شەهێن عومەر: ئەگەر ژن دەروونی ئارام نەبێت ژیانی هاوسەنگیش ناتەواو دەبێت
بەپێی بۆچوونی پسپۆڕی دەروونناسی، بەهۆی ئەوەی کاری ناوماڵ کارێکی دووبارەبوونەوەیە و لە کۆمەڵگەدا وەک پێویست نرخ بە ماندووبوونی ئەو کارە نادرێت، ژنانی ماڵەوە زیاتر تووشی بێزاری، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەبن، کاتێکیش ژن دەروونی ئارام نەبێت، کۆمەڵگەش ئارام نابێت.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- ئەو ژنەی لە دەرەوە کار دەکات، هەرچەندە ئەرکەکەی قورس و ماندووکەر بێت، بەڵام چونکە هەست دەکات کارەکەی سودبەخشە و پێگەی کۆمەڵایەتی هەیە، زۆرتر دەتوانێت لەگەڵ فشارەکان بگونجێت، بە پێچەوانەوە، ژنانی ماڵەوە واتە ئەو ژنانەی بێکارن، چونکە لە ڕووی دەروونییەوە بێزار دەبن، بە سادەترین شت هیلاک و ماندوو دەبن، ماندووبوونی ئەوان زیاتر دەروونییە لەوەی جەستەیی بێت، ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ تووشبوون بە خەمۆکی و کێشە دەروونییەکان، لەکاتێکدا دەوروبەر لە هەستی ئەم ژنانە ناگەن و لایەنی دەروونیان پشتگوێ دەخەن، یاخود هەمیشە ڕووبەڕووی قسەی ناخۆش دەبنەوەو بەوەی ژنی ماڵەوە ئەرکی نییەو بۆچی ماندوو دەبێت.
شەهین عومەر هەڵەبجەیی، توێژەری دەروونی و کارکەر لە بواری پرسی ژنان سەبارەت بەم پرسە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"کۆمەڵگەی ئێمە لەژێر کاریگەری داب و نەریتە"
شەهین عومەر وتی: کۆمەڵگەی ئێمە بە شێوەیەکی گشتی لە ژێر کاریگەری کولتوور و دابونەریتەکانە، یەکێک لەو کولتوورانە ئەوەیە کە هێشتا هەندێک کەس پێیان باش نییە ژنان لە دەرەوە کار بکەن، ئەمە وایکردووە کاری ناوماڵ تەنها ئەرکی ژن بێت، ئەم دۆخەش بارێکی دەروونی نالەبار بۆ زۆرێک لە ژنان دروست کردووە، بە تایبەتی ئەوانەی هەمیشە لە ماڵەوەن و نەیانتوانیوە لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان بگونجێنن.
"ژنانی ماڵەوە زیاتر تووشی خەمۆکی دەبن"
شەهین عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە تووشی فشار، خەمۆکی و گۆشەگیری دەبن. وتی: من وەک توێژەرێکی دەروونناسی، ئەمە بە دەرفەتێکی باش دەزانم کە ژنان بتوانن کاری دەرەوە بکەن، هەروەها ئەو ژنانەی لە ماڵەوەن و ناتوانن کاری دەرەوە بکەن، زیاتر مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکیان هەیە، بۆیە گرنگە کاتیان بۆ وەرزش، پیاسەکردن و چوونە دەرەوە تەرخان بکەن، بۆ ئەوەی وزەی خۆیان بە شێوەیەکی تەندروست بەکاربهێنن، دووبارەبوونەوەی ئیشە ڕۆژانەکان، ئەگەر هاوسەنگی تێدا نەبێت، مرۆڤ تووشی خەمۆکی دەکات و حەزی کارکردن لێ دەسەنێت. بۆیە پێویستە ژنان کاتێکی زیاتر بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونی خۆیان تەرخان بکەن.
شەهین عومەر هەروەها باسی لە چەندین کەیسی سەرکەوتوو کردو وتی: چەندین کەیسمان هەبوون کە پێشنیاری کارمان بۆ ژنان کردووە و هاندەریان بووە کارێک هەڵبژێرن کە لەگەڵ حەز و ئارەزوویان بگونجێت، زۆر ژن هەیە دەستڕەنگینە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەنها لە ماڵەوە کاریان کردووە، دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە، لە ڕێگەی خولەکانی ڕێکخراوەکان، هەندێکیان بوونەتە خاوەنی دوکان و کاری تایبەتی خۆیان، توانیوویانە داهاتی سەربەخۆیان هەبێت و هاوکاری خێزانەکانیان بکەن، دانانی پلان بۆ ژیان و کار زۆر گرنگە، چونکە هاوسەنگی نێوان ئەرکەکانی ناوماڵ، کار و ژیانی کەسی پاراستنی تەندروستی دەروونی ئاسانتر دەکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا شەهێن عومەر وتی: ئەو ژنانەی تەنها لە ماڵەوەن و هیچ چالاکییەکی دەرەوەیان نییە، زیاتر مەترسی تووشبوون بە گۆشەگیری، گریی دەروونی و بێزاربوون لە ژیان هەیە. بۆیە پێویستە گرنگیی زیاتر بە تەندروستی دەروونی بدرێت. وەرزش، پیاسەکردن، گەشتکردن و تەرخانکردنی بەشێک لە داهات بۆ خۆشگوزەرانی و چاودێری تەندروستی، وەبەرهێنانێکە لە خۆمان، چونکە مرۆڤ تەنها بە جەستەیەکی تەندروست مرۆڤێکی تەواو نابێت؛ ئەگەر دەروونی ئارام نەبێت، ژیانی هاوسەنگیش ناتەواو دەبێت.