ستراتیژ و ئامانجی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا – ٢
ڕوکسەن محەمەد، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان سەرنجی بۆ ڕۆڵ و ئەرکی یەپەژە لە چوارچێوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕاکێشا و ڕایگەیاند، یەپەژە سیستمی خۆپاراستنی هەیە و بەپێی بنەماکانی ئازادیی ژنان خۆی ڕێکدەخات.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250212-jpgeab97e-image.jpg)
سیلڤا ئیبراهیم
حەسەکە- دوای ئەوەی لە ئاستە جیاجیاکاندا خۆیان ڕێکخستووە، ژنان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا درکیان بە پێویستی پاراستنی دەستکەوتەکانیان کردووە، بۆیە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کە نوێنەرایەتی ٥٠٪ی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک دەکات و خاوەنی خۆبەڕێوەرییە لە سیستمی پاراستندا، دامەزرا.
یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣ یەکەمین کۆنفرانسی خۆیان لە شاری دێرک لە کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدا، لە کۆنفرانسەکەدا یەکینەکانی پاراستنی ژنان وەک یەکەم سوپای ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسێندرا، کە ئامانجی پاراستنی خاکەکانیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان بوو، هەروەها دروستکردنی یەکسانی لەناو کۆمەڵگادا.
یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی دەستیپێکرد بە پێوەرە ئایدیۆلۆژی و فەلسەفی و سەربازییەکانی خۆی، پاراستنی ڕەوای کردە بنەمای خۆی. بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر هەرێم وەستایەوە و بە هەموو هێزی خۆیەوە شەڕی کرد، لەهەمانکاتدا دژی ئەو ئایدۆلۆژیای پیاوسالارییە کە هەزاران ساڵە لەسەر بنەمای یەک نەتەوە و یەک ئایین و یەک زمان بەردەوام بووە، خەباتی کرد.
ڕوکسەن محەمەد وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)ی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بە ئامانجی دامەزراندنی ئەو یەکەیە و ئەو دەستکەوتانەی لە ساڵانی شۆڕشدا بەدەستیان هێناوە، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
'یەپەژە لەسەر بنەماکانی ئازادی ژنان دامەزرا'
ڕوکسەن محەمەد، سەرەتای قسەکانی بە ڕاکێشانی سەرنج بۆ دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و ئەو سەختییانەی لە سەرەتاوە ڕووبەڕوویان بووەوە، وتی: لە نێوان ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٣ یەکینەکانی پاراستنی ژنان گروپێکی بچووک بوون لەناو هێزەکانی خۆپاراستن، هەرچەندە ژمارەیان کەم بوو، بەڵام ژنان توانیان خۆیان ڕێکبخەن و بەشداری لە بەرەکانی شەڕی سەرەتاییدا بکەن، لە ساڵی ٢٠١٣دا یەکینەکانی پاراستنی ژنان، یەپەژەمان ڕاگەیاند.
'ژنان لە ڕێگەی یەپەژە بوونی خۆیان دۆزیەوە'
ڕوکسەن محەمەد ئامانج و هۆکارەکانی کە شۆڕشی ڕۆژئاوای بە شۆڕشێکی ژنان ناوبردووە بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوونکردەوە: بۆچی شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشێکی ژنان پێناسە دەکەین؟ چونکە ژنانی کورد پێشەنگی ئەم شۆڕشە بوون و پەرەیان پێداوە، ئەوەی دەستکەوتەکانی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بپارێزن، پێویست بوو یەکینەکانی پاراستنی ژنان دابمەزرێنین، لە ڕێگەی شۆڕش و پێشنەگایەتی ژنانەوە، دادپەروەری و یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا هاتەدی، ئەو ژنانەی کە لە کایە گرنگەکان دوور خرابوونەوە و توانای ئیرادەیان نەبوو، لە ڕێگەی یەکینەکانی پاراستنی ژنانەوە بوونی خۆیان دۆزیەوە، پەیوەندی کۆیلایەتییان شکاند، هەموو شۆڕشێک دەبێت لە هەموو بوارەکاندا ڕێکبخرێت، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژائاوادا پێویست بوو یەکەیەکی ژنان دابمەزرێت، ژنان نیشانیان دا کە مەیدانی سەربازی تەنیا لە پیاواندا سنووردار نەبووە، ئەو ژنانەی چاوەڕێی کەسێکی تر دەکەن بۆ پاراستنیان، لە حاڵەتی چاوەڕوانیدا دەمێننەوە و تاکایەتی خۆیان ئازاد ناکەن.
'یەپەژە لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دامەزراوە'
ڕوکسەن محەمەد سەرنجی بۆ ئەو ستراتیژ و ئایدۆلۆژیایە ڕاکێشا کە یەکینەکانی پاراستنی ژنان پەیڕەوی دەکەن و وتی: یەپەژە خۆی لەسەر ئایدۆلۆژیای ئازادیی ئەو ژنانە ڕێکدەخات کە لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆیان پەروەردەکردووە، ڕێبەر ئاپۆ لە فەلسەفەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژنانی ڕێکخراو و خوێندەوار دەتوانن پێشەنگایەتی خۆیان و کۆمەڵگە بکەن و داوای یارمەتی لە هیچ کەسێک نەکەن، هێزی ئەوان لەم ئایدۆلۆژیاوە بووە و شۆڕشەکەیان پێشەنگایەتی کردووە و بەرەو ئازادی خۆیان دەڕۆن، لە یەکەکانی ئێمەدا جەختمان لەسەر لایەنە فیکری و پەروەردەییەکان کردووەتەوە چونکە ئەوانەی چەک هەڵدەگرن دەبێت بزانن بۆ چیی هەڵیدەگرن، پەروەردەی فیکری جێگەیەکی ناوەندی لە ستراتیژی ئێمەدا داگیرکردووە."
"ئێمە عاشقی شەڕ نین، عاشقی ئازادین"
ڕوکسەن محەمەد ڕایگەیاند، لە ڕێگەی پەروەردەوە هەڵەکانی ژنان لە شۆڕشەکانی پێشوودا هەڵدەسەنگێنن بۆ ئەوەی لەم شۆڕشەدا دووبارە نەبنەوە و وتیشی: ئێمە هێز لە میراسی ئەو ژنانە وەردەگرین کە لە شۆڕشەکانی پێشوودا بوونی خۆیان نیشانداوە، ئێمە ئەو هەڵانە هەڵدەسەنگێنین کە کراون بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆیان دووبارە نەکەنەوە، بەم شێوەیە دەتوانین لە ڕووی هزری و سەربازییەوە ژنان ئامادە بکەین، واتە لە ڕێگەی ئەکادیمیاکانەوە ئێمە عاشقی چەک و شەڕ نین، ئێمە عاشقی ئازادی و ژیانێکی شکۆمەندین، ئێمە دەمانەوێت ژیانێکی شایستە بۆ ئەو ژنانە و گەلانە بنیات بنێین کە لە مێژوودا ستەمیان لێ کراوە.
"سەربەخۆیی خۆتان لەناو هێزە گشتییەکاندا بپارێزن"
دوای دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە ساڵی ۲۰۱٥، یەپەژە جێگەی خۆی لە ناو هێزەکانی (هەسەدە) گرتەوە و سەربەخۆیی خۆی پاراست، سەبارەت بە سەربەخۆیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، ڕۆکسەن محەمەد وتی: یەپەژە لە هەموو بڕیارەکانی پەیوەست بەخۆیەوە سەربەخۆیە، لە هەموو بەشەکانی پەروەردەو ستراتیژی خۆپاراستندا لە پێشەنگی شەڕی داعش و شکستەکەیدا بەو پێیەی یەپەژە و هێزەکانی قەسەدە ئەزموونی سەربازیی گەورە و پڕۆژەیەکی نیشتمانییان هەیە، دەتوانن ببنە تۆوی سوپای سووریا.
"ئەو بوو بە چەتری هەموو ژنانی ئازادیخواز"
ڕوکسەن محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە پێشنەگایەتی ژنانی کورد هەموو گروپ و پێکهاتەکان دەگرێتەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوای بەرخۆدانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، لە شەڕی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ لە دژی داعش سەرکەوتوو بوون، ژنانی عەرەب، تورکمان، ئەرمەنی، سریانی، ئاشووری، تەنانەت ژنانی وڵاتانی ئەوروپیش بەشدارییان لە ڕیزبەندییەکە کرد و لە ژێر کاریگەری خەباتی یەپەژەدا بوون.
"یەپەژە بەرخۆدان و خەباتی ژنان دەنووسێتەوە بۆ مێژوو"
ڕوکسەن محەمەد ڕایگەیاند کە یەپەژە بە دەستی ژنان ڕاستی و مێژوو دەنووسێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: قارەمانێتی و خەباتی ئەو ژنانەی کە لە ئێستادا پێشنەگایەتی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاغ دەکەن نوێنەرایەتی مێژووی نوێی ژنان دەکەن، بۆیە دەتوانین سەدەی بیست و یەک وەک سەدەی ژنان پێناسە بکەین، مێژووی خەباتی یەپەژە بە دەستی ژن نووسراوە، بەهۆی ترسی لەشکرکێشی، ژنانی پێشنەگ و بەڕێوەبەران لەم ساڵانەی دواییدا زۆرترین ئامانج بوون، ئامانج لەم هێرشانە لەناوبردنی خەبات و بەرخۆدانە، بەڵام ئەم سیاسەتە هەرگیز کاریگەری لەسەر هێز و ئیرادەی ژنان نییە، وەک یەکینەکانی پاراستنی ژنان، بەردەوامین لە تێکۆشانمان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی یەکسان و دیموکراسی و دادپەروەرانە.
"سیستمێکی خۆپاراستنمان هەیە"
سەبارەت بە داواکارییەکانی یەپەژە لە سووریای نوێ، ڕۆکسەن محەمەد وتی: بەهێزکردنی ژنان تەنها لە هەندێک پۆستی جێبەجێکردن لە حکومەتدا بەس نییە و داواکارییەکانمان بەدی ناهێنێت، ئێمە مێژوویەکی پڕ لە بەرخۆدان و خەباتمان هەیە، بۆیە دەبێت ڕۆڵی ژنان لە سووریای داهاتوودا چالاک بێت، بۆ ئەوەی ماف و ئازادی خۆیان دەستەبەر بکەن، دەبێت ئامادەبن بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان، ژنان دەتوانن ئەرکەکانی وەزارەتی بەرگری یان وەزارەتەکان لە ئەستۆ بگرن و جێبەجێی بکەن، ژنان لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا ئەمەیان نیشان دا، هیچ تێگەیشتنێک ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت، چونکە سیستمی بەرگریمان هەیە، ژنان دەتوانن زیاتر خۆیان ڕێکبخەن و ئامادەیی خۆیان لە سووریا نوێ بکەنەوە، =مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بپارێزن، پێویستە پشکی ژنان لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا ٥٠٪ بێت.