سلێمانی، کۆڕبەندێک لەبارەی مەترسی داعش و چارەنووسی چەتە زیندانییەکان بەڕێوەدەچێت

سبەینێ لە شاری سلێمانی کۆڕبەندێک لەبارەی مەترسی داعش و چارەنووسی چەتە زیندانییەکان بەڕێوەدەچێت، نورشان حەسەن، نوێنەری بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان ئاماژەی بە ئامانجی کۆڕبەندەکە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

سبەینێ ٢٦ی شوبات، لە شاری سلێمانی کۆڕبەندێک لە بارەی سەرلەنوێ جموجۆڵ و هەوڵەکانی داعش لە هەرێمەکەدا و چارەنووسی چەتە زیندانییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ساز دەکرێت کە تێیدا لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتی ئەکادیمی، دادوەر و یاساناس و چالاکوانان بەشدار دەبن لە ڕۆژئاوای کوردستان، باشوری کوردستان و عێراقەوە.

 

کۆڕبەندەکە لەلایەن نوێنەرایەتی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان و کۆمیتەی پشتگیری رۆژئاوا ڕێکدەخرێت، نورشان حەسەن، نوێنەری بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان لەبارەی کۆڕبەندەکەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ڕایگەیاند، دوای ئەوەی چەتەکانی داعش لە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ هێرشیان کردە سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە، کە زیاتر لە ٥ هەزار چەتەی داعشی وڵاتانی جیهان تێیدا زیندانیکراون و چاوەڕێی دادگاییکردن دەکەن، شەڕڤانانی قەسەدە هەڵمەتی گورزی گەلانی دەستپێکرد و لە ئەنجامدا ١٢١ شەڕڤان شەهید بوون، بە گرنگیان زانی کە ئەم بابەتە لە باشوری کوردستانیش ببێتە ڕۆژەڤ.

 

" پێویستە چارەنوسی زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە نزیکەی ١٢ هەزار چەتە دەبن، لە چوارچێوەی یاساکاندا دیاری بکرێت، لە کۆڕبەندەکەدا گفتوگۆی گرنگ دەکرێت، بە شێوازی یاسایی و سیاسی و ئەکادیمی و زۆر تەوەری دیکە هەڵسەنگاندن دەکرێت".

 

بەپێی زانیارییەکانی کە نورشەن حسێن بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی داوە، کۆڕبەندەکە پێکدێت لە دوو دانیشتن و ٦ پانێڵ، لەوانە سیانیان لەلایەن بەڕێوەبەرانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە پێشکەش دەکرێن. پانێلێک لەسەر ناوی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی رۆژئاوا، بەڕێوەبەری خۆسەر و ئەوەی دیکەش لەسەر ناوی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) دەبێت. پانێلی دووەمین لەسەر ناوی عێراق لەلایەن ئەکادیمیەکی عێراقی لە بەغداوە پێشکەش دەکرێت. لەسەر ناوی هەرێمی کوردستان و لەسەر ناوی شەنگالیش دوو کەس بەشدار دەبن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا نورشەن حسێن جەختیلەوە کردەوە کە مەترسییەکانی داعش لەسەر شەنگال هەر بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت کۆمەڵکوژی دیکە دووبارە ببێتەوە.

 

ت.پ