شاندی ئاشتی لە هەولێرەوە دیپۆرتی ئەڵمانیا کرانەوە

ئەندامانی شاندی ئاشتی کە بڕیاربوو لە ئەڵمانیاوە بێنە باشوری کوردستان دژ بە داگیرکارییەکان لەگەڵ کۆمەڵێک لە لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان دانیشتن بکەن، لە فرۆکەخانەی هەولێرەوە دیپۆرتی ئەڵمانیا کرانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵێک لە سیاسەتمەدار، پەرلەمانتار و ڕۆشنبیران، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد و بیانی لە وڵاتی ئەڵمانیاوە وەک شاندی ئاشتی بە ناوی "چالاکوانانی ئاشتی" بڕیار بوو بێنە باشوری کوردستان بۆ گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ لایەنەکانی باشوری کوردستان، دوێنی ١٢ی حوزەیران بەشێکیان لە فرۆکەخانەی هەولێر و بەشێکی دیکەیان لەو ئوتێلەی لێی دەمانەوە دەستبەسەر کران.

 

شاندەکە پێکهاتبوون لە ١٤٠ کەس، ١٢ کەسیان لە فرۆکەخانەی هەولێر دەستبەسەرکران کە تێیدا پەرلەمانتاری ئەڵمانی و   ئه‌ندامی ڕێكخراوی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رگری له‌ماف و ئازادییه‌كان بوون، لەو ١٢ کەسە بەشێکیان دوای لێکۆڵینەوە لە پاسپۆرتەکانیان گەڕێندرانەوە، پێنج لەو ئەندامانە کە کورد بوون لە فڕۆکەخانە مانەوە، بەپێی زانیارییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە ڕێگری دەکات لە هەر شاندێکی بیانی کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئاڵۆزییەکان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بێتە باشوری کوردستان.

 

کەنەکە هاتنی شاندەکە بە پشتگیری گەلی کورد دادەنێت

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە دەربارەی ڕێگریکردن لە شاندی ئاشتی ڕایگەیاند: ئەو دۆستانە تەنیا بۆ پشتگیریی گەلی کوردستان سەردانی باشووریان کردووە، ئەوان دۆستی گەلی کوردن و خۆیان و هاوڕێکانیان لە بەرگریی کۆبانێ و شەڕی عەفرین و زۆر شوێنی دی، شانبەشانی بەرگریکاران تیکۆشاون و قوربانییان داوە، ئەوان بە شێوازێکی ئەرێنی کوردیان بە جیهان ناساند و وەک دیپلۆماتکاری کورد خەباتیان کردووە، ئێستاش هەر بەو نیازە و هەڵوێستەوە سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەشیاندا هاتووە: ئەو بەیاننامە و پڕوپاگەندانە دوورن لە ڕاستتیەوە و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاند نین و ئەو قسانە بەهیچ جۆرێک ڕاست نین، ئەو دۆستانە تەنیا بۆ پشتگیریی گەلی کوردستان سەردانی باشووریان کردووە، لەو بارەیەوە ئێمە داوا لە حکومەتی هەرێم و ئاسایشی هەولێر دەکەین، کە ئاستەنگیی نەخەنە بەردەم کارەکانی ئەوان، وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، چونکە ئامانجی سەردانی ئەو دۆستانە  پشتگیریی خەڵکی کوردستانە و بۆ چاوپێکەوتن و ئاشتی و دیالۆگە.

 

فاتوش گوک سونگور، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی کوردستانیانی ئەوروپا، دوای ماوەیەکی زۆر لە بێ هەواڵ بوونیان لە تویتەری خۆیەوە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە هەولێر ئەو شاندەی پەدەکە دەستبەسەری کردن، لەناو فڕۆکەیەکدا بۆ فرانکفۆرت نێردرانەوە و کاتژمێر ٣:٠٠ دەگەنە فرۆکەخانەی فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا.

 

بڕیاریشە دوای گەشتنەوەیان لەلایەن کوردستانیانەوە لە فرانکفۆرت پێشوازییان لێدەکرێت و ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش سەبارەت بە کردەوەکانی کاربەدەستانی پەدەکە و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە.

 

ت.پ