سلێمانی، بە دروشـمی "نان، کار، ئازادی" داوای مافی کرێکاران کرا

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی هاوکاتی ڕۆژی سەلامەتی کرێکاران، سەدان کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای مافی کرێکاران و بیمەیان کرد.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی، بە کۆمیتەی ئامادەکاری مەراسیمی ١ی ئایار، بەبۆنەی ٢٨ی نیسان، ڕۆژی سەلامەتی کرێکار و ١ی ئایار،ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ڕێپێوانێکی بەرەو باخی گشتی ڕێکخست و بە سەدان کەس لە ژن و پیاو بەشداربوون.

 

لە ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانی "نان، کار، ئازادی" وترانەوە و داواکرا کە خاوەنکاران و حکومەت چیتر مافەکانی کرێکاران پێشێل نەکەن و سەلامەتی کرێکاران دابین بکەن، هەروەها بیمەی کاری کرێکاران تەرخان بکرێت.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەی کۆمیتەکە خوێندرایەوە و ئاماژە بەوەکرا کە یاداشتێکی ئامادەکراوە بدرێتە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و تێیدا جارێکی دیکە داوای ماف و سەلامەتی کرێکاران کراوە.

 

شەریفە ڕەسوڵی، یەکێکە لە ژنە بەشداربووەکانی ڕێپێوانەکە و باس لەوەدەکات کە هاتوون تا داوای مافی کرێکاران بکەن، "پەیامم ئەوەیە کرێکاران بتوانن مافە پێشێلکراوەکانیان بەدەستبهێننەوە، سەرمایەداران بتوانن ئەو گرانی و زەحمەتیەی هەیە لەسەر شانی کرێکاران سوک بکەن".

 

یەکێکی دیکە لە ژنە بەشداربووەکانی ڕێپێوانەکە باس لەوەدەکات بە یەک دەنگ هاتووینەتە سەر شەقام تا داوای مافی کرێکاران و شوێنی سەلامەت بکەین، "داوای موچەی باش و پێشێل نەکردنی مافی کرێکاران دەکەین، ڕەوشی کرێکاران لە ئێستادا خراپە، چونکە نە شوێنی سەلامەتیان هەیە و نە موچەی باشیان هەیە، بۆیە پێویستە دۆخی کرێکار باشتر بکرێت.