ئەنگێلا مێرکڵ خەڵاتی ئاشتی یونسکۆ وەردەگرێت

لیژنەی دادوەری خەڵاتی یونسکۆ بۆ بەدواداچوون بۆ ئاشتی، خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٢یان بەخشییە ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری پێشووی فیدراڵی ئەڵمانیا.

ناوەندی هەواڵ

 

 ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیری-یونسکۆ لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ئاب بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا خەڵاتی ئاشتیی ڕێکخراوەکەی پێدەبەخشرێت، بەهۆی وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر پەنابەر لە وڵاتەکەیدا و مامەڵەکردنی مرۆییانە لەگەڵیاندا.

 

دێنیس موکوێگێ، سەرۆکی دەستەی سوێندخواردنی خەڵاتی ئاشتی لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەدا، "بڕیاری بوێرانە بۆ وەرگرتنی زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار پەنابەر لە ساڵی ٢٠١٥دا بە پلەی یەکەم لە سووریا، عێراق، ئەفغانستان و ئێریتریا بوون، کاریگەریی قوڵی لەسەر دادپەروەری هەبوو، ئەنگێلا مێرکڵ وانەیەکی لە مێژوودا بەجێهێشت".

 

لای خۆیەوە، ئۆدری ئازۆلای بەڕێوەبەری گشتیی یونسكۆ رایگەیاند، هەوڵەكانی ئەنجێلا مێركڵ لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پەنابەران بەرز دەنرخێنێت، ئاماژەی بەوەشدا كە "ئازارەكان جیهانین. بۆیە دەبێت چارەسەرەكانی كەمكردنەوەی ئازارەكان جیهانیش بن. هێنانەدی ئاشتی بە واتای كردنەوەی دەرگا بۆ ئەو كەسانە دێت كە ئازار دەچێژن".

 

ئەم خەڵاتە ناوی سەرۆکی پێشووی کۆت دیڤوار "کەناری عاج" فێلیکس هۆفۆیت-بۆینی لەسەرە، خەڵاتەکە لە ساڵی ١٩٨٩ەوە ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو کەس و ڕێکخراو یان دامەزراوەیانەی کە هەوڵی تایبەت دەدەن بۆ پێشخستنی ئاشتی.

 

بە پێی دوایین ئاماری فەرمی ژمارەی پەنابەرانی سووری لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس، کە ٪٤٠یان ژنن و تێکڕای تەمەنیان کەمترە لە ٢٠ ساڵ.