وردەکاری بومەلەرزەکەی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان
بومەلەرزەکەی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان هیچ زیانێکی نەبووە.
ناوەندی هەواڵ
شەوی پێنجشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٢ پلە شاری هەڵەبجەی هەژاند لە باشووری کوردستان و لە چەند شاری دیکەی کوردستان هەستی پێکرا، لەوانە مەریوان، سنە، بانە، کرماشان، جوانڕۆ، دیواندەرێ، کامیاران، مەهاباد، بۆکان ، پاوە و سلێمانی.
بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ناوەندی بومەلەرزەزانی ئێران ناوەندی بوومەلەرزەکەی وەک هەڵەبجە ڕاگەیاندووە، بەڵام ناوەندی بومەلەرزەزانی جیهانی شاری پاوە نیشان دەدات.
بە پێی هەواڵی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە پاوە و جوانڕۆ خەڵکی لە ماڵەکانیان هاتنە دەرەوە.
سادق مەحمودی، بەرپرسی ڕێکخراوی فریاگوزاری مانگی سووری ئێران ڕایگەیاند، فریاگوزاران لە کرماشان و کوردستان لە ئامادەباشیدان.
کاتژمێرێک دوای بوومەلەرزەکە، ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ میدیا ناوخۆییەکان ڕایگەیاند کە ئەم بوومەلەرزەیە هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لە کوردستان و کرماشان نەبووە.