سنووردارکردنەکان بەردەوامن و بزووتنەوەیەکی ژنان داوای کۆتاییهێنان بە سیاسەتەکانی تاڵیبان دەکات

لەگەڵ نزیکبوونەوەی پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان، ڕەخنەکان سەبارەت بە دۆخی ژنان و منداڵانی کچانی ئەو وڵاتە نوێ دەبنەوە، کە بەردەوامی سنووردارکردنی مافەکانیان بۆ خوێندن و کارکردن و بەشداری کۆمەڵایەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

بزووتنەوەی ”خوراسانی ژنانی نوێی کابول” ڕەخنەی خۆی لە سیاسەتەکانی سەپێنراو بەسەر ژنان و منداڵانی کچان نوێکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو ڕێوشوێن و سنووردارکردنانەی لە ساڵانی ڕابردوودا کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئەوان هەبووە، جۆرێک لە جیاکاریی ڕەگەزی و پێشێلکردنی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکان پێکدەهێنن.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، کە ٢٥ی تەمووز بڵاویکردووەتەوە، بزووتنەوەی ”خۆراسانی ژنانی نوێی کابول” وتی: لە پێنج ساڵی ڕابردوودا شایەتی دابەزینی بەرچاوی بارودۆخی ژنان و منداڵانی کچانی ئەفغانستانی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە چەندین مافی سەرەتایی خۆیان بێبەش کراون، دیارترینیان مافی خوێندن و کارکردن و بەشداریکردن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و گشتیدا، هەروەها لە  ١٥ی ئاب خاڵی وەرچەرخانێکە لە ژیانی ملیۆنان ئەفغانی، بەتایبەتی ژنان و منداڵانی کچ، کە لەو کاتەوە ڕووبەڕووی سنووردارکردنی بەرفراوان بوونەتەوە کە کاریگەری لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ڕۆژانەیان هەبووە.

 

بزووتنەوەکە جەختی لەوە کردەوە، کە پەروەردە و کار و بەشداری کۆمەڵگە خەڵاتێک نییە کە دەسەڵاتداران پێیان دەبەخشن، بەڵکو مافێکی بنەڕەتین کە دەبێت بۆ هەموو ژنان دەستەبەر بکرێن، هەروەها دروشمی "دادپەروەری، ئازادی و یەکسانی داواکاریی ئێمەن"، ڕەنگدانەوەی داواکارییەکانی ژنانی ئەفغانستانە بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان و ژیان بە کەرامەت و ئاسایشەوە، بزووتنەوەکە بەردەوامی ئەو سنووردارکردنانەی شەرمەزارکرد کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە و بارودۆخی ئێستای بە "جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەزی" و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پێناسە کرد، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی جددی بنێن بۆ فشارەکان و کۆتاییهێنان بەم سیاسەتانە و دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان و منداڵانی کچ لە ئەفغانستان.

 

لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١، منداڵانی کچ ڕووبەڕووی سنووردارکردن بوونەتەوە بۆ درێژەدان بە خوێندن لە دەرەوەی پۆلی شەشەم، لە کاتێکدا ژنان تووشی سنوورداربوونی بەرفراوان دەبن لە بوارەکانی دامەزراندن، خوێندن، چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا، ئەم ڕێوشوێنانە ڕەخنەی دووبارەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگا نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتووەتەوە، کە داوای کۆتاییهێنان بەو سنووردارکردنانەیان کردووە کە بەسەر ژناندا سەپێنراون و دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان.