شاندی ئاشتی بۆردومانکردنی گوندی گەڵاڵەی شەرمەزار کرد
ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان بەیاننامەیەکیان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە و تێیدا ئیدانەی هێرشەکەی سەر گوندی گەڵاڵەیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرد.
سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان لە باخی گشتی شاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە و تێیدا ئیدانەی هێرشی دەوڵەتی تورکیایان کرد بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لەناو گوندی گەڵاڵە،
لاریسا شۆیغا ئەندامی شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادی بەیاننامەی شاندەکەی بە زمانی ئینگلیزی خوێندەوە، بەیاننامەکە بەم شێوەیە بوو: دوێنێ دەوروبەری کاتژمێر ٧ی ئێوارە، گوندێکی کورد بەناوی گەڵاڵە، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی تورکیاوە بۆردوومان کرا و لە ئاکامدا دوو کەس گیانیان لە دەستدا و یەکێکی دیکەش برینداربوو، ئەم کردەوەیە بۆ جاری یەکەم نییە و لە چوارچێوەی سیاسەتی داگیرکاری تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان دایە و کردارێکی فاشیستیانەی دەوڵەتێکە، کە ئەندامەکانی ناتۆ وەک ئەڵمانیا و ئەمریکا پشتیوانی لێدەکەن، دەوڵەتی تورکیا سیاسسەتی قرکردنی نەتەنیا دژی خەڵکی خۆی و کەمینەکانی ناو تورکیا پەیڕەو دەکات بەڵکوو لە دژی هەمووگەلی کورد لە سەرانسەری کوردستان بەڕێوی دەبات.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: دوێنێ تەنیا نیو کاتژمێر پێش ئەم هێرشە، شاندی ئێمە بۆ ئاشتی گوندی کونە ماسی یان بەجێهێشت، ئێمە لەوێ بووین بۆ ئەوەی سەردانی ئەو خێزانە بکەین، کە ساڵێک پێش ئێستا بەهۆی لێدانێکی دیکەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بریندار بوون.
دایکی ئەو خێزانە کە لە هێرشەکەی ساڵی ٢٠٢٠دا قاچی لەدەستداوە پێی وتین "دەڵێن تورکیا تەنیا لە سەر سنوور هێرش دەکات و تەنیا ئامانجی پەکەکەیە، بەڵام ئەوە درۆیە من کەسێکی مەدەنیم، لە نزیک شار دەژیم و بەو شێوازە هێرشیان کردە سەرم، ئەوان گرنگی بە مافی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤەکان نادەن"
لە بەیاننامەکەدا باس لە هێرشی سەر گوندی گەڵاڵە کرابوو کە ٢٠ کم لە کونەماسییەوە دوورە و دەوڵەتی تورکیا بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشێکی خوێناوی دیکەیان بۆسەر خەڵکی کورد ئەنجامدا، ئەم کردەوە داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا بە بەکار هێنانی چەکی پێشکەوتووی ئەورووپی لە کاتێکدا بەردەوامە کە دەوڵەتی باشووری کوردستان بێدەنگە بەرانبەر کوشتنی خەڵکی بێتاوان و مەدەنی کورد.
بانگەوازیشیان لە ئازادیخوازان کرد کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار بکەن و ڕێگە لە فرۆشتنی چەک بە دەوڵەتی تورکیا بگرن: بانگ لە خوشک و برا کوردەکانمان دەکەین دژی داگیرکاری یەکبگرن! شەڕ لە نێوان خۆتاندا مەکە! هەر ئێستا، تورکیا هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی سەر لە نوێ زیندوو بکاتەوە، بۆیە بوونی ناکۆکی لە نێوان پارت و لایەنە کوردییەکاندا ڕێک ئەو شتەیە کە تورکیا دەیەوێت.
لە کۆتایشیدا بەم جۆرە دڵنیاییان دا: ئێمە لێرە لەگەڵ ئێوە ڕاوەستاوین و بانگ لە هەموو جیهان دەکەین کە لەگەڵمان بن.
ت.پ