سەرکوتکردنی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامی هەیە
سەرکوتکردنی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتەوە بەردەوامی هەیە و لەو چوارچێوەەیەشدا، ژنێکی خوزستان سزا دار و ژنێکی دیکەش ڕەوانەی زیندانی ئەهواز کرا، هەروەها دۆخی تەندرووستی زیندانییەکی سیاسیی خراپە.
					ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ و کۆمیسیۆنی ژنانی ئەنجوومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی زیندانیی سیاسیی بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، فەروخ خوسرەوی، مامۆستای سەرەتایی و دانیشتووی شارۆچکەی بێهبەهانی خوزستان بە تۆمەتی ''پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت، بێرێزیکردن بە سەرکردایەتی و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، پەیوەندی لەگەڵ تۆڕی نێودەوڵەتی دژ بە ئێران'' لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارۆچکەیە بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادیان سزای ١٥ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ٢٩ی تەمموزی ئەمساڵدا فەروخ خوسرەوی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و لە ٨ی ئابی ئەمساڵ لە زیندانی سپیدار لە ئەهواز بەشێوەی کاتی ئازاد کرا، ئەو ژنە مامۆستایە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە و دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ لە زانکۆ دەرکرا.
باس لەوەشکراوە، مەریەم زوبەیدی تەمەن ٥٨ ساڵ و خەڵکی شاری ئەهواز بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی سپیدار کرا، کە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەهواز بە تۆمەتی ''کارکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی و پەیوەندی کردن بە وڵاتانی بیانی'' دادگایی کرا و سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەریدا سەپێندرا و بڕیارەکەش پەسەند کرا.

دەشڵێن، ئەو ژنە زیندانییە تەندرووستی ناجێگیرە و ڕووبەڕووی نەخۆشی هەناسەدان و هەرس بوەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، مەریەم زوبەیدی، پێشتر لە ١٥ی ئازاری ٢٠١٨ لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و ماوەی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی لە زیندانی سپیدار بەسەربرد و لەو ماوەیەدا لەژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەداندا بوو، ١٣ مانگ لەمەوبەر بە شێوەی کاتی بەهۆی نەخۆشییەوە ئازاد کرا.
لە لایەکی دیکەوە مەرزییە فارسی زیندانیی سیاسی و تووشبوو بە شێرپەنجە لە زیندانی ئێڤین لە باری تەندرووستی خراپدایە و لە چارەسەری پزیشکی پێویست بێبەش کراوە، لەم چەند هەفتەیەی دواییدا بەهۆی نیشانەکانی سەرگێژبوون، سەرئێشەی زۆر دۆخی خراپتر بووە و سەرەڕای هۆشداری پزیشکانی زیندان کە پێویستە بەپەلە بگواسترێتەوە بۆ سەنتەری پزیشکی پسپۆری، بەڵام بەرپرسانی زیندان مۆڵەتی گواستنەوەیان ڕەتکردووەتەوە و لە زیندانیاندا هێشتوویانەتەوە بەبێ چاودێری پێویست.






لە ٢١ی ئابی ٢٠٢٣ هاوکات لەگەڵ
 ساڵیادی شۆڕشی''ژن، ژیان، ئازادی'' مەرزییە فارسی لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٥ و دانیشتووی تاران و دایکی دوو منداڵ لە تاران دەستگیرکرا و بۆ زیندانی ئەوین گواسترایەوە و دواتر بە تۆمەتی''یاخیبوون'' سزای ١٥ ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژانە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان ژنانی چالاکوان بە پاساوی جۆراوجۆر لە لایەن هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێن.