مامۆستایانی تل تەمر خواردنیان بۆ شەڕڤانان ئامادە کرد
ئەمڕۆ مامۆستایانی تل تەمر بە ڕۆحی خەباتی گەلی شۆڕشگێڕ لە ڕۆژئاوا بەشداریان لە سەفەربەریدا کرد و بە دەستپێشخەریکردن بۆ ئامادەکردنی خۆراک، سوپاسگوزاری خۆیان بۆ بەرخۆدانی شەڕڤانانی هەسەدەو یەپەژەو یەپەگە دەربڕی.
تل تەمر
ئەو هێرشانەی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیان پێکردووە بەردەوامە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی چەتەکانی هەتەشە لە دژی کوردەکان تاوانی زۆر ئەنجام دەدرێت.
لە بەرامبەر هێرشەکان بەرخۆدانی شەڕڤانان لە بەرەکانی پێشەوەی بەرخۆدان بەردەوامە.
بەهۆی هێرشەکانەوە دەرگای خوێندنگەکان داخراون و بەپێی ئامارەکانی کارگێڕی خوێندنگەکان لە شاری تل تەمر، زیاتر لە هەشت هەزار خوێندکار لە خوێندن ڕاگیراون.
کارگێڕی خوێندنگەکان کە لەئێستادا توانای کردنەوەی خوێندنگەکانی نییە، بە شێوازی دیکە پشتیوانیان دەکەن. جگە لە پاراستنی گەڕەکەکان، ئەمڕۆ خواردنیان بۆ شەڕڤانان ئامادە کرد.
مامۆستا سەباح ڕیسۆ باسی لەوەکرد، بەهۆی هێرشەکانەوە سیستمی خوێندنیان پەکی کەوتووەو زیاتر لە هەشت هەزار خوێندکار زیاتر لە مانگێکە لە ماڵەوەن، دەیان مامۆستا پێکەوە دەستپێشخەرییان کردووە و پارەیان کۆکردۆتەوە و خواردنیان بۆ شەڕڤانانی بەرەکانی پێشەوە ئامادەکردووە.
ئەو خواردنە کە لە گۆشت و سەوزەوات لەگەڵ فاسۆلیا و پیازی سوور ئامادەکرابوو، لەگەڵ دەقی "هێزی شەڕڤانانمان بوونی ئێمەیە" و بۆ شەڕڤانان نێردراوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەباح ڕیسۆ ڕایگەیاند کە ئەوانیش لەم پڕۆسەیەدا سەرکەوتوو دەبن و هیوای خۆی دەربڕی کە بەم نزیکانە ئەم پرۆسەیە چارەسەر بکرێت و خوێندکاران بگەڕێنەوە بۆ خوێندنگەکانیان.