"ئێمە تاڵیبانی سەدەی ناوەڕاست دەڕوخێنین"

تاقیکردنەوەی وەرگرتنی خوێندن بۆ ئەمساڵ لەلایەن تاڵیبانەوە بەبێ ئامادەبوونی کچان لە ١١ پارێزگا ئەنجامدرا، نازەنین ڕێگەی نەدرا بەشداری بکات، بۆیە لە ماڵەوە بە نهێنی خولی فێربوونی کردووەتەوە و بیرکاری و ئینگلیزی بە هاوتەمەنەکانی دەڵێتەوە.

بەهاران لاهیب

 

کابول- لە ماوەی دوو ساڵی دەسەڵاتی تاڵیبان ڕێگری لە کچانی سەرووی پۆلی شەشەم دەدات بخوێنن، ژمارەی ئەو کچ و کوڕانەشی دەچنە قوتابخانە، دۆخی خوێندنیان باش نییە، ئەو مامۆستا ژنانەی کە وانەیان بە کوڕان دەگوتەوە، لە قوتابخانەی کوڕان دەرکراون یان گواستراونەتەوە بۆ قوتابخانەی کچان، هەروەها لە زۆرێک لە قوتابخانەکانی کوڕان کەمیی یان نەبوونی مامۆستای پیشەیی هەیە، ماوەیەک پێش ئێستا مەنهەجی خوێندنی تاڵیبان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، دەنگدانەوەی لێکەوتەوە و خێزانەکان پێیان باشە منداڵەکانیان نەخوێندەوار بمێننەوە، وەک لەوەی بە بیرکردنەوەی تاڵیبان پەروەردە بن.

 

ساڵی پێشوو کچانی پۆلی دوانزە، لە یەک ڕۆژدا بانگهێشتی قوتابخانە دەکران، بۆئەوەی لە یەک ڕۆژدا تاقیکردنەوە لە هەموو بابەتەکاندا بکەن و دەربچن، لە تاقیکردنەوەی کۆنکۆرس کە کچەکان بەشدارییان تێدا کرد، ڕێگەیان پێنەدرا پێنج بوارەکانی خوێندن "ڕۆژنامەگەری، ئابووری، ئەندازیاری، ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ" هەڵبژێرن.

 

نازەنین وەفا، یەکێکە لەو کچانەی ساڵی ڕابردوو پۆلی ١٢ی ئامادەیی تەواو کردووە و ئەمساڵ ڕێگەی پێنەدرا بەشداری تاقیکردنەوە بکات، دەڵێت: تاڵیبان دوا هەوڵی خۆیان بۆ چەوساندنەوەی ئێمەی ژنان دەدەن. سەرم سوڕ نەما کە ڕێگەم پێنەدرا تاقیکردنەوەی وەرگرتن بکەم، ئەوە یەکەمجار نەبوو کە وەک ژنان ڕێگریمان لێبکەن؛ ساڵی ڕابردوو سەرجەم کچان لە یەک ڕۆژدا تاقیکردنەوەی پۆلی دوانزەی بنەڕەتییان ئەنجامدا بۆ هەموو وانەکان، بەشێک لەو کچانەی خوێندکار بوون یان لە تاقیکردنەوەی ساڵی پێشوو دەرچوون، ڕێگەیان پێنەدرا بچنە زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکان داخران، ئێمە ئێستا مامەڵە لەگەڵ کەسانی سەدەی ٢٠دا دەکەین، لەکاتێکدا خۆمان لە سەدەی ٢١ داین.

 

هاوشێوەی نازەنین، ملیۆنان ژن و کچ لە ئەفغانستان لە هەژاریدا دەژین، بەڵام پەنجەرەیەکی ئومێدیان بۆ درێژەدان بە ژیانیان دروستکردووە و لە هەمان کاتدا ڕق و دژایەتی خۆیان بۆ سەرکوتکردنی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە نیشان دەدەن، نازەنینیش لە ماڵەکەی خۆیدا خولی ماڵەوە و نهێنی بۆ فێرکردن و خوێندەواری کردووەتەوە و هاوتەمەنەکانی فێری بیرکاری و ئینگلیزییان دەکات.

 

نازەنین ئاماژەی بەوەدا: ئێمە بۆ ئێستا لە ماڵەوەین، بەڵام دواجار ئێمەی ژنانی یەکگرتوو تاڵیبانی سەدەی ناوەڕاست دەڕووخێنین.