سەروناز ئەحمەدی ماوەی ٢٨ ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە

سەروناز ئەحمەدی، وەرگێڕ و چالاکوانی مافی منداڵان کە لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستگیرکرابوو، بە هۆی نەدانی مۆڵەتی پشکنینی پزیشکی ماوەی ٢٨ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

زیندانی سیاسی نەخۆش سەروناز ئەحمەدی، وەرگێڕ و چالاکی مافی منداڵان، لە زیندانی ئەڤینی تاران دەستبەسەرە، بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی پشکنینی پزیشکی پێنەدراوە، ٢٨ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی چالاکوانانی مافی مرۆڤ، سەروناز ئەحمەدی وازی لە خواردنی دەرمانی دڵەڕاوکێ هێناوە و خزمەتگوزاری تەندروستی زیندان ڕەت دەکاتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، سەروناز ئەحمەدی لە کاتی هێرشکردنە سەربەندی ژنانی زیندانی ئەڤین پێشتر تووشی دڵەڕاوکێ بووە و گوازتراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

سەروناز ئەحمەدی، وەرگێڕو چالاکوانی مافی منداڵان و ڕۆژنامەنووس لەکاتی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی  "ژن، ژیان، ئازادی"، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ کامیار فەکور هاوژینەکەی دەستبەسەر کران، پێشتریش بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت" و "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی سزادرابوو.