"شانۆ هەوڵێکە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژنان و گوێگرتن لە دەنگیان"

حەنان سالک، ئەکتەری مۆریتانیا ئاماژەی بەوەکرد، شانۆ یەکێکە لەو ئامرازانەی کە دەتوانێت پاڵپشتی ژنان بکات و هۆشیارییان بەرز بکاتەوە و سەرنجییان ڕابکێشێت بۆ کارەکانیان، بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە هێزێکی یەکگرتوو.

زهور مەشریقی

 

مۆریتانیا-حەنان سالک، ئەکتەری مۆریتانیا لەو باوەڕەدایە شانۆ پاڵنەری گەشەکردن و هاندانی ژنانە، هەروەها هێزی ئەوەیە کە دەنگیان خێراتر ببیسترێت بۆ بڕیاردەران وتی: پێویستە ژنان کاربکەن بۆ بەدیهێنانی ئارەزووەکانیان بەبێ گوێدانە ئەو کۆسپ و بارودۆخانەی لە دەوروبەریان هەیە، بێدەنگی بشکێنن بۆ ئەوەی بیرۆکەکانیان ڕابگەیەنن، باسی ئەوە بکەن کە چی نیگەرانییان دەکات دەربارەی کۆمەڵگە.

 

حەنان سالک وتیشی: فێستیڤاڵی سەربەخۆیی ژنان وێنەی خەباتی ژنانە و ئەمە بەبیر بهێنێتەوە چونکە پێشوازییەکەی بە هەنگاوێک بەرەو بونیادنان دادەنرێت، فیستیڤاڵەکە بەردەوامبوونی ڕاپەڕینی فێمێنیستییە دژی ئەو ستەم و نادادپەروەرییەی کە ژنان لە سەردەمی پێشوودا ئەزموونیان کردووە، ژنان ناتوانن سنووردار بکرێن وەک ئامێری زاوزێکردن و چێشتخانە، زۆر لەوە گەورەترن.

 

ڕوونیکردەوە، شایستەی فێستیڤاڵەکە لە پەسەندکردنی هەموو ژنان بە هەموو ڕەنگێک و بە ئایدۆلۆژیا و نەتەوە جیاوازەکانەوە بەدی دەکرێت، چونکە بە گونجاو دادەنرێت بۆ ژنانی ئەفریقی بە گشتی، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ژنانی مۆریتانیا خۆیان بسەلمێنن و دان بەوەدا بنێن کە ڕەگەزەکان یەکسانن، هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نییە.

 

"شانۆ دەسەڵاتێکی کاریگەرە"

حەنان سالک وتیشی: شانۆ ئەمڕۆ بە دەسەڵاتی کاریگەر دادەنرێت، بەتایبەتی لە گرووپە گەنجەکاندا، دەبێتە ڕێگایەک بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و گەیاندنی کێشەکانیان بۆ گۆڕینی ڕاستییەکان بەرەو باشتر، پەرەسەندنی شانۆ لە وڵاتەکەدا دەبێتە هۆی پشتگیریکردنی تواناکانی ژنان و یارمەتیدانیان بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی یەکگرتوو کە ناتوانرێت لەناوببرێت.

 

"دەبێت ژنان بەربەستی بێدەنگی بشکێنن"

ئاماژەی بەوەشکرد، شانۆ دەتوانێت پشتگیری لە بنەمای یەکسانی لە وڵاتەکەیدا بکات، بە هەڵگرتنی ئەو بابەتانەی کە بەربەستن لە گەیشتن بە ژنان و لەبەردەم یەکسانی نێوان خۆیان و پیاواندا، داواکردنی کچان بۆ کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئارەزووەکانیان بەبێ گوێدانە ئەو بەربەست و بارودۆخانەی دەوروبەریان، هەروەها بەربەستی بێدەنگی بشکێنن و هەوڵ بدەن بیرۆکەکانیان دەرببڕن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ژنان بوونەوەرێکی ئارەزوومەندن کە مافیان هەیە و چالاکن لە ئابووری و گەشەپێدانی وڵاتەکەیاندا.