کەوتوونەتە ژێر ئاو و زۆر گوندی دیکەش هەن کە لە ئەگەری تەواوکردنی پرۆژەکەدا بە تەواوی دەکەونە ژێر ئاو.

بەم پێیە بەشێکی زۆری سروشتی کوردستان بە گوند، دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانیەوە بەرەو لەناوبردن دەچن، جگە لەوەش لە چیای جودی لە باکوری کوردستان دەوڵەتی تورکیا دارەکان دەبڕێتەوە و دەیانگوازنەوە بۆ تورکیا تا لە کارگەکانی دروستکردنی مۆبیلیاتدا بەکاریان بهێنن.

بەپێی زانیارییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو تاڵانییە ٧٠ کەس بە ٣٠ تراکتۆرەوە بەشدارن و ڕۆژانە ٤٠٠ تۆن دار دەبڕدرێتەوە و دەبرێنە بنکە سەربازییەکان لە هەرێمی بەستا.

ئەم جینۆسایدی ژینگەییە لە چوارپارچەی کوردستان بەردەوامە

لە ساڵی ١٩٨٣ەوە دەوڵەتی تورکیا بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان، بۆ بەردەوامیدانی لەشکرکێشییەکانی بە فرۆکەی جەنگی و فرۆکەی بێفرۆکەوان بۆردومانی چیا و دۆڵ و دارستانەکان دەکات، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی سی پی تی بۆ مافی مرۆڤ، لە ٢٣ی نیسانی ئەمساڵەوە کە دەوڵەتی تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆن لە زاپ، ماتینا  و ئاڤاشین کردووە، ٧٠٠٠ دۆنم زەوی و زار سوتێنراون، لە ٩ ڕۆژدا ٨٠٠ پورەی هەنگ لەناوچوون، هەروەها کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کە بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەکەی لەسەرە لەناوچوون و ئاژەڵداران بە نرخی کەم ئاژەڵەکانیان دەفرۆشن.

 

بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بۆ ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان ٥٠٠ گوند لە ژێر هەڕەشەی چۆڵکردندان، پێش ٢٣ی نیسان ١٢٦ گوند چۆڵکراون، دوای هێرشەکانیش ٢٢ گوند چۆڵکران، زۆرینەی دانیشتوانی گوندەکان زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەجێدەهێڵن، یاخود بەهۆی بوونی سەربازی تورکەوە لەو ناوچەیەدا ناتوانن خزمەت بە زەوییەکانیان بکەن.

لە ئەنجامی هێرش و بۆردومانەکاندا دارستانەکان وێران دەکرێن و ڕەزو باخەکان دەسوتێنرێن، ماوەی دوو ساڵە دەوڵەتی تورکیا لە سنوری پارێزگای دهۆک و بادینان دەستی بە بڕینەوەی دارەکان کردووە و ڕۆژانە سەدان تۆن دار دەبڕدرێنەوە، دواتر دەبرێنە تورکیا و بازرگانییان پێوە دەکرێت.

 

هەموو ئەمانە زیانی گەورەن کە بەر ژینگەی کوردستان دەکەوێت، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٣دا بڕیاریدا ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی جیهانی ژینگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاک دەربارەی ژینگە و پاراستنی، کەچی سەرباری پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیان دەربارەی پاراستنی ژینکە و مرۆڤایەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگە و ئەو وێرانکردنەوەی سروشتی کوردستان و تاڵانکردنی دارستانەکانی نابینێت.

 

ت.پ