شازادە لەتیفە یەکەم ژن نییە کە دەیەوێت هەڵبێت

شازادە لەتیف، کچی حاکمی دوبەی "محەمەد بن ڕاشدە"، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لە تەوالێتێکدا تۆماریکردووە، بڵاویکردووەتەوە بە بارمتە گیراوە، هەڕەشەی لێدەکەن تا کۆتایی تەمەنی بەند دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

شازادە لەتیفە، تەمەنی ٤١ ساڵە، کچی حاکمی دوبەی "محەمەد بن ڕاشد" لە ساڵی ٢٠١٨ ویستوویەتی لە دوبەی هەڵبێت، داوای پەنابەری لە وڵاتی هیندستان کردووە، بەڵام دواتر لە لایەن باوکییەوە دەدۆزرێتەوە، لەو کاتەوە لە ڤێلایەکدا زیندانی دەکرێت و وەک خۆی دەڵێت "بە بارمتە" گیراوە.

 

شازادە لەتیفە ئێستا سەرجەم دەرگا و پەنجەرەکانی ئەو ڤێلایەی تێیدا زیندانی کراوە بەسەریدا داخراوە، ناتوانێت بێتە دەرەوە، ناتوانێت دەستی بە هیچ جۆرە پێداویستییەکی پزیشکی بگات، ئەو گرتە ڤیدیۆیەش کە بڵاویکردووەتەوە، لە تەوالێتدا تۆماریکردووە، سەرجەم ڤێلاکەش بە پۆلیس دەورە دراوە.

 

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا شازادە لەتیفە ترس لە ڕوخساریدا دەردەکەوێت، بە دەنگێکی نزم و ترساوەوە لە تەوالێتەکەدا دەڵێت "من بارمتەم ، ناتوانم هیچ پەنجەرەیەک بکەمەوە، پێنج پۆلیس لە دەرەوەی ڤێلاکەیە، دوو پۆلیسی ژنیش لەناو ڤێلاکەدان، هەڕەشەم لێدەکەن کە تا کۆتای ژیانم لێرە بە بەندکراوی دەمێنمەوە".

 

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە، کە پاش هەوڵدانێکی زۆر لەتیفە توانیوویەتی بینێرێت بۆ یەکێک لە هاوڕێکانی بە ناوی "تینا"، ئەویش لە ڕێگای کەناڵی بی بی سییەوە بڵاویکردووەتەوە، چەندین کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

لەوانە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، کە ئەو بابەتە ڕووبەڕووی دوبەی دەکەنەوە، حکومەتی بەڕیتانیاش، تەواو بەو گرتە ڤیدیۆیە نیگەرانە، چاودێری هەوڵەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.

 

ئەمە جاری یەکەم نییە، ژنان و ژنانی گەنجی بنەماڵەی حاکمی دوبەی هەڵدێن، پێشتریش کچێک و دوو هاوسەری بەهۆی خراپی مامەڵە کردنییەوە هەڵهاتوون، داوای پەنابەرێتییان لە وڵاتانی ئەوروپی کردووە.

 

ت.پ