سلێمانی، ژنان یادی شەهید زیلانیان بەرز ڕاگرت
ژنانی سلێمانی یادی شەهید زیلانیان کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا: ئەو بەرخۆدانەی شەهید زیلان ئەنجامیدا بووە سیمبولی ئازادی و ئاشتی و بەدەستهێنانی ئیرادەی تەواو بۆ لەناوبردنی دوژمان لە خاکی کوردستاندا.
سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە بارەگاکەیان لە شاری سلێمانی، یادی ٢٥ ساڵەی شەهیدبوونی زەینەب کناجی ناسراو بە زیلان'یان بە بەشداری ژمارەیەک لە چالاکوانان و ژنانی ڕێکخرای ژنانی ئازادی کوردستان کردەوە.
سەرەتای یادەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، تێیدا کورتە باسێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید زیلان کرا، دواتر نامەی شەهید زیلان کە پێش ئەنجامدانی چالاکیەکەی بۆ ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی ڕێگەی خەباتی نوسیوو لەلایەن سۆما فەرهاد، سەرنووسەری گۆڤاری تروسکە، خوێندرایەوە، زەینەب کناجی لە نامەکەیدا دەنووسێت: بۆ گەلەکەم ئەم چالاکیە ئەنجام دەدەم، بۆ پێکهێنانی چالاکیەکەم هێز و مۆڕاڵ لە گەلەکەم دەگرم، بەو شێوەیە ڕووبەڕووی دوژمنانان دەبمەوە، لەسەر بنەماکانی پەیوەست بوونم بە پارتەکەمان (پەکەکە)، ڕێبەر ئاپۆ و هاوڕێبازانم کە لە شاخەکان تێدەکۆشن، ئەو چالاکیەم ئەنجام دەدەم، دەمەوێت ببم بە سمبۆلی بەرخۆدانی ژنانی کورد، دەمەوێت دەنگی من بگات بە هەموو جیهان، بەسە ئیتر ببیسن و چیتر چاو لە ئاست مافەکانمان نەپۆشن.
هەروەها بەیاننامەی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی کوردستان "کەژار" لەلایەن بێریتان ڕۆژهەڵاتی خوێندرایەوە: شەهید زیلان سیمبولی ئازادی و ئاشتییە، هەروەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت "زیلان فەرماندەیەکە و هەمووان شەڕڤانی ئەوین"، هەروەها لە بەیاننامەکەی کەژاردا شەهید لەتیفە سەلامەت ناسراو بە "زیلان پەپولە بەبیرهێنرایەوە : هەڤاڵ زیلان یەکێک بوو لەو هەڤاڵانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانی بەبێ دڵەڕاوکێ لە بەرامبەر ڕژێمی بە کرێگیراوی فاشیستی ئێران ببێتە ڕێبواری ڕێگای ئازادی و بە چالاکییەکەی توانی گورزێکی گەورە لە دڵی داگیرکەر بدات و ببێتە سیمبولی ئازادی خوازی.
ئاماژەش بەوەکرا: با داگیرکەران بزانن تا هاوسەنگەرانی زیلان مابن ڕێگە نادەین هیچ داگیرکەرێک لەسەر خاکی کوردستان هەناسە بدات.
هەر لە یادەکەدا فیلمێکی دۆکۆمێنتاری دەربارەی خەبات، ژیان و ئەو چالاکییەکەی کە شەهید زیلان لە پێناو بەدەستهێنان ئازادی بۆ گەلەکەیدا ئەنجامیدا، نمایشکرا.
ت.پ