سەربازیکردنی منداڵان لە ئێران... گرتەڤیدیۆیە نوێیەکان ڕەخنەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە

بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە منداڵان لە بۆنە و ئاهەنگەکانی حکومەتی ئێراندا مەشقی چەک وەردەگرن، نیگەرانییەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە، لە کاتێکدایە کە سەرکوتکردنی ئەمنی و گۆڕینی میدیای دەوڵەتی بۆ سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەربازی.

ناوەندی هەواڵ- دیمەنی ئەمنی و سیاسی لە ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا شایەتی گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەرەو سەرکوتی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، کە بە پەرەسەندنی دەستبەسەرکردنەکان، بەرزبوونەوەی لەسێدارەدانەکان و فراوانبوونی مەودای سەرکوتکردنەکان بەخۆیەوە بینیوە.

 

لەناو ئەم کەشوهەوای گرژەدا، وێنە و ڤیدیۆی نوێی منداڵان لە بۆنە حکومییەکاندا مەشقی چەک وەردەگرن، کە نیگەرانییەکی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە، وەک بەشێک لە پڕۆژەیەکی فراوانتر بۆ "سەربازیکردنی کۆمەڵگە” و "ئاسایکردنەوەی توندوتیژی" سەیر دەکرێت.

 

بە وتەی چاودێران، حکومەتی ئێران لەم دواییانەدا قسە و باسە ئەمنییەکانی خۆی چڕتر کردووەتەوە، کە میدیا فەرمییەکان و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان زیاتر پشت بە زمانی شەڕ و هەڕەشە دەبەستن.

 

تەنانەت لە هەندێک بەرنامەدا پێشکەشکاران بە جلوبەرگی سەربازییەوە نمایشکراون و چەکیان هەڵگرتووە، چەمکەکانی وەک "ئامادەیی شەڕ" و "بەرگری چەکداری" وەک بەهای گشتی بەرەوپێش دەبەن.

 

ئەم گۆڕانکارییە میدیاییە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە کە منداڵان لە ژێر چاودێری پیاوانی جلوبەرگی سەربازیدا مەشق و ڕاهێنانی چەک وەردەگرن، ئەمەش ڕەخنەی بەرفراوانی لێکەوتەوە کە ئەم کارانە تەنها چالاکیی پەروەردەیی نین، بەڵکو بەشێکن لە "پڕوپاگەندەی حکومەت بە ئامانجی چاندنی کولتووری توندوتیژی لە مێشکی نەوەی نوێدا".

 

کۆمەڵناس و دەروونناسانی منداڵان هۆشداری دەدەن، کە بەرکەوتنی منداڵانی بچووک بە ئامڕازەکانی شەڕ و چەک لە تەمەنێکی بچووکدا کاریگەری قووڵی لەسەر ڕەفتار و گەشەسەندنی دەروونییان دەبێت، توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە منداڵان لەم قۆناغەدا چەمکەکانی دەسەڵات و ناسنامە لە دەوروبەری خۆیانەوە بەدەست دەهێنن، ئەمەش وا دەکات بەرکەوتنیان بە ژینگەیەکی سەربازی لە ڕادەبەدەر مەترسیدار بێت.

 

هەرچەندە زۆرێک لە وڵاتان یاسای توندیان هەیە کە تێوەگلانی منداڵان لە پڕوپاگەندەی سەربازیدا قەدەغە دەکات، بەڵام ئێران شایەتحاڵی بەکارهێنانی بەردەوامی منداڵان بووە لە پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکان لە قۆناغەکانی قەیرانی سیاسیدا، لە کامپە نیمچە سەربازییەکانەوە تا بەرنامەی میدیایی کە "پاڵەوانی چەکدار" وەک نمونەیەک نیشان دەدەن.

 

میدیای فەرمی دەگۆڕێت بۆ سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەربازی

چاودێران پێیان وایە کە میدیای ئێران چیتر تەنها هەواڵ نییە، بەڵکو بووەتە سەکۆیەکی کراوە بۆ پڕوپاگەندەی ئەمنی، ئەو بەرنامانەی کە گرنگی بە "هەڕەشە دەرەکییەکان" و "ئامادەکاری بۆ شەڕ" دەدەن، لەگەڵ نمایشکردنی ئامێرە سەربازییەکان لە بەرنامە گشتییەکاندا، پەرەیان سەندووە، ئەمەش پەرەی داوە بە هەستێکی بەردەوامی نائاسایی.

 

لەم چوارچێوەیەدا، ئیتر مەشقی منداڵان لە بەکارهێنانی چەکدا وەک ڕووداوێکی گۆشەگیر سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک بەشێک لە "سیاسەتێکی هەمەلایەنە بە ئامانجی شەرعیەتدان بە توندوتیژی و خستنەڕووی وەک بەهایەکی نیشتمانی".

 

شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەو حکومەتانەی ڕووبەڕووی قەیرانی شەرعیەت دەبنەوە زۆرجار پەنا بۆ دروستکردنی "دوژمنێکی هەمیشەیی" و بەکارهێنانی ترس وەک ئامرازێکی کۆنترۆڵکردن دەبەن، لە ئێراندا پێدەچێت تێکەڵبوونی سەرکوتی ناوخۆیی و پڕوپاگەندەی جەنگ ڕەنگدانەوەی زیاتربوونی پشتبەستن بە ئامێرە ئەمنییەکان بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بێت.

 

ڕەخنەگران وتیان: بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵانی هەڵگری چەک لە کاتێکدایە کە هاوڵاتیان بەدەست قەیرانە ئابوورییە پەککەوتووەکان و بێکاری و کۆچی بەربڵاو و سەرکوتی سیاسییەوە دەناڵێنن، ئەمەش وایکردووە ئەم وێنانە، بۆ زۆر کەس، نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانەکان بن نەک هێز.

 

لەم هەلومەرجەدا، زۆرێک لە خیزانەکان ترسی خۆیان دەردەبڕن کە ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆی چەسپاندنی کولتووری توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا و مەترسی لەسەر داهاتووی دەروونی و پەروەردەیی منداڵەکانیان دروست بکات، لەبری ئەوەی وەبەرهێنان لە پەروەردە و خۆشگوزەرانیدا بکرێت، چەک وەک ئامڕازی ناسنامە و سەربەخۆیی پێشکەش دەکرێت، هەنگاوێک کە زۆر کەس وەک نیشانەیەکی مەترسیدار بۆ خلیسکانی وڵات بەرەو توندوتیژی و نائەمنی زیاتر دەزانن.