ناڕەزایەتی گەلی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی شەوانە لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و خۆپیشاندەران دروشمیان لە دژی حکومەت لەسەر دیواری پارێزگا و ئیدارەی ئیتلاعاتی جوانڕۆ نووسیووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی ئەمڕۆ، هێزە ئەمنیەکان و سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران، بە شکاندنی دەرگای سەرەکی و پەنجەرەکان و دەرگای چوونە ژوورەوەی ماڵی مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی ئیمامی جوانڕۆیان دەستگیر کرد و لە کاتی دەستگیرکردندا هاوسەرەکەی لەلایەن بریکارەکانی ڕژێمی ئێرانەوە لێی دەدرێت.

 

لە ماوەی کەمتر لە سەعاتێکدا خەڵکی جوانڕۆ لەبەردەم پارێزگار و ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کۆبوونەوە و داوای ئازادکردنی ئیمامی جوانڕۆیان کرد.

 

پێویستە ئاماژە بەوەبدرێت بە هۆی کۆبوونەوەی زۆری خەڵکەوە، ئەفسەرەکان نەیانوێرا دەرگای ئەو بینایانە بکەنەوە و ڕووبەڕووی خەڵک ببنەوە و ئازادیخوازان دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر"یان لەسەر دیوارەکان و دەرگای سەرەکی قایمقامیەت و ئیدارەی ئیتلاعات نووسی.

 

هەروەها له شارەکانی ئێران خەڵک بۆ داواکاری و ناڕەزایەتی له سێداره دانی مه جیدرەزا ڕەنهوارد کۆبوونەوه و دروشمیان لە دژی حکوومەت دەوتەوە.

 

بە پێی ئەو هەواڵە بڵاوکراوانە، جگە لە هێرشکردنە سەر ماڵی مەجیدرەزا ڕەهنەوارد، هێزە ئەمنییەکان و سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران لە مەشهەد، دوکانەکەی باوکیان مۆر کردووە و شووشە و پەنجەرەکانیان شکاندووە، ئاو، کارەبا، گاز و تەلەفۆنیان بڕیووە.

 

خەڵکی شارەکانی مەشهەد، تاران، کەرەج، شیراز، یاسووج، لە گەڕەک و شەقامە جیاوازەکاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.