سەرباری فشارەکان ٨ی مارس لە مەریوان پیرۆزکرا
سەرباری فشار و ئاستەنگییەکانی ڕژێمی ئێران گەنجانی شاری مەریوان بە چالاکییەک یادی لەدایکبوونی زەینەب جەلالیان و ٨ مارسیان پیرۆزکرد.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵێک گەنجی وڵاتپارێز لە شاری مەریوان سەر بە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چالاکییەک یادی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان و یادی لەدایکبوونی زەینەب جەلالیان سیاسەتمەدار و چالاکوانی زیندانی کراویان پیرۆزکرد.
لە وێنەکاندا دەردەکەوێت پۆستەرەکان وێنەی ژنانی زیندانی سیاسی کورد لە ئیلام تا ئورمییەی تێدایە و لە پۆستەری دیکەشدا ٨ی مارسیان لە هەموو ژنانی ئازادیخواز پیرۆز کردووە.
هەر لە پۆستەرەکاندا بە وێنەی زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد، یادی لەدایکبوونی ئەو ژنە چالاکوانەیان پیرۆز کردووە و نوسراوە "بە یەکگرتوویی ژنان کۆتایی بە سیاسەتی قڕکردنی بێنن".
ئەم چالاکییانە لە کاتێکدایە کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران هەموو چالاکییەکی بۆ ٨ی مارس قەدەغەکردووە و زەخت و گوشارەکانی لەسەر چالاکوانان زیادکردووە، هەروەها لە ڕۆژانی ٨ی مارسیشدا هێزە نیزامییەکانی خۆی لەناو شارەکاندا بڵاو کردبووەوە تا ڕێگری بکات لەچالاکییەکان.
ت.پ