شنۆ ئەشقی: تەنها لەم مانگەدا دەیان گوند و دێهات زێدی خۆیان بەجێهێشتووە بەهۆی هێرشی تورکیاوە
شاندێکی هاوبەشی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی پارێزگای دھۆکیان کردووە بۆ بەدواداچوونی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەو بارەیەوە.
شاندێکی هاوبەشی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی پارێزگای دھۆکیان کردووە بۆ بەدواداچوونی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەو بارەیەوە.
ناوەندی هەواڵ
لیژنەی هاوبەشی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٨ و ٩ی حوزەیراندا سردانی ناوچە سنورییەکانی بادینانیان کرد بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی ناوچەکە و هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەپێی زانیارییەکان کە شنۆ ئەشقی سورچی، پەرلەمانتاری یەکێتی بڵاوی کردووەتەوە لیژنەکە لەگەڵ پارێزگاری دھۆک، قائیمقامی قەزای زاخۆ، بەرێوەبەری ناحیەی دەرکار، ھێزی پاسەوانی سنووری شەرانش و بەرێوەبەری ناحیەی باتیفا، ژمارەیەک لە کەسایەتی و موختار وجوتیارانی دەڤەرەکە گفتوگۆ کراوە سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانی بەر ئەو سنورە کەوتوە.
شنۆ ئەشقی سورچی، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی خۆی دەربارەی سەردانەکەیان نووسیویەتی "لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی سوپای تورکیا کە بەدرێژایی ١٠-١٥کم لە دواخاڵی سەنگەری پێشمەرگەوە دوورە، هەڵمەتێکی فراوانی سوتاندن و بڕینەوەی دارو درەخت و تاڵان کردنی ماڵ و سامانی گوندنشینانی دەستپێکردووە، تەنها لەم مانگەدا دەیان گوند و دێهات زێدی خۆیان بەجێهێشتووە، لەبارودۆخێکی ناهەموارو پڕ لەمەترسی و دڵەڕاوکێ دا دەژین.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتیش نووسیویەتی :دواتر لەگەڵ بەرێوەبەری ناحیەیی کانی ماسی و موختار و گوندنشینانی سنووری ناحیەکە و لیوای چواری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆبوینەوە، سەرجەم گلەیی و گازەندە و داواکاری هاوڵاتیانمان یاداشت کردووە، لە داهاتویەکی نزیک ئاڕاستەی حکومەت و لایەنی پەیوەندیداری دەکەین".
ت.پ