شیرین ئەمین: مامۆستایانی وانەبێژ لە مۆڵەتی دایکایەتیش بێبەری کراون

شیرین ئەمین ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەناو گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژەوە باس لە داواکارییەکانیان دەکات و دەڵێت: " لە ھەموو مافێک بێبەری کراون تەنانەت مۆڵەتی دایکایەتیش".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٣ی تشرینی یەکەم گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ لە چەند شوێنێک بەردەوام بوو، پەرلەمانتار شیرین ئەمین وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوەو نووسیویەتی "لەشەقامەوە تێڕامانێك لەم دایکە مامۆستا وانەبێژەوە".

شیرین ئەمین دەڵێت: "ئەو مامۆستا وانەبێژە کەئێستا دایکە، بەمنداڵە تەمەن دوو مانگەکەیەوە لەشەقامە، سێ ساڵە وانەبێژە لە زانکۆش یەکێک بووە لە یەکەمەکان، کە بووە بەدایک مامۆستای تر لە جێگای دانراوە، چونکە مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەموو مافێک بێبەری کراون تەنانەت مۆڵەتی دایکایەتیش".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم دایکەو نمونەکانی تریش بەدامەزراندن مافی خۆیان و منداڵەکانیشیان دەستەبەر دەبێت، بۆیە دامەزراندن مافی ڕەوای خۆیانە، حکومەت و دەسەڵات چەند بێباک و دەستە وەستانن لەبەرانبەر مافی ٢٢ ھەزار مامۆستای وانەبێژ.