سیدار خەڵەف: ڕێگە نادەین ژنان لە سووریای نوێدا پەراوێز بخەن
لە نێوان بەرگریکردن لە خاك و بونیادنانی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا، سیدار خەڵەف، بەڕێوەبەری گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ـ ژنان، دەڵێت: ئەو ژنانەی بەخۆدانیان داوە، قەبووڵ ناکەن بگەڕێنەوە بۆ پەراوێز، داوای ڕۆڵێکی کارا دەکەن لە ڕەنگڕێژکردنی داهاتووی سووریا.
سۆرگوڵ شێخو
تل تەمر ـ ڕۆژئاوای کوردستان نوێنەرایەتیی شتێک زیاتر لە تەنها بەشێکی بچووکی کوردستان دەکات کە بەهۆی سنوورەکانەوە دابەش کراوە؛ ئەو خاکەیە کە بە خوێنی هەزاران شەڕڤان ئاودراوە کە لە بەشە جیاوازەکانی کوردستانەوە هاتبوون، لەگەڵ شەڕڤانە ئەنتەرناسیۆنالەکان کە لە شەڕی بەرگریکردن لێیدا وەستانەوە لە تەنیشتیان.
سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ لە کۆبانێ، باجێکی گەورەی دا، چونکە دەیان هەزار شەڕڤان شەهید بوون بۆ ئەوەی بناغەکانی پرۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دابنێن کە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە لە ڕێچکەکەی، لە کاتێکدا نەوەکانی دواتریش بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئەوەی کە بەدەستهاتووە و بەردەوامبوونیان لەسەر ئەو ڕێگەیەی کە شەهیدان دەستیان پێکردبوو، هەڵگرت.
سیدار مەعسوم خەڵەف، بەڕێوەبەری گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ـ ژنان، یەکێکە لەو ڕووخسارانەی کە قۆناغە جیاوازەکانی شۆڕشی بە چاوی خۆی بینیوە، لە ساڵی ٢٠١٦دا، دوا بە دوای کاریگەریکردنی بە شەهیدبوونی خوشکەکەی پەروین، کورسییەکانی خوێندنی بەجێهێشت و پەیوەندیی بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە کرد بۆ ئەوەی گەشتێک دەست پێبکات کە لە بەرەکانی ڕەققە، دێرەزوور و کامپی هۆلەوە درێژ دەبێتەوە تاوەکو قۆناغی رێکخستنەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانونی دووەم لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و حکومەتی کاتیی سووریادا.
شۆڕش واتای ژیان و ڕێڕەوی ژنانی گۆڕی
سیدار خەڵەف ڕاوونیکردەوە، کە گواستنەوە لە ژیانی قوتابخانە و ماڵەوە بۆ هەڵگرتنی چەک کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام واتایەکی نوێی بە ژیان بەخشی، شۆڕش ئەو خاڵە وەرچەرخانە بوو کە وای لێکرد هۆکاری تێکۆشانەکەی و ناسنامەکەی بناسێت وتی: دوای ئەوەی بینیم کە کەسوکار و هاوڕێکانم پەیوەندییان بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە کرد، منیش حەزم لێبوو پەیوەندی بەم هێزانەوە بکەم و ببم بە بەشێک لێیان. پێش ئەوە نەماندەبینی و نەماندەزانی کە ژیانێکی تریش جگە لە خوێندن و ماڵەوە بوونی هەیە، بەڵام کاتێک بووم بە بەشێک لەم شۆڕشە، زانیم بۆچی دەژیم، تێگەیشتم چۆن خۆم بناسم.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە جیاوازیی نێوان ژیانی نەریتی و ژیانی ئەو ژنەی تێکەڵ بە شۆڕش بووە، لە ململانێی نێوان دوو هۆشیاری و دوو کولتووری جیاواز دەچێت، شۆڕش دەرگای ناسینی مێژوو، بەرگریکردن لە خود و گەڕاندنەوەی ناسنامەی بۆ ژنان کردەوە وتی: بێگومان ژیانی خێزانی و ژیان لە ناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ـ ژنان بە تەواوی جیاوازن؛ ئەوانە لە ململانێی نێوان دوو هۆشیاری، دوو عەقڵیەت و دوو کولتووری جیاواز دەچن، لە ڕێگەی شۆڕشەوە فێر بووین کە چۆن ژن خۆی بپارێزێت، چۆن مێژووی خۆی بناسێت، چۆن ناسنامەکەی بگەڕێنێتەوە.
وتیشی: ئەوەی مرۆڤ لە پڕێکدا خۆی ببینێت کە ماڵ و پەڕتوکەکانی بەجێهێشتووە و چەکی هەڵگرتووە، باری قورسی پاراستنی ئاسایش و پارێزراویی کۆمەڵگەیەک لەسەر شانی کەوتووە، شتێکی ئاسان نەبوو، ئەگەرچی زەحمەتیی هەبوو، بەڵام ئەزموونی زۆر بەنرخیشمان بەدەست هێنا توانای پێدایین کە کەسایەتیی خۆمان بونیاد بنێین، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان چاوەڕێیان نەکرد کە کەسێک بێت و بەرگرییان لێ بکات، ئەوەشی بە ناپەسەند زانی کە نامۆکان ببنە پارێزەری ناوچەکە لە کاتێکدا گەنجەکانی خۆیان بێدەنگ وەستابن، هەروەها ئەوان چەکیان لە پێناو پاراستنی گەلەکەیان هەڵگرت، ڕووبەڕووی داعش و داگیرکاریی تورکیا بوونەوە، بەشدارییان لە دەیان ئۆپەراسیۆنی ئەمنیدا کرد بۆ پاراستنی کۆمەڵگە.
لە خەونی پزیشکییەوە بۆ ڕێگەی تێکۆشان
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنانی کورد ئامادە نەبوون ملکەچی ئەو ژیانە ژێردەستەیی و کۆیلایەتیە بن یان قبوڵ بکەن، کە ڕێکخراوە توندڕەوەکان هەوڵیان دەدا بەسەریاندا بسەپێنن، خەبات تەنها بەرگریکردن لە خاک نەبووە، بەڵکو لە کەرامەت و ناسنامە و مافی ژنان بووە بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و کۆمەڵگەکانییان، ژنان ڕۆڵی نەریتی تێدەپەڕێنن و ڕێگای خەبات و زانست و زانیاری و لێکۆڵینەوەی مێژوویییان هەڵبژاردووە.
سیدار خەڵەف دووپاتیکردەوە، کە خەونی منداڵی ئەوە بووە ببێت بە پزیشکی دڵ، بەڵام ئەو بارودۆخەی کە کورد لە سووریا تێیدا ژیا، بێبەشبوونیان لە ماف و ناسنامە، دواتر هەڵگیرسانی شۆڕش، تەواوی ڕێڕەوی ژیانی گۆڕی وتی: ئەوەی هێزی پێدەبەخشین وتەی ئەو ژنانە بوون کە ڕزگار کرابوون کاتێک دەیانوت کە ئەوان لە "جلوبەرگی کۆیلایەتی" ڕزگاریان بووە و ئازادیی خۆیان گەڕاندووەتەوە، گەورەترین دەستکەوتیش بەدەستهاتوو بە گەڕاندنەوەی ناسنامە بۆ کورد و ڕزگارکردنی ژنان لە ژێردەستی دادەنێت.
"ئێمە مافمان هەیە کە دەبێت دانی پێدا بنرێت"
لە باسی داهاتووی سووریادا، سیدار خەڵەف ڕەخنەی لە پشتگوێخستنی ئیرادەی ژنان گرت لە قۆناغی گۆڕانکاریدا، جەختی لەوە کردەوە، کە مافەکانی ژنان خەڵات نییە لەلایەن هیچ دەسەڵاتێکەوە، بەڵکو مافی بنەڕەتین کە دەبێت لە دەستووردا بچەسپێنرێن، جا ژنان بەشدارییان لە شەڕدا کردبێت یان نەکردبێت وتی: دوا بە دوای ١٥ ساڵ لە جەنگ دژی تیرۆر و داگیرکەران، لەگەڵ گۆڕانی حکومەت لە سووریا، دداننەنان بە ئیرادەی ژناندا سیاسەتێکی مەبەستدارە ئێمە تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین تاوەکو مافەکانمان لە دەستووردا دەسەلمێنرێن, بەڵام ئێمە چاوەڕێ ناکەین و چارەنووسی خۆمان بە حکومەتی کاتییەوە گرێ نادەین بۆ ئەوەی ددان بە مافە دەستوورییەکانماندا بنێت، چونکە ئەم مافانە لە بنەڕەتدا مافی بنەڕەتیی خۆمانن.
پێشی وایە کە هەر حکومەتێک ددان بە مافی ژناندا نەدەنێت لە بەشداریپێکردن و بڕیارداندا، لە ناوەڕۆکی هۆشیاریی خۆیدا ددان بە دایک، خوشک و کچی ناو کۆمەڵگەشدا نانێت وتی: ئەو حکومەتەی کە قەبووڵی ناکات ژنان لە شوێنە بڕیاردەرەکاندا هەبن، لە ڕاستی هۆشیاریی خۆیدا ددان بە دایک، خوشک و کچەکانی کۆمەڵگەشیدا نانێت، ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو ژنەی شەڕیان کرد و بەرخۆدانیاندا ناگەڕێتەوە بۆ "جلوبەرگی کۆیلایەتی"، هەروەها ئیسلامی ڕاستەقینە بانگەواز بۆ دادپەروەری و یەکسانی دەکات، لە کاتێکدا گروپە توندڕەوەکان ڕوونکردنەوەیەکی تووندڕەوانەی ئایین بەکار دەهێنن بۆ سنووردارکردنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە ژیانی گشتی.
ڕوونی کردەوە، کە ئەمڕۆ سووریا دەچێتە ناو قۆناغێکی نوێوە، ناکرێت دەوڵەتێکی نوێ بە عەقڵێکی کۆنەوە بونیاد بنرێت کە ژنان دوور بخاتەوە، هەروەها یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، سەروەریی دادپەروەری، مسۆگەربردنی مافەکانی ژنان لە دەستووردا، دەبێت ببنە بنەماکانی سووریای داهاتوو، چونکە ژنان هاوبەشی سەرەکی بوون لە تێکۆشاندا، دەبێت هاوبەشیش بن لە بونیادنانی دەوڵەتەکەشدا، هەروەها هۆشداریی دا لە دووبارەکردنەوەی ئەو هەڵە مێژووییەی کە دوا بە دوای جەنگە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم ڕووی دا، کاتێک ژنان بەشدارییان لە شەڕدا کرد و پاشان لە مێزی گفتوگۆکان و دروستکردنی ئاشتی دوورخرانەوە، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان قەبووڵی ناکەن ئەم سیناریۆیە دووبارە ببێتەوە، ڕێگە نادەن زیانبەرکەوتووانی ١٥ ساڵ کورت بکرێنەوە بۆ بڕیارێک کە تەنها پیاوان دەیبەنەوە.
سیدار خەڵەف، بەڕێوەبەری گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ـ ژنان، قسەکانی بەوە کۆتایی پێهێنا کە ژنان بە بێدەنگی لەسەر مێزی گفتوگۆکان ناوەستن، بەڵکو داوا دەکەن کە ببنە هاوبەشی تەواو لە ڕەنگڕێژکردنی داهاتووی سووریا، بڕیاردان، و دیاریکردنی چارەنووسی ژنان و گەلاندا بەو پێیەی ئەو زیانبەرکەوتووانەی لە ساڵانی شۆڕشدا پێشکەش کراون ئەم مافەیان پێدەبەخشێت، ناکرێت پشتگوێ بخرێت یان دەستی بەسەردا بگیرێت.