سریانییەکان بۆ ناساندنی زمانەکەیان لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە کۆبوونەوە
سریانیەکان لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە دانیشتن، ڕایانگەیاند: ئێمە نامەیەکمان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی بگاتە دەست حکومەتی کاتی. داواکمان کردووە کە زمانی سریانی بە فەرمی بناسرێت. دوای گەیشتن بەم قۆناغە، دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان لە دەستووری سوریادا دەستەبەر بکرێت.
حەسەکە
لە شاری حەسەکە، هاوڵاتییانی سریانی خۆپیشاندانێکیان سازکرد و داوای ناساندنی فەرمی زمانی سریانی و پەسەندکردنی دامەزراوەی "ئۆلف تاو"یان کرد. خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند کە ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی زمان، ناسنامە و کەلوپووری کولتووری پێکهاتە ڕەسەنەکانی سوریایە.
لە خۆپیشاندانەکەدا، ئەندامانی پارتی یەکێتیی سریانی، گەنجانی ناوەندی کولتووری سریانی، هەروەها پارتی یەکێتیی ژنانی سریانی ئامادە بوون. خۆپیشاندانەکە لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای حەسەکەدا بەڕێوەچوو. لە چالاکییەکەدا چەندین پانکارت بەرزکرانەوە کە لەسەریان نووسرابوو: زمانی سریانی زمانی مێژوویی و شارستانیەتی سوریایە"، "داوای پەسەندکردنی دامەزراوەی ئۆلف تاو دەکەین" و "زمانی دایک کولتوور و ناسنامەیە.
له کاتی خۆپیشاندانەکەدا، شاندێکی پارتی یەکێتیی سریانی چوونە ناو باڵەخانەی پارێزگاوە و لەگەڵ نوردین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە کۆبوونەوە و داواکارییەکیان پێشکەش بەو کرد.
بانگەواز بۆ ناساندنی زمانی سریانی

ڕیما مەرشۆ لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند کە زمانی سریانی زمانێکی ڕەسەنە و خاوەن کەلوپوورێکی مێژووییە لە سوریادا، و داوای لە حکومەتی سوریا کرد کە ئەم زمانە بە شێوەیەکی فەرمی بناسێنێت. ڕیما مەرشۆ وتی: زمانی سریانی لە مێژوو و شارستانیەتی سوریادا پێگەیەکی گرنگی هەیە و دەبێت لە دەستووری داهاتووی سوریادا شوێنی فەرمی خۆی بگرێت.

لۆریس هەننا، کە یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی، ڕایگەیاند کە زمان نیشانەی ناسنامەی کۆمەڵگاکانە و نەوەی نوێ دەیەوێت بە زمان و کولتووری خۆی فێر بێت و پێشبکەوێت. لۆریس هەننا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە بە زمانەکەمان دەناسرێینەوە. دەمانەوێت زمانەکەمان بە فەرمی بناسرێت.
«دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان لە دەستووردا بپارێزرێت»
دوای ئەوەی شاندەکە لە لای پارێزگاری حەسەکە گەڕایەوە، گابریێل شەمعون، ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی یەکێتیی سریانی لە حەسەکە، ڕایگەیاند کە ئەم گردبوونەوەیە بۆ پاراستن و پشتگیریکردنی مافی هەموو ئەو پێکهاتانە ڕێکخراوە کە لە سوریادا دەژین و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: «ئێمە نامەیەکمان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی بگاتە دەست حکومەتی کاتی. لە نامەکەدا داوامان کردووە کە زمانی سریانی بە فەرمی بناسرێت، چونکە ئەمە یەکێکە لە مافە ڕەواکانی ئێمە. دوای گەیشتن بەم قۆناغە، دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان لە دەستووری سوریادا دەستەبەر بکرێت.»
شەمعون ئاماژەی بەوەش کرد کە بەم پەسەندکردنە، سوریا دەتوانێت سەرەتایەکی نوێ بنیاد بنێت و وێنە شارستانی و مێژووییەکەی خۆی بەهێزتر بکات، کە لەسەر بنەمای فرەیی، جیاوازی و هەمەڕەنگیی کۆمەڵایەتی دامەزراوە.
