سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی ماڵە کوردەکەی بەغدا دەرچوو
دوای ئەوەی خێزانێکی کورد لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، لەلایەن بکوژێکەوە دەکوژرێن و ماڵەکەیان تاڵان دەکرێت، دادگای کەرخ بڕیاری سێجار لەسێدارەدانی بۆ بکوژەکە دەرکرد.
ناوەندی هەواڵ
لە بەرواری ١٦ی ئەیلول/٩ی ٢٠٢٠ خێزانێکی کوردی دانیشتووی گەڕەکی ئەلمەنسور لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق هێرشکرایە سەر ماڵیان و سەربڕدران.
خێزانەکە لە شیلان دارا'ی دەرمانساز و چالاکوان هەروەها دایک و باوکی پێکهاتبوون، ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە سێ تاوانبار بە تۆمەتی کوشتنی خێزانە کوردەکە لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەستگیرکران.
دوای دادگایکردنی بکوژەکە ١٤ی حوزەیران، دادگای تاوانەکانی کەرخ بڕیاریدا، تاوانباری کەیسی کوشتنی شیلان و خێزانەکەی، سزای سێجار لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
دادگای کەرخ ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، بکوژەکە جگە لە کوشتنی ئەو خێزانە ماڵەکەشی تاڵانکردووە و دزی لێکردوون.
ت.پ