شاری کتێب لە سلێمانی کرایەوە، داهاتووی ڕۆشنگەری ڕووناک دەکاتەوە
لەناو بازاڕی شاری سلێمانی، لەلایەن بەشێک لە ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، کافێ کتێبێکی هاوبەش بەناوی “شاری کتێب” بە ئامادەبوونی کەسایەتییە دیارەکان و ڕۆشنگەران و خوێنەران و بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرایەوە.
سلێمانی
"شاری کتێب" پڕۆژەیەکی ڕۆشنگەریی و کولتوورییە، کە لەلایەن بەشێک لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەوە، بەمەبەستی کۆبوونەوەی سەرجەم بەرهەمە بڵاوکراوەکان لەیەک شوێندا و هاوکات ئەنجامدانی کۆڕ و سیمناری جیاواز و دەستەبەرکردنی شوێنی پشو و حەوانەوە بۆ خوێنەران و ڕۆشنبیران، لە ٢٨ی کانوونی یەکەم لەناوبازاڕی سلێمانی کرایەوە.
مەراسیمی کردنەوەی شوێنەکە بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر و نوسەران ڕۆشنبیران و کەسایەتییە دیارەکانی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
دیدار شەهلا، ئەندام لە گروپی شاری کتێب وتی: پرۆژەی شاری کتێب بە مەبەستی کۆکردنەوەی سەرجەم بڵاوکراوەو چاپەمەنیەکان دامەزراوە بۆ ئەوەی هەموو بەرهەمەکان لە یەک شوێندا دەست خوێنەر بکەوێت بە کاتێکی کەمتر لە هەمان کاتدا شوێنێک بێت بۆ پشوو دان و ئەنجامدانی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان بۆ گەنجان هەروەها سەکۆیەک بێت بۆ بەیەک گەشتنی نووسەران و خوێنەران پێکەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکە لە خاڵە باشەکانی ئەوەیە لە ١٠ ی بەیانی تا ١٠ ی شەو شوێنەکە کراوەیە بە ڕووی خوێنەرانداو لە داهاتوودا چالاکی جۆراوجۆر دەبێت بۆ ئەوەی پێشکەشی خوێنەران بکرێن، تەنها بۆ فرۆشن و کرینی نییە لە لایەن خوێنەرانەوە بەڵکوو بە مەبستی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیرییە لەم شارەداو بەرهەمهێنانی کولتوورێکی نوێ کە پەرتووک ببێتە بەشێکی سەرەکی لە کولتووری ڕۆژانەی خەڵک.
لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: گومانمان نییە لەوەی کە ئەم پرۆژەیە هەنگاوێک چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان دەبەنە ئاستێک سەرووتر و بریاری ئەوە بدەن کە چی پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن.