سەندیکای مامۆستایانی ئێران ماتەمینی گشتی و داخستنی خوێندنگەکانی ڕاگەیاند

سەندیکای مامۆستایانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا ماتەمینی گشتیی بۆ خوێندکار و مامۆستا کوژراوەکان ڕاگەیاندو داوا لە هەموو مامۆستایان، پەروەردەکاران و خێزانی خوێندکاران دەکات ڕۆژی چوارشەممە نەچنە خوێندنگە

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە، بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە، بەڵام ڕژێمی ئێران بە فیشەک و دەستبەسەرکردن، بڵاوکردنەوەی فشارە ئەمنییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆر لەنێو گەڕەکەکان و شەقامەکان وەڵامی داواکارییەکانی گەل دەداتەوە و ڕێگری لەسەر هەڵدانەوەی شۆڕشێکی دیکەی هاوشێوەی “ژن ژیان ئازادی” دەکات.

 

ئەمڕۆ ئەنجومەنی هەماهەنگی سەندیکای مامۆستایانی ئێران بەناوی "بۆ مێزی بەتاڵ، بۆ خەونە تەواونەکراوەکان" سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتیی بۆ خوێندکار و مامۆستا کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەدەستی ڕژێمی ئێران راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: داوا لە هەموو مامۆستایان، پەروەردەکاران و خێزانی خوێندکاران دەکەین کە ڕۆژی چوارشەمە نەچنە خوێندنگە و بەشداری لە مەراسیمی ماتەمینی خوێندکار و مامۆستا کوژراوەکان بکەن و سەرەخۆشی لە خێزانە خەمبارەکان بکەن، ئەگەر خوێندکاران لەسەر شەقامەکان پارێزراو نەبن و ئەگەر خوێندنگەکان ببنە شوێنی دەستبەسەرکردن لە جیاتی شوێنی خوێندن، بێدەنگیمان ئەم کارەساتە قوڵتر دەکاتەوە، بەرگریکردن لە خوێندنگەکان بەرگریکردنە لە داهاتوو، مافی ژیان لە سەرووی هەموو ڕەچاوکردنێکی ترەوەیە.

 

 لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تا ئێستا حەوت هەزار و ١٥ کەس کوژراون و ٥٣ هەزار و ٥٥٢ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ٢٥ هەزار و ٨٤٥ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.