سۆماڵ لە ماوەی شەش دەیە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدات
مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ بە دەستپێکردنی یەکەمین هەڵبژاردنی ناوخۆیی ڕاستەوخۆی خۆی لە ماوەی نزیکەی شەش دەیەدا، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی ئەزموونی دیموکراتیەوە.
ناوەندی هەواڵ
یەکەم هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سۆماڵ لە ماوەی ٥٧ ساڵدا نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دەکات لە سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵاتەوە کە لەسەر بنەمای خێڵەکیە بۆ ڕێبازی "یەک کەس، یەک دەنگ"، لەنێو ئەو هیوایەی کە ڕێگە خۆشکەرن بۆ سەردەمێکی سیاسی فراوانتر.
مەقادیشۆ پایتەختی سۆماڵ، ئەمڕۆ ٢٥ی کانوونی یەکەم، یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی ڕاستەوخۆی خۆی لە ماوەی نزیکەی شەش دەیە ئەنجام دەدات، ئەمەش هەنگاوێکە کە بە هەنگاوێکی سەرەکی لە ڕێگای گواستنەوەی دیموکراتی لە وڵاتەکەدا پێناسە دەکرێت.
ئەم هەڵبژاردنانە وەک تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی بۆ توانای سۆماڵ سەیر دەکرێن بۆ تێپەڕاندنی میراسی شەڕی ناوخۆ و دابەشبوونی خێڵەکان و هەنگاونان بەرەو سیستەمێکی سیاسی سەردەمی کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بێت.
زیاتر لە ٥٠٣ هەزار دەنگدەر بەرەو ٥٢٣ وێستگەی دەنگدان هەن لە سەرانسەری ١٦ لە کۆی ١٨ پارێزگای ناوچەی بنادر، کە ١٦٠٤کاندید نوێنەرایەتی نزیکەی ٢٠ پارت و ڕێکخراوی سیاسی دەکەن، کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٣٩٠ کورسی لە ئەنجومەنی شارەوانییەکان.
کۆمسیۆنی سەربەخۆی نیشتمانیی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، کە کاغەزی دەنگدانیان بەسەر ٩١٨ هەزار دەنگدەراندا دابەشکرد، ئەمەش دوابەدوای یەکەم پڕۆسەی تۆمارکردنی دەنگدەران لە ماوەی دەیان ساڵدا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا.
ئەم هەڵبژاردنانە دوای ساڵانێک لە سیستەمی پشکی خێڵەکی کە بە "یاسای ٤.٥" ناسراوە دێت، لە ساڵی ٢٠٠٠ دوای ڕووخانی حکومەتی ناوەندی لە ساڵی ١٩٩١ دامەزرا، ئەم سیستەمە پشکی تایبەتی بە خێڵە گەورەکان و کەمینە و ژنانی پەراوێزخراو بەخشی.
ئەمڕۆ دروشمی "یەک کەس، یەک دەنگ" ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستەمی کۆنە، کە پشتی بە پیاوماقوڵانی خێڵەکی بەستبوو بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر.
هەرچەندە زیاتر لە ٩٠٪ی کاندیدەکان گەنجن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە دیمۆگرافی و سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگە، بەڵام بەشداری ژنان بە سنووردار دەمێنێتەوە و لە ڕێژەی ٣٠٪ ی کەمتر دەبێتەوە، بوونی ژنان لەم هەڵبژاردنانەدا وەک ئاماژەی خەباتێکی درێژخایەن بۆ دانپێدانان و بەهێزکردن سەیر دەکرێت، چونکە ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبنەوە کە ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنیان بە پۆستە بڕیاردەرەکان دەکەن.
شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم هەڵبژاردنانە هەنگاوێکی سەرەتایین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە ساڵی ٢٠٢٦ بەڕێوە بچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ناکۆکی بەردەوامی نێوان حکومەتی فیدراڵی و ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە دەستووری کاتی و سیستەمی دەنگدانی ڕاستەوخۆ هەیو.
چاودێران پێیان وایە سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ گۆڕانکارییەکی سیاسی فراوانتر، هاوکات دەرئەنجامی دیالۆگی پێشبینیکراوی نێوان لایەنەکان وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەمێنێتەوە بۆ دیاریکردنی داهاتووی پڕۆسەی دیموکراتی لە وڵاتدا.
لە کاتێکدا ژنانی سۆماڵ ڕۆڵی سەرەکییان لە خەباتی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا گێڕاوە، بەڵام بوونی سیاسییان سنوردار ماوەتەوە، بەهۆی سیستەمێکی خێڵەکیەوە کە تەنها لە ڕێگەی پیاوەوە وەک نوێنەری خێڵەکە دەیانناسێت، بەڵام ساڵانی ڕابردوو شایەتحاڵی سەرهەڵدانی چالاکوانانی فێمینیست و هاوپەیمانییە مەدەنییەکان بوون کە داوای بەهێزکردنی ڕاستەقینەی ژنان دەکەن لە پۆستە بڕیاردەرەکاندا، کە وتیان هەموو گۆڕانکارییەکی سیاسی بەبێ بەشداریکردنی کاریگەرانەی ژنان، نەک تەنها وەک دەنگدەر بەڵکو وەک بڕیاردەر، ناتەواو دەبێت.
بەم شێوەیە مۆگادیشۆ دەچێتە قۆناغێکی نوێی ئەزموونی دیموکراتی خۆیەوە، لە نێوان ئەو هیوایەی کە ئەم هەڵبژاردنانە ببنە ڕێگا بۆ گواستنەوەی سیاسی فراوانتر لە وڵاتدا و بەشدار بن لە بونیادنانی دەوڵەتێکی سەردەمی و دیموکراتی کە میراسی شەڕ و دابەشبوون تێدەپەڕێنێت.