شیرین ئەمین: لێبڕینی موچە پلانێکی سیاسییە بۆ ئەوەی خەڵک بچەوسێندرێتەوە
ئەمڕۆ ٦ی تەمموز کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و بەهۆی ئەوەی پرسی لێبڕینی موچە تەوەری دانیشتنەکە نییە، بەشێک لە پەرلەمانتاران هەڵوێستیان وەرگرت و لە کۆبونەوەی پەرلەمان بێبەشکران، شیرین ئەمین ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی هەڵوێستی وەرگرتوە دەڵێت:" لێبڕینی موچە پلانێکی سیاسییە بۆ ئەوەی خەڵک بچەوسێندرێتەوە".
ناوەندی هەواڵ
شیرین ئەمین ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، زیاتر لە١٦ پەرلەمانتار بون کە ئەمڕۆ لەناو هۆڵی پەرلەمان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پرسی لێبڕینی موچە بخرێتە دەنگدانەوەو ببێتە بڕیارێکی یاسایی، لە دانیشتنی ٢٨ی مانگیش زیاتر لە ١٧ کاتژمێر دانیشتنێکی چڕو پوخت لەسەر لێبڕینی موچە بەڕێوەچوو، کۆی هۆکار و لەمپەرەکان لەسەر لێبڕینی موچە و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان خرانەڕوو، تەنانەت فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان ئەوانەی لە ئاستی باڵادان لە دەسەڵاتدا ئەوان لە پێشینە بون و زیاتر جەختیان لەوەکردەوە کە لێبڕینی موچە لاببرێت.
شیرین ئەمین ئاماژەی بەوەکرد، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان لە ئاستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە کاتە پێویست و ئیجباریەکاندا کار بە دەق و ماددە و بڕگەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ناکەن، لە کاتێکدا ٥٦ پەرلەمانتار یاداشتیان پێشکەش کردوە و داوای ئەوەیان کردوە کە پێویست دەکات کە لێبڕینی موچە بخرێتە دەنگدانەوە.
وتیشی :" من دەپرسم بۆچی لە ساڵی ٢٠٢٠ کە کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا تەشەنەی کردو نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە ١٧ دۆلار، لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت ٧٦ دۆلارە ئەوکات و ئێستاش موچە هەر بە لیبڕینی ڕێژەی ٢١٪ دابەش دەکرێت و دەشگاتە ٤٥ ڕۆژ جارێک، ئێمە دڵنیایین کە داهاتی نەوت بەرزبوەتەوەو داهاتی ناوخۆ ئەگەر بەرز نەبوبێتەوە ئەوا کەمینەکردوە، کەواتە ئەمە پلانێکی سیاسییە بۆ ئەوەی خەڵک بچەوسێندرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ ئێمەو هاوڕێیانمان بەردەوام دەبین لە داکۆکی قوتی خەڵک و پرسی لێبڕینی موچە".