سپیڤاک، فەیلەسوفی ناسراو پشتگیریی خۆی لە پرۆسەی ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەردەبڕێت.
تیۆریسین و بیرمەندی هیندی، گایاتری سپیڤاک، نامەیەکی بۆ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان،نارد و تێیدا پشتگیریی خۆی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و دادپەروەرانە دەربڕی.
ناوەندی هەواڵ –گایاتری چاکراڤۆرتی سپیڤاک، فەیلەسوف و بیرمەندی فێمینیستی هیندی، پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد و نامەیەکی بۆ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، نارد. سپیڤاک لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای زیندانیکردن و دۆخە سەختەکانی زیندان، خۆڕاگریی عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری لەسەر داناوە و جەختی کردەوە کە بانگەوازەکەی بۆ یەکسانیی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا گرنگییەکی مێژوویی هەیە.
گایاتری چاکراڤۆرتی سپیڤاک ، فەیلەسوف و تیۆریسێنی ناسراوی هیندی، نامەیەکی پشتیوانی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نووسی کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، دەستیپێکراوە و بەڕێوە دەبرێت. نامەکەی سپیڤاک گەیشتە دەستی شاندی ئیمڕاڵی.
سپیڤاک لە نامەکەیدا ئاماژەی بە خۆڕاگریی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە بەرامبەر سیستەمی ئەشکەنجە و تەریکخستن کرد و ڕوونی کردەوە کە یاسای چوارچێوە، ئەگەری ئازادبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەهێزتر دەکات. هەروەها جەختی کردەوە کە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ڕوانگەیەک کە لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان بێت، گرنگترین بابەتە.
بانگەوازەکەتان بۆ یەکسانیی ڕەگەزی کاریگەریی لەسەر من دانا
گایاتری چاکراڤۆرتی سپیڤاک، فەیلەسوف و بیرمەند، لە نامەکەیدا بۆ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، نووسیویەتی:
برا خۆشەویستەکەم، عەبدوڵا ئۆجالان،
ماوەیەکی زۆرە خۆڕاگریی تۆ لە بەرامبەر بەندکردنی درێژخایەن و تەریکخستن، کاریگەریی لەسەر من دادەنێت. هەروەها بانگەوازەکەت بۆ یەکسانیی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر من داناوە. ئێستاش یاسایەکی چوارچێوە هەیە کە ئەگەری ئازادبوونت بەهێزتر دەکات.
کێشە ڕاستەقینەکانمان تازە دەست پێ دەکەن. چونکە تۆ لەبری پاراستنی ڕوانگەیەکی سەرەتایی و نەتەوەگەری، ڕێگایەکی ئاڵۆزتر و فراوانتری بوونی دیموکراتیکت پێشنیار کردووە. بۆ ئەمەش پێویستمان بە سیستەمێکی پەروەردەییە کە منداڵان لە داهاتوودا، کاتێک دەنگ دەدەن، بتوانن پارادۆکسی دیموکراسی تێبگەن و ڕوانگەیەکی زانستی و زانینی بەردەوام پەرە پێ بدەن؛ ڕوانگەیەک کە ئازادی بۆ خۆیان، یەکسانی بۆ مرۆڤەکان و خواستێکی بەهێز بۆ جیهانێکی دادپەروەرتر بخوازێت.
منیش نزیکەی ٦٠ ساڵە هەوڵ دەدەم ئەم کارە بکەم؛ لە زانکۆی کۆلۆمبیا وانەی ئەدەبیاتی ئەورووپی دەڵێمەوە و لەگەڵ ئەو کەسانەش کار دەکەم کە بێماف و بێبەشن، خوێندنەوە و نووسین نازانن و لە خوارترین چینەکانی کۆمەڵگەدان؛ هەروەها لەگەڵ منداڵانی خەڵکی خۆجێیی. هەندێک کەسی تر فێری بەرهەمهێنانی زانست دەکەن، بەڵام هەندێک لە ئێمە ناچارین فێری فێربوون ببین.
بەتایبەتی ئەمڕۆ زۆر گرنگە منداڵان فێری داواکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر ببن؛ چونکە جیهان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و ژیریی دەستکردەوە، ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە.
برا خۆشەویستەکەم، باشترین ئاوات و نیگەرانییەکانم بۆ تۆ دەخوازم.
بە ڕێز و حورمەت.
گایاتری چاکراڤۆرتی سپیڤاک کێیە؟
گایاتری چاکراڤۆرتی سپیڤاک لە ٢٤ی شوباتی ساڵی ١٩٤٢ لەدایک بووە. ئەو فەیلەسوف، ئەکادیمیست و بیرمەندێکی فێمینیستی هیندییە کە بەهۆی کارەکانی لە بواری تیۆریی ئەدەبی، تیۆریی پاشکۆلۆنیالی و لێکۆڵینەوە لە چینە ژێردەستەکاندا ناسراوە.
سپیڤاک بە تایبەتی بە بەرهەمە بەناوبانگەکەی بە ناوی «ئایا ژێردەستەکان دەتوانن قسە بکەن؟» (Can the Subaltern Speak?) ناسراوە. لەم بەرهەمەدا، بە دیدێکی ڕەخنەگرانە و فێمینیستی، پەیوەندیی نێوان میراتی داگیرکاری، نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی پیاوساڵاری و بەرهەمهێنانی زانست دەکۆڵێتەوە.
سپیڤاک لە کارە ئەکادیمییەکان و چالاکییە کردارییەکانیدا، گرنگی بە فێمینیسم، بیرکردنەوەی دیکۆلۆنیالی، خەبات دژی سەرمایەداری و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی دەدات.