قوربانیانی مەدەنی لە غەززە لە کاتێکدا قەیرانی برسێتی بەردەوام خراپتر دەبێت
غەززە ڕووبەڕووی قەیرانی توندی نائاسایشی خۆراکە و زیاتر لە ١.٤ ملیۆن کەس لە مەترسیدان، لەگەڵ بەردەوامبوونی سنووردارکردنی یارمەتییەکان و زیادبوونی پێشێلکارییەکانی ئاگربەست.
ناوەندی هەواڵ
بەردەوامی سنووردارکردنی توند بۆ هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان، قەیرانی ژیان و خۆراکی بێ وێنە لە کەرتی غەززە زیاتر دەکات، یارمەتییەکان بە بڕی پێویست ناچنە ناو کەرتەکە، ئەمەش قەیرانی برسێتی قووڵتر دەکاتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ٨ی تشرینی یەکەم هۆشداری دا لە خراپتربوونی قەیرانی نائاسایشی خۆراک لە کەرتی غەززە لە فەڵەستین و جەختی لەوە کردەوە، کە یارمەتییە مرۆییەکان بە ئازادی ناچێتە ناو کەرتی فەڵەستین.
سۆفیا مۆنسالڤی سوارێز، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی خۆراک، ڕایگەیاندووە، کە بەردەوامی سنووردارکردنی هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان، قەیرانی مرۆیی و خۆراکی ڕووبەڕووی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە زیاتر دەکات، هۆشداریدا لەوەی کە هاوکارییەکان بە بڕی پێویست و بە ئازادی پێویست ناگەنە کەرتی غەززە، لە کاتێکدا ئاستی بەرزی نائاسایشی خۆراک لەنێو دانیشتووانەکەدا بەردەوامە، ئەم لێدوانەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە خەمڵاندنەکانی ئەم دواییە ئاماژە بە بەردەوامی ئاستی بەرزی نائاسایشی خۆراک لە کەرتی غەززە دەکەن، پێشبینییەکانی پۆلێنکردنی قۆناغی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک (IPC) ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس، واتە نزیکەی ٦٧٪ی دانیشتوانی کەرتی غەززە، ڕووبەڕووی نائاسایشی توندی خۆراک بوونەتەوە.
لەسەر زەوی، ئەمڕۆ بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کە چادرێک لە ڕۆژئاوای شاری غەززە کردە ئامانج، ژنێک کوژرا و هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەی برینداربوون، هاوکات هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی ڕووخاندنی باڵەخانە و پێکهاتەکانی باشووری کەرتی غەززەیان ئەنجامدا.
شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە، کە بەلەمەکانی چەکداری ئیسرائیل تەقە و تۆپبارانیان کردووەتە دەریا لە کەناراوەکانی شاری غەززە. لە باشووری کەرتی غەززە، سەرچاوە ناوخۆییەکان ڕاپۆرتیان دا کە هێزەکانی ئیسرائیل دوو ئۆپەراسیۆنی ڕووخاندنیان ئەنجام داوە کە باڵەخانە و پێکهاتەکانی نیشتەجێبوونیان کردۆتە ئامانج لە ناوچەی جێگیرکردنیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی خان یونس، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ تەقەی قورس لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بەرەو ماڵەکانی دەوروبەری.
بەپێی دوایین داتاکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، تا ٧ی تشرینی یەکەم، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست، ١٤٦٧ فەڵەستینی کوژراون و پێنج هەزار و ١٦١ کەسی دیکەش برینداربوون.