سیمگە یاردیمجی: ئەوەی لە خوێندنگەکاندا ڕوودەدات دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو سیستمەیە کە هەیە

سیمگە یاردیمجی، سکرتێری سکرتاریەتی ژنان لە یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت: هێرشەکانی ڕەحاو مەرەش ڕووداوی گۆشەگیر نەبوون، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە لەمێژینەیەن کە توندوتیژیی گەورەتر کردووە.

ئەلیف ئەکگول

 

ناوەندی هەواڵ-هێرشێکی تەقەکردن لە خوێندنگەیەکی ئامادەیی لە ناوچەی سیڤریکی سەر بە ئورفای باکووری کوردستان کردە ئامانج، هاوکات هێرشێکی هاوشێوەی منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ لە قوتابخانەیەکی ناوەندی لە شاری مەرعش گفتوگۆی توندوتیژیی لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا هەڵگیرساندەوە.

 

ڕووداوەکانی چوونە ناو خوێندنگە لە سیڤریک و تەقەکردنی گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ، لەگەڵ هێرشی منداڵێکی بچووکتر کە لە مەرعشدا زیانبەرکەوتووی زۆری لێکەوتەوە، پرسیاری لێکەوتەوە کە ئایا ئەمانە ڕووداوی گۆشەگیرن یان بەشێکن لە نەخشێکی فراوانتر، ئەو دوو ڕووداوە گفتوگۆیەکی فراوانتریان لەبارەی سیاسەتی پەروەردەیی و پاراستنی منداڵان و کەشوهەوای کۆمەڵایەتی دەوروبەری توندوتیژی لێکەوتەوە.

 

سیمگە یاردیمجی، سکرتێری سکرتاریەتی ژنان لە ناوەندی یەکێتی مامۆستایان کە دوای هێرشەکە لە ئورفا بوو، وتی: ئەم دوو هێرشە ڕەگ و ڕیشەی لە سیاسەتی لەمێژینەدا هەیە، هەروەها سیستەمی پەروەردە بە شێوەیەک لە قاڵب دەدرێت کە مافەکانی منداڵان و بەها دیموکراتیکیەکان پشتگوێ بخات، ئەمەش هەستی بێ هیوای و خواستی توندوتیژی و هەستکردن بە بێهیوایی لای گەنجان قووڵتر دەکاتەوە.

 

جگە لەوەش، سیاسەتەکانی بێ سزادان و بڵاوبوونەوەی چەکی تاکەکەسی ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئامرازەکانی توندوتیژی بۆ منداڵان، وتی: چارەسەر لە ڕێبازە ئەمنییەکاندا نییە، بەڵکو لە ڕێبازێکدایە کە لەسەر بنەمای گۆڕانکاری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی دامەزراوە.

 

"ئەم دوو ڕووداوە دەرئەنجامی سیاسەتەکانی دەسەڵاتە"

ڕوونیشیکردەوە، کە ئەم دوو ڕووداوە دەرئەنجامی سیاسەتە درێژخایەنەکانە، ئێمە چەندین جار جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، چ لەڕووی سیاسەتەکانی حکومەت و چ لەڕووی وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانییەوە، پێشبینیشمان کرد کە داهاتووی هەموو ئەو سیاسەتانەی بەسەر کۆمەڵگەدا بە گشتی سەپێنراون لێرەدا تێدەپەڕن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی یوسف تەکین وەک وەزیری پەروەردەی نیشتمانی خاڵی وەرچەرخانێکی بەخۆیەوە بینی، چونکە حکومەت دەستیکرد بە سەیرکردنی پەروەردە وەک ئامرازێک بۆ بونیادنانی ئایدیۆلۆژی.

 

سیمگە یاردیمجی ڕاستەوخۆ سیاسەتی پەروەردەیی و ناوەڕۆکی سیستەمی پەروەردە دەبەستێتەوە بەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی گەنجان دەبێتەوە وتی: کاتێک سەیری پرۆگرام و پڕۆژە و پرۆتۆکۆلەکان دەکەین، خۆمان دەبینینەوە ڕووبەڕووی سیاسەتێکی پەروەردەیی دەبینەوە کە مافەکانی منداڵان پشتگوێ دەخات و لەسەر بنەمای پەروەردەی دیموکراتیک و ئاشتیخوازانە و یەکسانیخوازانە نییە، بەڵکو لەسەر یەک شوناس و یەک کولتوور بونیاد نراوە، هەڵاواردنی ڕەگەزی قووڵتر دەکاتەوە، مافەکانی منداڵان وەک بناغەی خۆی وەرناگرێت، ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی کولتووری توندوتیژی لە نێوان منداڵان و زیادبوونی لایەنگری ڕەگەزی و قووڵبوونەوەی جۆرە جیاوازەکانی جیاکاری.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، منداڵانی ناو ئەم سیستەمە پەروەردەییە هەست بە بەها ناکەن، هەروەها لەڕێگەی مافەکانیانەوە ئەزموونی بوونی خۆیان ناکەن، ئەمڕۆ دەبینین گەنجان بەدەست کێشەیەکی ڕاستی بێ هیوای و نەبوونی ئاسۆیەکەوە دەناڵێنن، هەموو ئەمانە لێکەوتەی دەروونییان هەیە بۆیان، کاتێک سەیری قۆناغی ئەم دواییە دەکەین، ئەوەش دەبینین کە خۆکوشتنی گەنجان هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانە زیادیکردووە.

 

”بێ سزا و ئاساییکردنەوەی توندوتیژی”

سیمگە یاردیمجی سەرنجی بۆ کەشوهەوای فراوانتری توندوتیژی کۆمەڵایەتی ڕاکێشا و وتی: ئەم کەشوهەوایە لە بوارە جیاوازەکاندا خۆی دەردەخات، تێبینی ئەوە دەکەین کە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و ئالوودەبوون لەنێو گەنجاندا تادێت بەربڵاوتر دەبێتەوە، هەریەکێک لەم نیشاندەرانە وەک نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوە کاری کرد، لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی کەشوهەوای کۆمەڵایەتی مەترسیداری توندوتیژی بووینەتەوە، ئەمەش لە توندوتیژی دژی ژناندا دەبینین، لە حاڵەتەکانی بەکارهێنانی منداڵانیشدا. سیاسەتی بێ سزای هەیە، توندوتیژی ئاسایی دەکراوەتەو، تاوانباران ئاسایی نین لە ئەنجامدا توندوتیژی بەربڵاو دەبێتە شتێکی شەرعی.

 

سیمگە یاردیمجی ڕوانگەی منداڵان وەک تاوانبار ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەرپرسیارێتی "سیستەمییە" و ئەوەی ڕوودەدات پێویستە لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام کاتێک لە ڕوانگەی منداڵانەوە سەیری بابەتەکە دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە زۆر کەس منداڵ بە تاوانبار دەزانن و منداڵەکە بە بەرپرسیار دەزانن، بەڵام لێرەدا باس لە منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ و گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ دەکەین لە شاری سیڤرێک، بۆیە دەتوانرێت بڵێین بەرپرسیارێتی گەیشتنی ئەم منداڵانە لە تەمەنی ١٣-١٩ ساڵیدا بەم حاڵەتە بە تەواوی لە ئەستۆی ئەم سیستەمەدایە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە لەبری ئەوەی منداڵەکان تاوانبار بکەین، پێویستە لەسەر بنەمای ئەم دوو ڕووداوە سیستەمەکە بونیاد بنینەوە و بە شێوەیەکی دروست پێناسە بکەین، ڕوونی بکەینەوە کە چۆن دەبێت پێکهاتەی نوێی کۆمەڵایەتی بونیاد بنرێت، ئەم منداڵانە لە شوێنێکی نادیارەوە یان تەنها بەهۆی تێکچوونی دەروونییەوە نەگەیشتنە ئەم خاڵە، زۆر هۆکار هەن کە دەبێت هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی ئەم کەشوهەوای توندوتیژییە نەبێتە هۆکارێک کە گۆشەگیری توندتر دەکات.

 

"منداڵان دەستیان بە چەک گەیشتووە"

سیمگە یاردیمجی وتی: بڵاوبوونەوەی توندوتیژی ناتوانرێت لە وتاری سیاسی جەمسەرگیری جیا بکرێتەوە، نە لە بڵاوبوونەوەی چەکی تاکەکەسی، لەبەر ئەم هۆکارەش ئاستی دەستڕاگەیشتن بە چەک لەلایەن منداڵانەوە وەک یەکێک لە کێشە گرنگەکان دەرکەوتووە.

 

هەروەها ئەو قسە جەمسەرگیرییەی کە دەسەڵاتداران بەکاریدەهێنن، لەگەڵ ساڵانێک لە سیاسەتی جەنگی بەردەوام، زەمینەیەکی بەپیت دروست دەکات کە تا ڕادەیەک شەرعیەت بەم دۆخە دەدات، لەئەنجامی ئەم جەمسەرگیرییە درێژخایەنە، چەکداریی تاکەکەسی پەرەی سەندووە و لەم ئاستەشدا منداڵان دەستیان بە چەک گەیشتوە، کە ئەمەش کێشەیەکی لەڕادەبەدەر ڕاستەقینەیە ئەو ڕاستییەی کە منداڵان دەتوانن بەو ئاسانییە چەک بەدەستبهێنن و بچنە ناو قوتابخانەیەکەوە و بەئاسانی تەقە لە خوێندکاران و مامۆستایان بکەن، دواتر خۆیان بکوژن، داوای شیکردنەوەی قووڵی کۆمەڵایەتی و خەباتێکی بەهێز دەکات.

 

"دەبێت وەزیری پەروەردەی نیشتمانی دەستلەکار بکێشێتەوە"

سیمگە یاردیمجی جەختی لەسەر پێویستی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیاسەتەکانی پەروەردەدا کردەوە، لەگەڵ گرنگی چوارچێوەیەکی دیموکراتیک و پەروەردەیی لەبری ڕێبازە ئەمنییەکان کردەوە هەروەها وەزیری پەروەردەی نیشتمانی کە ئەم دۆخە کێشەدارەی دروستکرد، بووە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵان و ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە سێڤریک و مەڕعش شاهیدیمان بینی، دەبێت دەست لەکاربکێشێتەوە، هەروەها دەبێت سیاسەتەکانی پەروەردە دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەی داواکاری پەروەردەکاران و خوێندکاران و دایک و باوکانیش بگرێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئێستا هەمیشە لەگەڵ پرسی ئاسایشدا بەرەوڕوو دەبنەوە، هەروەها دەبێت قوتابخانەی پارێزراو دروست بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەندیکای مامۆستایاندا باس لە ئاسایش ناکەین کە لە ڕێگەی پاسەوانی ئەهلی یان پۆلیسەوە بەدەست بهێنرێت، ژینگەیەکی پارێزراو لە ڕێگەی ئاسایشی تایبەتەوە دروست نابێت، بوونی کەسانی یەکپۆش لەناو قوتابخانەکان کێشەی پەروەردەیی گەورەتر بۆ منداڵان دروست دەکات.

 

دووپاتی کردەوە، کە پێویستە ژمارەی ڕاوێژکارە دەرونیەکان لە قوتابخانەکاندا زیادبکرێت، هەروەها سیستەمێکی پەروەردەیی دروستبکرێت کە منداڵان بتوانن خۆیان دەرببڕن، دەبێت سیاسەتێک دابڕێژرێت کە یارمەتی منداڵان بدات بەسەر دڵەڕاوکێی داهاتوو و سەربکەوەن بەسەر هەستکردن بە بێ هیوای.

 

"کاتێک وتاری ئاشتی زاڵ بوو، زمانی پەروەردەیش دەبێتە زمانی ئاشتی"

سیمگە یاردیمجی باسی لە پرسی چارەسەرکردنی کورد و ڕێگای دیموکراتێک کرد و وتی: ئاشتی و وتارەکەی بۆ داهاتووی پەروەردە و منداڵان زۆر پێویستن، قوتابخانەکان لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکیدا بەرەو دیموکراتیک دەچن، شێوازی ژیانی منداڵان، هەروەها ژیانی گەنجان، گۆڕانکاری بەسەردا دێت، لە ژینگەیەکدا کە وتاری ئاشتی زاڵە، زمانی پەروەردە بە شێوەیەکی سروشتی پەرەدەسەنێت بۆ زمانی ئاشتی، کە ئەمەش یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان بۆ منداڵان، چونکە پەروەردە پەیوەندی بە هەموو کۆمەڵگەوە هەیە.

 

"پاراستنی ژیان"

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی مامۆستایان لە ژێر پانکارتی "پاراستنی ژیان" دانیشتنێکی سێ ڕۆژە لە بەردەم وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانی ڕێکدەخات، ئەم هەنگاوە تەنها سەرەتایەکە، دەبێت خەباتەکە بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەڕێوەبچێت، پێویستە هەمووان بەرپرسیارێتییان هەڵبگرن، بەبێ ئەوەی ئەم ڕووداوانە بە ڕووداوی گۆشەگیر بزانن، بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی بەرپرسیارن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروەها ئەوانەی بەرپرسیارن لەو ڕووداوانە گەنجانی تەمەن ١٩ و ١٣ ساڵان نین، بەڵکو ئەو سیستمەن کە ئەم ڕاستیەی دروستکردووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی ژنکوژی و گەنجان بەرەو خۆکوشتن و منداڵان زیاتر توندوتیژی دەبن، دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتی داهاتووی وڵات لە ئەستۆ بگرن.