تورکیا دژایەتی چوونە ناو ناتۆی فینلاند و سوید دەکات

تورکیا هەڕەشەی قەدەغەکردنی داواکارییەکانی فینلاند و سوید دەکات بۆ چوونە ناو ناتۆ دەکات و وڵاتانی دیکەی ناتۆش خواستی خۆیان بۆ بە ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی وڵاتی سوید و فینلاند داوای چوونە ناو ناتۆیان کرد، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە سەرۆک کۆماری تورکیا وەک ئەندامی سەرەکی ناتۆ دژایەتی خۆی بۆ داواکردنی ئەندامێتییەکەیان ڕاگەیاند.

 

سەرۆک کۆماری تورکیا، تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ڕەتی دەکاتەوە پێشوازی لە شاندەکانی وڵاتی فینلاند و سوید بکات بۆ قایلکردنی، چونکە ئەو دوو وڵاتە میوانداریان لەو کوردانە کردووە کە چونەتە وڵاتەکانیان و بەوە ناوی بردن کە جێگەی متمانە نین و پاڵپشتی گروپە تیرۆرستییەکان دەکەن، لە بەرامبەردا بەبێ پشتیوانی هەموو ئەندامانی ناتۆ، سوید و فینلاند ناتوانن بچنە ناو هاوپەیمانی سەربازییەوە.

 

ئەردۆغان وتووشیەتی حکومەتی تورکیا بەڵێنی داوە کە داواکاریەکانی ئەو وڵاتانە بلۆک بکات کە سزایان لەسەر تورکیا سەپاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵی ٢٠١٩ ئەو وڵاتانە لە کاتی شەڕی سوریا ڕەتییان کردووەتەوە هاوکاری سەربازی پێشکەش بە تورکیا بکەن.

 

بۆ وەڵامی سەرۆک کۆماری تورکیا، پیکا هاڤیستۆ، وەزیری دەرەوەی فینلاند لە پەرلەمان ئاماژەی بەوەداوە لە هەڵوێستی تورکیا سەرسام بووە و حوکمەتەکەی حەز بە گفتوگۆ ناکەن لەگەڵ تورکیا، وە ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید باسی لەوەکردووە کە دۆخی ئەوروپا مەترسیدارە و لەم کاتەدا ناتۆ دەتوانێت سوید بەهێز بکات و سوید ناتۆ بەهێز دەکات،  بەڵام سوید نایەوێت بنکە هەمیشەییەکانی ناتۆ یان چەکی ناوەکی لەسەر خاکەکەی بێت.

 

وڵاتانی ناتۆ پشتگیری سوید و فینلاند دەکەن

نەرویج و دانیمارک و ئایسلەند و هەموو ئەندامانی ناتۆ دەستبەجێ خستیانەڕوو کە ئامادەن بە هەموو شێوەیەک پشتگیری سوید و فینلاند بکەن ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر و ناتۆ ئاماژەی بە خواستی خۆی کرد بۆ داننان بە ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتەدا.

 

وەک وەڵامێک ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا گوتی ئەم هەنگاوەی فینلاند و سوید بۆ بەشداری کردن لە هاوپەیمانی سەربازی هەڕەشە نییە لەسەر مۆسکۆ، بەڵام جەختی کردەوە کە هەر فراوانکردنی ژێرخانی سەربازی دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەیەکی کۆشکی کرملن.