سنووردارکردنی تاڵیبان ڕێگری لە هەوڵەکانی ڕزگارکردن و چارەسەرکردنی ژنانی ئەفغانی دوای بوومەلەرزە دەکات

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "تێلەگراف"ی بەریتانی، لەدوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، سەدان ژنی ئەفغانی گیانیان لەدەستدا، بەهۆی سنووردارکردنی توندی تاڵیبانەوە کە بووەتە هۆی ئاڵەنگاری بۆ هەوڵەکانی ڕزگارکردن و چارەسەرکردن لە کاتی خۆیدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٣١ی ئابدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٦ پلە پارێزگای کوناری شاخاوی هەژاند، دواتر دوو بوومەلەرزەی پاشەکشەی ڕوویدا کە کارەساتەکەی زیاتر کرد، بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ کەس و برینداربوونی هەزارانی دیکە، هاوکات گروپەکانی فریاگوزاری ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو بوونەتەوە لە گەیشتن بە گوندە دوورەدەست و زیانلێکەوتووەکان.

 

ڕۆژنامەی (تێلێگراف)ی بەریتانی ڕۆژی ٥ی ئەیلوول ئاشکرایکرد، ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە، بەهۆی ئەو سنووردارکردنە توندانەی کە لەلایەن تاڵیبانەوە سەپێندرابوون، بووەتە ڕێگر لەبەردەم هەوڵەکانی ڕزگارکردن و دابینکردنی چارەسەر لە کاتی خۆیدا، هەروەها گیانی سەدان ژنی لێکەوتەوە.

 

بەگوێرەی شایەتی ڕزگاربووان، زۆرێک لە ژنان خۆیان لە نزیکبوونەوە لە گروپەکانی فریاگوزاری و پزیشکی پیاو دوور دەخستەوە بەهۆی قەدەغەکردنی توند لەسەر مامەڵەکردنی ژنان لەگەڵ پیاوان بەبێ سەرپەرشتیار، لە هەمان کاتدا ژنان لە بەشداریکردن لە گروپەکانی فریاگوزاری قەدەغە کرا، ئەمەش بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد، یەکێک لە فریاگوزارەکان ڕوونی کردەوە کە تەنانەت دەست لێدانی جەستەی ژنانیش دەبێتە هۆی سزادان.

 

لە کاتی گەڕان بەدوای ڕزگاربووان لە گوندەکانی وەک مەزاری دارا، پیاوان و مناڵان بۆ چارەسەر بردران، لەکاتێکدا ژنان بەجێهێڵران تا بمرن، دانیشتوانی ناوچەکە ڕایانگەیاندوە، کە هەندێک لە ژنان لە ناوەڕاستی ڕێڕەوی هەڵهاتنەکەیانەوە گەڕاونەتەوە بۆ گەڕان بەدوای باڵاپۆشەکانیاندا، بەمەش لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردوە.

 

لە نەخۆشخانەی ناوچەی جەلال ئاباد، پزیشکەکان ڕایانگەیاندوە، لە یەکەم کاتژمێرەکانی دوای بوومەلەرزەکە، بەشێک لە کارمەندانی پزیشکی ڕەتیانکردوەتەوە چارەسەری ژنان بکەن و لە ئەنجامدا چەند ژنێکی دووگیان گیانیان لەدەستداوە، کارمەندێکی تەندروستی دووپاتی کردەوە، کە ژمارەی گیانلەدەستدان لەنێو ژناندا ڕەنگە زۆر زیاتر بێت لە ئامارە فەرمییەکان و لەوانەیە بگاتە سەدان کەس.

 

لەم چوارچێوەیەدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تاڵیبانیان تۆمەتبار کردوە بەوەی تەنانەت لە کاتی کارەساتە مرۆییەکانیشدا "کۆت و بەندێکی توند"یان بەسەر ژناندا سەپاندووە، کە ئەمەش نیگەرانییەکانی پەرەسەندنی زیادبوونی ژمارەی کوژراوانی دروستکردوە، لەکاتێکدا هەوڵەکانی ڕزگارکردن بەردەوامن بۆ وەرگرتنەوەی ئەوانەی لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردوە.