ژنان کاردانەوە دژی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس نیشان دەدەن

ژنانی کورد دژی دووەمین کۆمەڵکوژی کورد لە پاریس هەڵوێستی خۆیان دەخەنەڕوو، ئاماژە بە پلانی پشتی هێرشەکە دەکەن کە پلان بۆ داڕێژراوە و دەوڵەتی تورکی فاشیزمی لەپشتە.

سلێمانی

 

دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس، کە دوێنێ، ٢٣ی کانوونی یەکەم لە ناوەندی هونەریی ئەحمەد کایا ئەنجامدرا، ناڕەزایەتی بەرفراوانی لێکەوتەوە و ژنانی کورد ئاماژە بەوەدەکەن کە پلانگێڕی لەسەر ژنانی کورد بەڕێوەدەچێت و دەوڵەتی تورکیای لەپشتە.

 

تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە پەڕەی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێی سەر ناوەندی هونەریی ئەحمەد کایا لە پاریس، کە تێیدا سێ کەس شەهید بوون و سێ کەسی دیکە بریندار بوون، نووسیویەتی: "گەلی كورد پێویستە ڕێگە نەدات ئەم تیرۆرە پلان بۆ دارێژراوەی میتی تورك و هاوكارەكانی، وەكو پرسێكی ڕەگەزپەرستی كەسێكی فەڕەنسی نیشان بدرێت، ڕەنگە پیلانەكە وا داڕێژرابێت بەو جۆرە بناسێندرێت و دواتریش وەكو نەخۆشێكی دەروونی كۆتایی بە دۆسیەكە بهێنرێت، دەیان بەڵگە و نیشانە هەن كە ئەم هێرشە تیرۆریستییە پیلانێكی تۆكمە وبەرنامەیەكی وردی بۆ داڕێژراوە".

 

لە کۆتایی نووسینەکەیدا وتویەتی: "حكومەتی فەڕەنسا بەرپرسیارە لە هەرچی زووە ئاشكرا كردن و ڕاگەیاندنی وردەكاری پیلانداڕێژەران و هاوكارەكانیان، شەهید نامرێ، هەڤاڵ ئامینە نامرێ".

 

"خەباتی ئێوە ژن، ژیان، ئازادی تەشەنە پێدا"

زەینەب بایەزیدی، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: ئەو جار بحەسێنەوە، ئەوەتا لە ژێر تێکۆشانی نەپساوەی ئێوەدا ژن، ژیان، ئازادی، لە هەر شوێنێک بەرز کراوەتەوە، هێرشی فاشیزم بۆ سەرمان دەرئەنجامی ئاستی بەرزە، خەباتی ڕێبەرانی وەک ئێوەیە، ئارام بگرن کە دەزانم چەندە بەدەست نامرۆڤەکان هیلاک بوون، چەندە بمانشکێنن وەک شووشە تیژتر دڵی فاشیزم دەبڕین، ئێوە رق و تینی پیرۆزمانن هەتا گەیشتن بە ئازادی.

 

پەروا عەلی، چالاکوان و پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە نووسیویەتی: ئاخۆ ھێرشکردنە سەر ناوەندی کولتووری ئەحمەد کایا لە پاریس ڕێکەوتە؟ یاخود پلان بۆ دارێژراوی دەوڵەتی تورکی فاشیستە؟ ھاوشێوەی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و ھاوڕێکانی کە چەند ڕۆژێک ماوە بۆ ساڵیادی ئەو تیرۆرە لە سەنتەری ئەوشارە گرنگەی دنیا، لەکاتێکدا وا ١٠ ساڵ تێپەڕدەبێت و بکوژانیان ئاشکرا نەکراون؟".